چالاکوانە مەدەنییەکان دژی لەشکر کێشیەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان داوای هەوڵوێست وەرگرتن دەکەن

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

چالاکوانانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان دەڵێن: ناڕەزایی تووندی خۆمان دەردەبڕین، دژی لەشکرکێشیی سەربازیی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناو قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان و داگیرکردنی ژمارەیەک گوندی سەر سنوور لە دەڤەری بادینان و دانانی بازگەی سەربازی، هەروەها داوای هەڵوێست وەرگرتن دەکەن.

ئەمرۆ ژمارەیەکی زۆر لە  چالاکوانە مەدەنییەکان و کەسایەتییەکانی هەرێمی کوردستان دژی لەشکرکێشی و بۆردوومان و تێکدانی ژیگەی هەرێم بەیاننامەیەکی ناڕەزاییان ئاراستەی حزبەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

دەقی بەیاننامەکە:

بۆ/ بەڕێزان: 

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان –عێراق حکومەتی هەرێمی کوردستان – عێراق مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان مەکتەبی سیاسیی حیزبەکانی تری هەرێمی کوردستان.

   بەناوی ژمارەیەک چالاکی مەدەنیی هەرێمی کوردستان، نیگەرانی قووڵ و ناڕەزایی تووندی خۆمان دەردەبڕین سەبارەت بە لەشکرکێشیی سەربازیی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناو قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان و داگیرکردنی ژمارەیەک گوندی سەر سنوور لە دەڤەری بادینان و دانانی بازگەی سەربازی و ناچارکردنی دانیشتوانی هەندێک لەو گووندانە تا ناوچەکانی خۆیان چۆڵ بکەن کە بێگومان ئەم ڕەفتارانەش پێشێلکردنێکی بەرچاوی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە.

ئێمە سەرەڕای تێگەیشتنمان لەو ئاڵنگارییانەی کە لەو سنوورەدا ڕووبەڕووی ئاسایشی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە ، درک بەو ڕاستییەش دەکەین کە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە دەبێت لە ڕێگەی هاوکاریکردنی یەکتر و هەوڵدان بۆ فەراهەمکردنی ئاشتی و ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی یەکتری و لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتی و دەستوەرنەدان بێت لە کاروباری یەکتری.

بەپێچەوانەی ئەمانەوە، بۆمبارانکردن و داگیرکاری و لەشکرکێشیی سەربازی و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان، تووندوتیژیی زیاتر بەرهەم دەهێنێت و دەبێتە مایەی نائارامی و تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە. ئێمە سەرەڕای نیگەرانیمان بەرامبەر ئەم پێشێلکاری و داگیرکاری ولەشکرکێشیە سەربازییەی دەوڵەتی تورکیا، نیگەرانین لە بێدەنگیی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەک ئەوەی پێمان بڵین بێدەنگیمان نیشانەی ڕازیبوونمانە بەوەی کە دەگوزەرێت.

قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان- عێراق بەرهەمی خەباتی بێوچان و ڕەنج و کۆششی نزیکەی سەد ساڵی ڕابردوی گەلی کوردستانە کە بە درێژایی ئەو مێژووە ڕووبەڕووی پاکتاوی نەژادی و کۆمەڵکوژی و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و سوتماککردنی خاکەکەی بۆتەوە، لەبەرئەوە بێدەنگبوون لەم دۆخە مەترسیدارە و بەشداریکردن لەگەڵ سوپای دەوڵەتی تورکیا لەو گەمەیەدا بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی یەکجار گەورەیە و قوومارکردنە بە خاکی کوردستان و چارەنووسی گەلەکەی لە ئێستا و ئایندەدا.

هەر بۆیە داواتان لێ دەکەین بێدەنگی بشکێنن و ڕاشکاوانە بیروبۆچوون وهەڵوێستە سیاسی و دیبلۆماسییەکانتان بۆ میللەتەکەی خۆتان ڕوون بکەنەوە، واز لە چرپەچرپ وگفتوگۆی ژێربەژێر بهێنن و بە دەنگێکی دلێر لەگەڵ هاوڵاتییەکانی خۆتاندا بدوێن و ئەستۆی خۆتان لەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە پاک بکەنەوە.

کاتی ئەوەیە هەموومان بە یەک دەنگ بڵێین نا بۆ داگیرکاری ولەشکرکێشیی سەربازیی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم و پێکەوە داوا لە دەسەڵاتە فیدڕالییەکانی عێراق بکەین کە هەڵوێستێکی بەپەلە و کاریگەریان هەبێت بەرامبەر بەم کردەوانەی دەوڵەتی تورکیا، هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەین سنوورێک دابنێت بۆ لەشکرکێشی و دەستوەردانەکانی تورکیا لە کاروباری هەرێمی کوردستان و ڕێز لەو یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتیانە بگرێت کە پەیوەندی نێوان دەوڵەتەکان ڕێک دەخات.

کۆمەڵێک چالاکی مەدەنی  سلێمانی ٢/٧/٢٠٢٤

  ناوەکان:

1- کاوان فەرەج عەلی ... چالاکوانی مەدەنی و راوێژکاری دارایی

2- سەفوەت سدقي ... پارێزەرو ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان (قۆناغی راگوزاری)

3- طیب جەبار ... ئەندازیارو نوسەر.

4- محەمەد کەریم ...جێگری سەرۆکی مونتەدای ئابوریناسانی کوردستان ... سەرۆکی پێشووتری دەستەی وەبەرهێنان

5- خەبات عەبدوڵڵا ... نووسەر و رۆژنامەنووس 6- گەشە دارا حەفيد ... پارێزەرو ئەندامی پێشووتری پارلەمانی کوردستان

7- د. کامەران قەرەداخی ...ئەکادیمی و پزیشکی پسپۆڕ.

8- د. رازاو مەحمود فەرەج ... ئەکادیمی و ئەندامی پێشووتری پارلەمانی کوردستان

9- تەحسین قادر ... وەزیری پێشووتری سەرچاوەکانی ئاو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

10- پەروا عەلی... ئەندامی پێشووتری پارلەمانی کوردستان.

11- مەحمود رەزا ئەمین... ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

12- ئارام جەمال... چالاکوانی مەدەنی و شارەزا لەکاروباری هەڵبژاردنەکاندا.

13- د. پەروین نوری عارف ... ئەکادیمی و شارەزا لە مێژووی زارەکی

14- ئەبوبەکر عومەر عەبدوڵڵا ... ئەندامی پێشووتری پارلەمانی کوردستان

15- شۆڕش ئەمین ... چالاکوانی مەدەنی.

16- ستارە عارف... نوسەر و رۆژنامەنووس

17- د. شێرکۆ حەمە ئەمین ... ئەندامی پێشووتری پارلەمانی کوردستان

18- فەرەیدون عومەر ... بەڕێوەبەری پێشووی هاتوچۆی سلێمانی

19- نەوزاد مەجید شەریف... مافناس

20- ئیبراهیم مەجید فەرەج ... مامۆستای زانکۆ

21- د. دارا محەمەد جەمیل ... ئەکادیمی و راوێژکاری وەزارەت

22- موحسین ئەدیب... بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی

23- بابەکر دڕەیی ... نوسەرو رۆژنامەوان

24- شوان عەبدوڵڵا تۆفیق... زیندانی سیاسی

25- عەبدولڕەحمان قادر غەفور. ..زیندانی سیاسی

26- جەمال شێخ جەلال... فەرمانبەری خانەنشین

27- رێبوارحەمە ئەمین ... خاوەنکار

28- ئیبراهیم ئەحمەد ساڵح... فەرمانبەری خانەنشین.

29- هۆمەر محەمەد ...نوسەرو چالاکوانی مەدەنی.

30- بابان جەعفەر .... چالاکوانی مەدەنی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار