هەڵبژاردنی گشتی لە ¹ UK
هاوپەیمانی فاشیزمی ئیسلامی و ڕاستڕەوی پەڕگیر
5 مانگ لەمەوپێش
نەبەز ئەحمەد
دوای سەرکەوتنی بزوتنەوەی Brexit ئەمە سێهەمین هەڵبژاردنی گشتیە² کە لەماوەی 7 ساڵ لە UK ئەنجام دەدرێت، سەرەڕای ئەمەی سیستمی هەڵبژاردن لە بنەڕەتدا 5 ساڵ جارێکە و سیستمی سیاسیش فۆڕمێکی ترادشناڵانەی هەیە کە تەنیا دوو پارتی سیاسی خاوەن هەژمونی سیاسی زۆرینەن و حوکومەتیش لەسەر بنەمای زۆرینەی سادەیە، بەڵام چونەدەرەوەی UK لە یەکێتی ئەوروپا و هەژمونی سەرکەوتنی ئەم بزوتنەوەیە گۆڕانکاری جدی لە گفتوگۆی سیاسی و کەلتوریدا دروستکردووە، ئەم سیستەمە ترادشناڵەی ڕووبەڕووی دۆخێکی چارەنووسساز کردۆتەوە، بەتایبەت ئەم هەڵبژاردنە کە لەسەرەتای مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێت، بەگوێرەی ڕاپرسیە بەراییەکان سەرەڕای ئەوەی پارتی کرێکاران سەرکەوتنی مسۆگەر کردووە لەگەڵ ئەمەشا سەرەتای زەمەنێکی نوێی سیاسی و کەلتورییە لەم وڵاتەدا، بەڵام بۆچی ئەم هەڵبژاردنە یەکلاکەرەوەیە بۆ UK، چ پەیوەندیەکی بە ژیانی سیاسی و کەلتوری ئێمەوە هەیە؟
لەم هەڵبژاردنەدا گۆڕانکارییەکان لەکایەی سیاسیدا بەجۆرێکە کە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە تاوەکو ئێستا هاوشێوەی نەبووە، جیاوازی نێوان جەمسەر و ئایدۆلۆژییە سیاسیەکان هێندە ڕادیکاڵ و گەورە بووە لەسەر هیچ شتێک کۆک نین، پارتی کۆنزێرڤەتیڤ لە ئێستادا قوربانی سەرەکییە و پێناچێت وەک پارتێکی سیاسی چیتر بتوانیت بەرگری لە بوون و مانەوەی خۆی بکات و چاوەڕوان دەکرێت لەم هەڵبژاردنەدا نیوەی زیاتری کورسییەکانی لە دەست بدات. بەگوێرەی نوێترین ڕاپرسی دەزگای توێژینەوەی ( YouGov) ژمارەی کورسیەکانی کۆنزەرڤەتیڤەکان لە 365 بۆ 108 کورسی کەم دەبێتەوە و گومان دەکرێت نیوەی ئەمانەش دوای دەرچوونیان سەنگەر بگوازنەوە بۆنێو پارتەکانی دیکە، بۆیە چارەنوسی ئەم هێزە بەناچاری بریتییە لە چۆڵکردنی پێگەکەی بۆ هێزە ڕاستڕەوە پەڕگیرەکانی وەک بزوتنەوەی ڕیفۆرم کە لە هەڵکشانێکی خێرادایە بە سەرۆکایەتی نایگل فاراچ.
لەبەرامبەردا پارتی کرێکاران بەشێوەیەکی کاتی لەترسی هەڕەشەی چەپە پەڕگیرەکان چۆتە هاوسەرگیرییەکی سیاسییەوە لەگەڵ ئەم بەشە لە کۆنزێرڤەتیڤەکان کە لە ڕووی ئابورییەوە لیبڕاڵن و لەترسی ڕاست و چەپی پەڕگیر پارتی کرێکاران وەک باشترین چارەسەری خراپ هەڵدەبژێرن³. بەهۆی ئەم دووکەرتبوونەی کۆنزێرڤەتیڤەکان لەنێوخۆدا لەلایەک و مەترسی هەڵکشانی ڕاستڕەوەکان لەلایەکیترەوە، لە ئێستادا ئەم هەڵبژاردنە بەشێوەیەکی کاتی لەبەرژەوەندی پارتی کرێکارانە، بەگوێرەی هەمان ڕاپرسی سەرەوە ئەم پارتە زۆرینەیەکی سوپەر بەدەست دەهینێت کە چاوەڕوان دەکرێت 200 کورسی لە سەرووی زۆرینەی ئاساییەوە بەدەست بێنێت، واتا لە کۆی 650 کورسی پارتی کرێکاران 425کورسی بەدەست دێنێت. سەرەڕای ئەوەی سەرکەوتنەکە مسۆگەرکردنی پێگەیەکی زۆر بەهێزە بۆ کابینەکەی کێر ستارمەری سەرۆکی حزب، کە دەتوانێت بەبێ ئاستەنگ مانیفێستۆی حزب جێبەجێ بکات، بەڵام لەبەرانبەردا زۆرینەی ئۆپۆزسیۆن و دەنگی ناڕازی شەقام بریتییە لە ڕاستڕەوی توندڕەو کە لەم قۆناغەدا تەنیا لە خۆئامادەکردندان بۆ ئەوەی ببن بە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی، بەشی زۆری چاودێران و دەزگاکانی توێژینەوە و هزریی دۆخەکە، وای هەڵدەسەنگێنن کە هەنگاوی دوای ئەمە لێدانێکی زۆر هێواشی پێویستە لەلایەن ئەم ڕاستڕەوانەوە بۆ شکاندنی حکومەتی لەیبەر و گرتنە دەستی دەسەڵات، ئەمەش بەهۆی ئەو درز و کەلێنە ئەبەدی و ئەفسوناوییەوە کە هەرگیز لەیبەر ناتوانێت چارەسەری بکات و کۆنزێرڤەتیڤ وەک درزێکی ستراتیژی بەئەنقەست جێی هێشت بۆ تێکشکاندنی لەیبەر، ئەم درزەیش بریتییە لە قەیرانی پەنابەران، یان ئەوەی ڕاستڕەوەکان بە دەنگێکی زۆر بەرز گۆی دەکەن Mas Immigration.
بۆچی ئەم درزە ئەستەمە بتوانرێت پڕبکرێتەوە، بۆ هیچ هێزێکی سیاسی ناتوانێت کۆتای بەم قەیرانە بهێنێت؟ لە بارودۆخی ئێستادا گرفتی پەنابەران بۆچی بۆتە تەوەری سەرەکی؟
هەڵبەتە پرسیاری یەکەم پرسیارێکی گشتییە و پەیوەندی بەتەواوی کۆمەڵگاکانی دونیاوە هەیە بەڵام مەبەستی پرسیارەکە ئەمەیە بۆچی لە UK ناتوانرێت سیستمێکی هاوسەنگ و جێگر هەبێت کە بتوانێت بەرگەی قەیرانەکان بگرێت و ئەم درزە تا ڕادەیەک بشاردرێتەوە، وەڵامەکە زۆر بەکورتی ئەمەیە؛ قەیرانی پەنابەران دەرهاویشتەیەکی سروشتی کارکردی سیستمی ئابوری ئەم شانشینەیە، ئەم سیستەمە هەمیشە پێویستی بە سوپای ئامادەی بێکاران هەیە (مەبەست لێرە کرێکاری ئاساییە کە خاوەن هیچ پسپۆڕییەک نیە، یان دەستی کاری هەرزان) کە باڵانسی بازاڕ بە نرخێکی کەم ڕادەگرن. ئەم قەیرانە بەتایبەت لەدەرەنجامی گەشەکردنی سێکتەری خزمەتگوزاریەوە سەرچاوەی گرتووە (ئەم سێکتەرە لە ٪81 ئابوری ئەم وڵاتە پێک دێنێت) ئەم ڕووبەرە فراوانەی ئەم سێکتەرە ئابورییە بۆشاییەکی گەورەی لە بازاڕی کاری خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا دروستکردووە، ئەمەش تەنیا بە کرێکارێک پڕدەکرێتەوە کە پێویستییە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی لە ئاستێکی زۆر نزمدا بێت، تەنانەت نابێت لەنێو بازنەی چینی کرێکاراندا بێت، واتا دەبێت under class بێت، کە ئەمەش تەنیا پەنابەرانی وڵاتە هەژارەکان دەتوانن ئەنجامی بدەن ( بۆنمونە کرێکاری غەسلی سەیارە و دەلاکی، کە کوردەکان ئەنجامی دەدەن نمونەی کارەساتاوی ئەم دۆخەیە).
وەڵامی پرسیاری دووەم بریتییە لەوەی کە چارەسەرەکە دەسکاری سیستمی ئابورییە، ئەمەش پێوستی بە پارتێکی ڕادیکاڵە، واقیعیەتیش بریتییە لەوەی کە هیچ هێزێکی سیاسی ڕادیکاڵ لە سیستمی سیاسی UK شوێنی نابێتەوە، نوێترین نمونەش "جێرمی کۆربن" بوو کە چەند هەنگاوێک لە دەرگای ژمارە 10 نزیک بوویەوە، بەڵام لە بارودۆخێکی سحراویدا تەنانەت لە حزبەکەیشی دەرکرا.
دەربارەی پرسیاری سێهەم تەنیا پێویستە سەیری ئەم فاکت و ژمارانە بکەین. لەماوەی چوارساڵی ڕابردوودا لە هەر دەقیقەیەک پەنابەرێک هاتۆتە نێو UK، لە هەر دوو دەقیقە جارێک حکومەت پێویست بووە خانوو بۆ پەنابەرێک دابین بکات، یەک لەسەر سێی دانشوانی ئەم وڵاتە بریتییە لەو پەنابەرانەی کە تەنیا لەماوەی ئەم چوارساڵەدا گەیشتوون، تەنیا لە ماوەی دووساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 2.5 ملیۆن پەنابەر هاتۆتە UK. لە ئێستادا ڕێژەی پەنابەر لە UK نزیکەی ٪15 دانشتوان پێک دەهێنێت، کە دەکاتە زیاتر لە ١٠ ملیۆن پەنابەر، واتا لە هەر 7 کەس یەک کەس پەنابەرە ( ئەمە تەنیا ئەوانەی کە لەدەرەوە هاتوون و لەنێو ئەم وڵاتەدا لەدایک نەبوون، هەڵبەت ڕێژەکە زۆر لەمە بەرزتر دەبێتەوە ئەگەر ئەمانەش هەژماربکرێن کە لە uk لە دایکبوون و مناڵی ئەم پەنابەرانەن) بەگوێرەی بۆچوونی سیاسییەکان و ئابوریناسان ئەم ژمارە و ئامارانە ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە ژمارەکە هاوشانی پێویستییە ئابورییەکە نییە، پەنابەر لە چارەیەکی ئابورییەوە بووەتە گرفتێکی ئابوری، ئەمەش بەهۆی هەڵاوسانی ژمارەکەیەوە، بەجۆرێک بە گوێرەی ئاماری حکومەت ئاستی ستانداری ژیان لەم وڵاتەدا دابەزیوە و هەژاری هەڵکشاوە.
بەڵام سەرەڕای ئەم فاکت و ئامارانەی سەرەوە ئەوەی کە پێی دەوترێت قەیرانی پەنابەران لە UK لە بنەڕەتدا پرسێکی فیکری و کولتوورییە زیاتر لەوەی تەنیا ئابوری و سیاسی بێت، ڕاستییە شاراوەکانی پشتی ئەم گفتوگۆ سیاسییەی کە ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ خۆیدا هێناوە بۆتە تابۆیەک کە هیچ لایەنێک بوێری ناکات قسەی لەسەر بکات، چونکە هەر گفتوگۆیەکی جدی لەسەر ئەم فاکتە ڕاستەقینانە نرخە سیاسیەکەی پرسی پەنابەران بێ بەها دەکات و چیتر کارتێکی باش نابێت بۆ سواڵی دەسەڵات.
هۆکاری ئەوەی بۆچی ئەم پرسە لە ئاستێکی زۆر فراواندا بەم شێوەیە بە سیاسی کراوە دەگەڕێتەوە بۆ شاردنەوە و بەتابۆکردنی قسەکردن لەسەر هەقیقەتی پرسەکە، کە ئەمیش بریتییە لەوەی پرسی پەنابەران لە UK (تەنانەت لە تەواوی وڵاتانی خۆرئاوادا) بریتییە لە گرفتی کەلتوری و ئایدۆلۆژی نەوەک ئابوری، بۆ نمونە هەمیشە کە قسە لەسەر ئەم پرسە دەکرێت ڕاستەوخۆ ئاماژە بە پەنابەرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرز و نزمی ڕێژەکەیان4، بە کورتی قەیرانی پەنابەران هەمیشە هاوشان بووە لەگەڵ پرسی ئەخلاقیاتی ئیسلامی و ڕەتکردنەوەی بەها لیبڕاڵ و دیمۆکراسییەکانی خۆرئاوا، بۆیە فۆکەسکردن لەسەر بەرزبونەوەی ڕێژەی پەنابەران لە بنەڕەتدا نیگەرانییەکی ئابوری نییە بەڵکو ترسە لە لێکەوتە کەلتورییەکانی. بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە خۆرئاوا خاوەن گوتارێکی ئەقڵانی و زانستی نییە کە لە چییەتی ئەم پرسە بکۆڵێتەوە و خاوەن دونیابینییەکی ڕوون بێت، بە پێچەوانەوە پرسی پەنابەرانەوە لە ڕێگای ئەخلاقیاتی Cancel Culture و Political Correctness بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک چەمکی ناڕوون و پڕ لەکێشەی وەک ئیسلامۆفۆبیاوە، stereotype و ڕەگەزپەرستی سێستماتیکی، Xenophobia ، Privilege ، Inclusivity گفتوگۆی دەربارە دەکات، ئەم سادەکاری و رۆمانتیسیسزمەش زیانێکی گەورەی لە پرسەکە داوە و بۆتە هۆی داخستنی تەواوەتی دەرگا بەسەر هەر تێگەیشتنێکی جدی و زانستی، لە بەرانبەردا سودێ ئێجگار نایابیشی بە هێزە فێندەمێنتاڵەکان بەخشیووە.
بەهۆی غیابی گوتاری فەرمی ئەخلاقیاتی لیبڕاڵەکانەوە، جیهانی خۆرئاوا لەڕێگای گوتاری سادەگۆیی و هەرزەیی ماس میدیاوە قسە لەسەر پرسی پەنابەران دەکات، هەڵبەت ماس میدیاش وەک ئاشکرایە خاوەن گوتاری ئەقڵانی نییە و کەرستەیەکە لەژێر دەستی گوتارەکانی دیکەدا، بۆیە جگە لە ئەخلاقیاتی خواستی ڕۆژانەی بینەر کە لەئێستادا بریتییە لە کولتوری ڕەتکردنەوە و Political Correctness شتێکی دیکەی نییە بتوانێت لە ڕێگایەوە مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا بکات، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ماس میدیا زیاتر وەک هەرزەکارێک ڕەفتار بکات، وەک دەبینین ئەم دەزگا قەبەو زلە جگە لە کاردانەوە ناتوانێت لەهیچ بگات و زۆر دڕندانەش پەلاماری هەرجۆرە هەنگاوێک دەدات کاتێ دەزگایەک، لێکۆڵەرێک یان بیرمەندێک بیەوێت جیا لەزمانی ئەمان لە پرسی پەنابەران نزیک ببێتەوە، تەنانەت ئەخلاقیاتی چەوساندنەوەی ژنان و مناڵان و توندوتیژی لەسەر بنەمای شەرەف و جێندەری کە دیاردەیەکی باوە لای پەنابەرەکانی جیهانی ئیسلامی، بۆتە تابۆیەک هیچ دەزگایەکی ئەکادیمی و زانستیش بوێری ناکات گفتوگۆی لەسەر بکات، فاشیزمی دینی لەوپەڕی چالاکی خۆیدایە لەنێو ئەم پەنابەرانەدا، کەچی لۆژیکی ماس میدیا لە ڕێگای چەمکێکی وەک ئیسلامۆفۆبیاوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دیاردەیە دەکات کەبۆتە ڕوپۆشێکی ئاسنین لەدژی هەر ڕەخنە و دونیابینیەکی نوێ دەربارەی ئاین، وەک ڕوونیشە ئەم چەمکە لە ئێستادا بە باشترین شێوە ئەم فاشزمە دەپارێزێت کە لەدەرەنجامی ئەمەدا بۆتە هۆی گەشەکردنی فانەتیکێکی دینی و خێڵەکی لەنێو جەرگەی خۆرئاوادا، کە لە عێراق و ئەفغانستاندا هاوشێوەی نییە5.
بەم شێوەیە لە دەرەنجامی جێهێشتن و بەلاوەنانی پرسی پەنابەرانەوە لەلایەن دەزگا زانستی و ئەقڵانییەکانی خۆرئاواوە، ئەم پرسە کەوتۆتە ژێر ڕەحمەتی ماس میدیا، ئەویش وەک کەرستەیەک لەسەر ئەم پرسە خواستی دوو گوتار پەخش دەکات، گوتاری فاشیزمی ئیسلامی لەلایەک کە وەک نوێنەری ڕاستەقینەی پەنابەران خۆی نمایش دەکات، گوتاری هێزە ڕاسترەوە پەڕگیرەکان لەلایەکی دیکەوە کە وەک نوێنەری کۆمەڵگا خۆرئاواییەکان خۆیان پێشکەش دەکەن. هەڵبەتە لە ڕووکاردا وا دەردەکەوێت ئەم دوو گوتارە ڕادیکاڵانە دژن، بەڵام بۆ مرۆڤێکی ئاساییش ڕوونە کە ئەخلاقیاتی ئیسلامی و ئەخلاقیاتی ڕاستڕەوی پەڕگیریی خۆرئاوا ناکۆک نین بەڵام لە ڕووی ستراتیژەوە هاوپەیمانن، هەردوو هێزەکە دانسێکی نایاب بەیەکەوە دەکەن کە هەریەکەیان دەزانێت ئەویتر پێشمەرجی بوونی ئەوەی دیکەیانە، پاشەکشە و لەنێوچونی یەکێکیان هەڕەشە و مەترسییە بۆ سەر ئەویتریان6.
پەیوەندی ئەم دوو گوتارە پەیوەندیەکی پارادۆکسیکاڵە، لەسەر دژایەتیەکی سەڕێژ لە هاوتەبایی بونیات نراوە، بۆ ئەوەی بتوانن بوونی خۆیان بپارێزن ناچارن ببن بە هەڕەشە بۆسەر یەکتری، واتا پەیوەندیەکە لەخودی دژایەتیەکەدایە، لەگەڵ ئەوەی دەبێت ناکۆکییەکە تا ئەوپەڕی سنور بڕوات بەڵام ئەمە لەپێناو لەنێوبردن و سڕینەوەدا نییە بەڵکو لەپێناو گەورەکردن و زیاترکردنی هەڕەشەکەدایە کە وزەی ژیانی ئەم دوو گوتارە دابین دەکات. ئەمەش لە شێوەی کارکردی ئەم گوتارانەوە دەردەکەوێت، کارکردی ئەم دوو گوتارە بریتییە لە بەدیهێنانی ئامانجی باڵا یان گەیشتن بەخاڵی پەتی کە بریتییە لە بەدیهێنانی کەلتوری بێگەرد و پەتی کە پاکژکراوەتەوە لە هەر جۆرە خەوش و زیادەیەک، بەڵام بۆ هەر کەسێکی خاوەن هۆش ئاشکرایە کە ئەم بێگەردییە گۆڕستانە نەوەک کۆمەڵگای مرۆیی، بێگەردی تەنیا ئەو کاتە فۆڕمێکی مانایی لە هۆشی مرۆڤ وەردەگرێت کاتێک زیادە و پیسی ئامادەبێت. بەمجۆرە کارکردەکە بریتییە لەوەی کە خودیی ئامانجەکە خۆی ئامرازە و هەر ئەم ئامرازبوونەشی جەوهەرەکەیەتی، واتا شەڕێکی ناکۆتا لەسەر ناوی بێگەردی لەڕێگای پاراستن و گەورەکردنی هەڕەشەی گەماری و گەندەڵییەوە.
لەماوەی زیاتر لە 30 ساڵی ڕابردوودا بزوتنەوە فاشییە ئیسلامییەکان و ڕاستڕەوە پەڕگیرەکان لە جیهانی خۆرئاوادا ئەم ڕۆڵە بۆ یەکتری دەگێڕن، هەریەکەی ڕۆڵی گەمار و زیادە بۆ ئەوەی دیکەیان دەگێڕێت و بە زیادکردنی قەبارەی دوژمنەکەی قەبارەی خۆی دوو ئەوەندە زیاد دەکات. لەلایەک گوتاری فاشستی ئیسلامی وێنەی خۆی وەک هەڕەشە دەخاتە خزمەتی ڕاستڕەوی توندڕەو و دژایەتی سەرلەبەری تەواوی بەها کەلتوری و سیاسیەکانی ئەم کۆمەڵگایانە دەکات و هەڕەشەی فەتح و چەسپاندنی شەریعەتی ئیسلام دەکات، لەبەرامبەردا کاردانەوە و هەڕەشەی ڕاستڕەوەکان وەک دیاری وەردەگرێت کاتێک ئەمانیش فۆبیائاسا داوای ڕاپەرین دەکەن لە دژی ئەم هەڕەشەیە، بۆ نمونە نایگل فاراج تا ئێستاش دەستەواژەی داگیرکاری بەکاردێنێت بەرامبەر بە هاتنی پەنابەران بۆ UK و ناوی چەندین شەقام و گەڕەک دێنێت کە هیچ کەسێک زمانی ئینگلیزی نازانێت و بەتەواوی ڕەتی سەرجەم بەها کەلتورییەکانی ئەم وڵاتە دەکەنەوە.
هەڵبەت ئەم یارییە مەترسیدارە کاریگەرییەکانی لە ئێستادا گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار و لە تەواوی وڵاتانی خۆرئاوادا بزوتنەوە ڕاستڕەوە پەڕگیرەکان کاریگەری گەورەیان لەسەر شەقام داناوە و بزوتنەوە فاشیستیە ئیسلامیەکانیش بەتەواوی کۆنتڕۆلی ڕەوەند و کۆمیونیتی پەنابەرانیان کردووە و هەژمونی تەواویان لەسەر دونیابینی پەنابەران داناوە، بەجۆرێک ئەم ئەخلاقیاتە فاشیستییە لە ئێستادا بۆتە وەجهی پەنابەران لە کۆمەڵگا خۆرئاواییەکاندا. یارییە مەترسیدارەکەش ئا لێرەوە دەستپێدەکات کە ئەخلاقیاتی فاشیستی ئیسلامی لەخۆرئاوادا زۆر بە هۆشیارانە ڕۆڵێکی ستراتیژی دەگێڕێت لە گواستنەوەی دەسەڵات لە ڕاستڕەوی نێوەڕاستەوە بۆ ڕاستڕەوی پەڕگیری، وەک ئەمەی لە ئێستادا لە فەرەنسا و UK دەیبینین، بەشێکی دیار لە بیرمەندان و چاودێرانی سیاسی و ئابوری، پێیانوایە ئەم دۆخە هاوشێوەی قۆناخی گواستنەوەی ساڵەکانی دوای 1930یە، کە ڕاستڕەوی میانڕەو شوێنی چۆڵکرد بۆ پەڕگیرەکان و دواجار بەهاتنە سەرکاری نازییەکان کۆتایی هات 7.
هەڵبەت ڕاستڕەوی پەڕگیر بەر لەجەنگی جیهانی یەکەم پێویستیان بە کات و پڕوپاگندەیەکی زۆر بوو تا جەماوەر لە دەوری ئەفسانەیەک کۆبکەنەوە کە گوایە هەڕەشە لەسەر بێگەردیی کەلتوری هەیە، بەڵام لە ئێستادا بزوتنەوە فاشیستە ئیسلامییەکان ئەم ئەرکە وەک دیاری و بەخۆڕای پێشکەشی ڕاستڕەوی پەڕگیر دەکەن، چەپی توندڕەویش هۆشیارانە پاڵپشتی لەم هەنگاوە خەتەرناکە دەکات و بۆتە هاوپەیمانی ئەم ئەخلاقیاتە فاشیستییە و بە ئەنقەست دنەی ئەم بزوتنەوە ئیسلامییانە دەدەن تا زیادەڕۆیی لە بانگەوازە فاشیستییەکانیاندا بکەن، ئەم تاکتیکانەی چەپی توندڕەو هێندە ناشرین بووە تەنانەت حزبی کۆمیونیست بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپە ئیسلامییە پەڕگیرەکان خۆپشاندانی ناڕەزاییان ئەنجامدا دژی کوشتنی قاسم سلێمانی، لە خۆپشاندنی دژ بە ئیسرائل لە لەندەن کۆمیونیستەکان لەگەڵ ئیسلامییەکان تەکبیری اللە اکبر یان دەوتەوە و داوای سڕینەوەی ئیسرائیلیان دەکرد لەسەر نەخشەی جیهانی.
هەڵبەتە ئەوەی لێرەدا خاڵی جەوهەریە ئەوەیە کە گواستنەوەی دەسەڵات لە ڕاسترەوی میانڕەوەوە بۆ ڕاستڕەوی پەڕگیر کردەیەک نییە جارێکی دیکە ئاوەژووبکرێتەوە، سەرکەوتنی ترامپ دیمۆکراسی ئەمەریکای لە شەڕی نێوخۆ نزیک کردووەتەوە، بەشی زۆری چاودێران و لێکۆڵەرانی سیاسیش باوەڕیان وایە لە ئەوروپا دۆخەکە بە پاسیڤبوونی یەکێتی ئەوروپا و وەستانی گەشەی دیمۆکراسی و سەرکەوتنی پڕۆژەی پۆتین کۆتایی دێت8. بەڵام ئەم گۆڕانکاریانە بەتەنیا چەند گۆڕانکاریەکی نێوخۆیی و لاوەکی نین، هەر کەسێک کە خاوەنی زانیارییەکی سەرەتاییە ئەمە دەزانێت کە لێکەوتەکانی ئەم گۆرانکارییانە جیهانیین بەتایبەت بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکارییەکان ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەیان دەبێت. بەکورتی سەرکەوتنی بەرەی ڕاستڕەوی پەڕگیر بۆ دونیای ئێمە بریتییە لە کۆتایی هاتنی هەر خەونێک بۆ بەرگری کردن لە ئازادییە سیاسییەکان و بەها گەردونییە ئینسانییەکان، بریتییە لە داخرانی کەلتوری و وەستانی هەر جۆرە پڕۆسەیەکی بەمۆدێرنکردنی کەلتوری و نزیکبوونەوە لە بەها لیبڕاڵەکانی جیهانی خۆرئاوا، بەمانایەکی دیکە، سەرکەوتنی پەڕگیری ڕاستڕەو بریتییە لە داخستنی هەر ئاسۆ و هیوایەک بۆ گۆڕانکاری لە دونیای خۆرهەڵاتدا، ئەمەش هەر ئەو ئامانجەیە کە ئەخلاقیاتی فاشیستیی ئیسلامی زۆر بە تۆکمەیی کار بۆ وەدیهێنانی دەکات.
- لە ئەدەبیاتی نوسینی کوردیدا بەتایبەت لە زمانی ڕۆژنامەوانیدا زۆر بەکەمی جیاوازی دەکرێت لەنێوان ناوی شانشینی یەکگرتوی بەریتانیا کە کورتکراوەکەی بریتییە لە UK لەگەڵ ناوی بەریتانیا. ئەمانە جگە لەوەی دوو ناون کە نوێنەرایەتی دوو قەوارەی سیاسی تاڕادەیەک جیاواز دەکەن، لە هەمانکاتیشدا دوو ئایدیای سیاسین کە بەتەواوی یەک مانا نادەن بەدەستەوە. بەریتانیا بریتییە لە قەوارەیەکی سیاسی و ئیداری کە لە هەرسێ نەتەوەی ئینگلیز، وێلش و سکۆتلاند، لەبەرامبەردا UK بریتییە لە ئایدیا و قەوارەیەکی سیاسی و سیستەمێکی ئیداری کە لەچوار نەتەوە پێکهاتووە، کە بریتیین لە سێ نەتەوەکەی سەرەوە لەگەڵ ئێرلەندای باکور. هەڵبژاردنی گشتی بۆ پەڕلەمانی وێست منستەر لە لەندەن لەسەر ئاستی UK دەکرێت نەوەک بەریتانیا.
- هەڵبژاردنەکە لە 4ی تەموزی مانگی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت.
- کیرستارمەر ساڵی ڕابردوو لە کۆنفراسی Progressive Britain conference وتی لەیبەر بریتییە لە لە کۆنزێرڤەتیڤی ڕاستەقینە.
- بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەت ڕێژەی پەنابەرانی وڵاتانی باشور و خۆرئاوای ئەفریقا و هیندستان زۆر بەرزترە لە پەنابەرانی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسلامی. بەڵام سیاسیەکی وەک نایجل فاراج هەرگیز بەبێ ڕادیکاڵیەتی ئیسلامی قسە لەسەر پرسی پەنابەران ناکات.
- دەربارەی چەمکی ئیسلامۆفۆبیا و مامەڵەی خۆرئاوا لەگەل ئەم چەمکە بڕوانە ئەم وتارەی ماردین ئیبراهیم لەم لینکەدا ( https://jineftin.krd/2024/05/23/%d8%a6%db%8c%d8%b3%d9%84%d8%a7%d9%85%db%86%d9%81%db%86%d8%a8%db%8c%d8%a7-%d8%a6%db%8c%d8%b3%d9%84%d8%a7%d9%85%db%86%d9%81%db%86%d8%a8%db%8c%d8%a7-%d9%88%db%95%da%a9-%d8%aa%d8%a7%d8%b1%d9%85%d8%a7/ )
- هەروەک دەیبینین هەمان یاری لەنێوان بزوتنەوەی حەماس و هێزە ڕاستڕەوە پەڕگیرەکانی ئیسرائیلدا ئەنجام دەدرێت.
- چاوپێکەوتنێکی yanis varoufakis وەزیری پێشوتری دارایی یۆنان و ئابوریناس.
- هەر یەک لەم نوسەرانە ( Robert Kagan، Anne Applebaum، Timothy Snyder ) کۆمەڵێک کاری گرنگیان هەیە دەربارەی هەڵکشانی بزوتنەوە پەڕگیرەکان و لێکەوتەکانی لە وڵاتانی دیمۆکراسی خۆرئاوادا.