موصل و حەلەب بۆ کاولکران؟!

5 مانگ لەمەوپێش



 جوتیار رەشید  

موسا عەنتەر لە کتێبی بیرەوەریەکانمدا لە لاپەڕە 33، باسی بەسەرهاتی سونەتکردنی خۆی دەکات و دەنووسێت: ئەو ڕۆژەی سونەتکرام، سەر جێگایەکیان لە قوماشی [موصلی و شامی] بۆ دروستکردبووم.

تەواوی برینەکەشم بەو گیا دەرمانیانە ساڕێژکرا کە لە گوڵ و گیاسروشتیەکانی چیاکانی کوردستانی خۆمانەوە بەرهەم هێنرابوون.

لەبەرئەوەی ئاپێ موسا لەدایکبووی ساڵی 1920ــە، کەواتە سونەتکردنەکەی دەکەوێتە سەرەتاکانی دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە، واتە سەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوو.

ئەو سەردەمە تورکیا قوماشێکی ئەوەندە باشی نەبووە شایستەی کوڕە شێخێکی گوندنشین بێ؟! باشترین جۆرەکانی قوماشی ئەو سەردەمە موسڵی و شامی بوون؟! یەکێک لە بنەماکانی زلهێزی، ئابوری بەهێز و پیشەسازییە، تورکیای سەرەتای گرتنەدەستی دەسەڵاتی ئەردۆگان زیرەکانە ئەوروپییەکانی هەڵخەڵەتاند بەوەی فۆڕمێکی مۆدێرنی دەسەڵاتی ئیسلامی پێشکەش دەکەن، لە سایەی ئەو پشتگیرییەی ئەوروپییەکانەوە توانیان گەشەیەکی خێرا لە ئابوری و پیشەسازیی تورکیادا بهێننە ئاراوە.

ئەی بەرهەمەکانیان لە کوێ ساغ بکەنەوە؟ لەکاتێکدا دوو ناوەندی پیشەسازی ڕەسەن و جۆری متمانە پێکراو لە بن باڵیان ڕێگرە لەو کارەیان [پیشەسازی موسڵی و شامی].

دوای ئەوەی لەگەڵ ئەوروپییەکان لە یەکتر ئاشکرابوون، بە تایبەتیش دوای ئەوەی ئەوروپییەکان بۆیان ساغبووەوە کە تورکیا باوکی یەکەمی داعشە.

تورکیا ڕاستەوخۆ داعشی ئاراستە کرد بۆ کاولکردنی ئەو دوو ناوەندە پیشەسازیەی ئێراق و سوریا لە هەردوو شاری موسڵ و حەلەب.

بەشێکیش لە دیدی ستراتیجی سوتاندن و داگیرکاری تورکیا و کۆی داگیرکەرانی کوردستان بۆ شاخەکانی کوردستان سەرەڕای پێگەی ستراتیجی ئەو ناوچە شاخاویانە لە ڕووی سەربازییەوە، دەوڵەمەندی ئەو ناوچانەیە بە هەزاران جۆر گوڵ و گژ و گیای سروشتی، کوردستان لە ڕیزبەندی دە یەکەمەکانی جیهانە لە ژمارە و جۆری گوڵ و گیای سروشتی، بەتەنها هێندەی نزیکەی هەموو ئەوروپا گوڵی سروشتی تێدایە.

لە هەر ئەگەرێکی دەسەڵاتدارییەکی ڕەسەنی نیشتیمانییدا لە داهاتوودا تەنگ بە کەرتی دەرمان و بۆن و خۆراکی سروشتی تورکی هەڵدەچنێت.

داگیرکەران ئاوا پیلانی ستراتیجیان بۆ داناوین؟! دەسەڵاتدارە ئەقڵپووکاوەکانی هەرێمیش، لە کاتێکدا تانک و دەبابەی تورک چارەکێکی خاکەکەی  داگیرکردووین، پشتیان کردووەتە تانک و تۆپی تورک و ڕویان لە براکانی خۆیان کردووە و یەخەیان دەگرن لەسەر شێواز و کاتی هەڵبژاردن! بۆیە پێویستە هەمووان ئەوە بزانن تاکە دەرچە تێپەڕاندنی ئەو فۆڕمە بەسەرچووەیە لە بەناو سەرکردە و دووبارە متمانە دانەوەیە بە دەستەبژێرێک لە کوڕ و کچە بوێرەکانی ئەم وڵاتە بۆ وەرچەرخانێکی مێژوویی.

ئەوە شەڕێکە هەردەبێ بیکەین ئەمڕۆ یان سبەی.

دەیان ساڵە ئەو شەڕە یەکلاکەرەوەیەمان دواخستووە، بۆیە ڕۆژ بەڕۆژ خوێن بەربوونەکەمان زیاتر دەکات

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار