ڕیشەکانی چەمکی موحتاجییەت لەناو ئێستای کۆمەڵی کوردیدا
5 مانگ لەمەوپێش
شارۆ شاهۆ
لەم ڕۆژانەی ڕابردوو لە بازاڕ گوێم لە چەلەحانێی چەند کاسبکارێک بوو کە بە دووبارەکردنەوەی زیاد لە چەند جارێک بە یەکترییان دەگوت؛ هەتاکوو من مابم ناهێڵم «موحتاج بن» لە گوزەرەکەدا.
هەر لەوێدا بیرم بۆ ئەوە چوو کە بۆ دەبێت کەسێکی ئەکتیڤی ناو سۆشیاڵ میدیا بتوانێت کاریگەری بەسەر زمانی کولتووری خەڵکەوە هەبێت لە فەزای گشتییدا؟
لە هەمان کاتدا، ئەو هەموو نووسین و کۆکارییە هەیە لە خزمەتی کولتووریدا، بەڵام لە فەزای گشتیدا ڕەنگدانەوەی نییە؟
من تێدەگەم کە خەباتی کولتووری و ڕۆشنبیری هێندە ئاسان نییە کە بە خێرایی کاریگەری خۆی جێ بهێڵێت و کاتی گەرەکە.
خەڵکیش لەناو فەزای گشتیدا ڕەنگە هیچ ئەرزشێکیان بۆ ئەو پشوو درێژییە نەبێت و خەمی خۆناسین بابەتێکی ئەوتۆ نەبێت بۆیان.
ڕاوەستان لەسەر کارەکتەری «گوڵخاڵۆ، ناهێڵم موحتاج بن» بە بڕوای من گرنگە و دەبێت لێی ڕابمێنین.
کارەکتەری کۆمەڵی کوردی هەر لە ڕابردووەوە هەتاکوو ئێستا زۆر بەرکەوتنی لەگەڵ دۆخی ئاوارتەیی هەبووە.
بۆ نموونە کاتێک قەیرانەکان دروست دەبێت، ئیتر کوڕ ئەو کوڕەیە کە بتوانێت ئازووقەی و یەدەگی خۆی بخات، هەتاکوو نەهێڵێت کە خێزانەکەی موحتاج بن، بۆ نموونە قەیرانی کەمی و گرانی نەوت لە زستاندا، قەیرانی دەمامک لە کۆرۆنادا، قەیرانی کەمی ئازووقە و بە پەلە کڕینی، لە ساتەوەختی ڕیفراندۆمدا کە من هەر بە چاوی خۆم دیومە مارکێت بەر نەکەوتووە لەبەر لێشاوی شتکڕینی هاوڵاتییان، تەنیا لە پێناو ئەوەی ئەو فەزیلەتەی هەبێت کە چواردەورەکەی لە موحتاجبوون بپارێزێت، ئیتر گرفتێک نییە ئەوی تر یان دراوسێکەی موحتاج ببێت یان نا؟
گرنگ ئەوەیە ئەم بتوانێت لەو پێگە دەسەڵاتخوازییەدا خۆی بنوێنێت، هەر ئەم ئەقڵێتەیە کە تاکی کوردی پەکخستووە و ناتوانێت لە چوارچێوەی پەیوەندیی نێوان «سەردار- کۆیلە» ڕزگاری ببێت، کە هەر لە خێزانەوە درێژ دەبێتەوە بۆ کۆی لایەنەکانی دیکەی ژیانی کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیستەمی حوکمداری و دامەزراوەکانی دەسەڵات.
بە بڕوای من ڕەهەندێکی دیکەی ئەم پرسە، ڕەهەندێکی پیاوسالاریانەیە، کە پیاو لە کۆمەڵی کوردەواریدا کۆشش دەکات بۆ ئەوەی ڕەنجی ژن بخاتە لاوە، تەنیا بۆ ئەوەی بڵێ من ئەرک دارم بەوەی کە نەهێڵم موحتاج بن.
ژنیش ئەم ئەرکەی بۆ پیاو جێ هێشتووە و ڕادەستی ئەم ژێر دەستەییە بووە.
تەنانەت ئەگەر سەیری گوتاری ئایینی هێزە نەریتخوازییەکان بکەین هەر هەمان شتە و تێیدا پیاو زاڵە، چونکە ناهێڵێت خێزانەکەی موحتاج بێ کەواتە دەبێت ڕەوایەتی بۆ نیشاندانی باڵادەستی هەبێت و ژن بخاتە ژێر چەپۆکی مەیل و ویستەکانی خۆیەوە.
ڕەوایەتی ئەم نموونەیەش لێرەدا ئەوەیە کە ئەم دەستەواژەیە زیاتر بووەتە مۆد لەلایەن زۆرینەی پیاوانەوە بە بەراورد بە خانمان.
تەنانەت لە پرسی خێر و خێراتیشدا ئەم مەیلە بوونی هەیە، کاتێک یەکێک خێر دەکات دواتر لافی ئەوە لێ ئەدات کە نەی هێشتووە خێزانێک موحتاج بن، ئەمەش دواجار هەر چێژە، چێژی باڵادەستی، بۆیە سۆشیاڵ میدیا بە خێرخواز تەنراوە.
لە کاتێکدا خێرخوازی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە بەبێ چاوەڕوانی و باسکردن یارمەتی ئەوی دیکە ئەدات کە توانای سنووردارە.
ئەم هاوکارییەش لەناو بازنەیەکی تەواو مرۆڤدۆستیدا دەکات، بەبێ ئەوەی نمایشی خۆی پێ بکات. کاریگەری دەستەواژەی (ناهێڵم موحتاج بن) جێگای خۆی بە تەنیا لەناو خێزاندا قەتیس نەکردووە، بەڵکوو بووە بە دروشمی هێزە سیاسییەکانیش.
لەناو دونیای سیاسی کوردییدا، زۆر کار لەسەر ئەمە کراوە و کاتێک خۆت ڕادەستی حیزبی سیاسی کوردی دەکەیت بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو بەڵێنە وەردەگریت کە موحتاج نەبیت، ئیتر بە پێدانی مووچەیەک بێت یان بە پێدانی پۆستی سیاسی بێت.
بەردەوامیش هێزی سیاسی باڵادەست ئەو ترسە بڵاو دەکاتەوە کە ئەگەر یەکێک لە کادیرەکانی ملکەچی نەنوێنێت، دەتوانێت زۆر بە ئاسانی لە پەل و پۆی بخات و موحتاجی بکات.
ئەم پرسە دەکرێت قسەی زۆر هەڵبگرێت چونکە لە زۆر لایەنی ژیانی تاکەکەسی و ژیانی گشتیشدا ڕەنگی داوەتەوە و لەناو ناخودئاگای زۆربەی خەڵکیدا چەسپاوە.
بۆیە کاتێک کارەکتەرێکی کۆمیدی سۆشیاڵ میدیا ئەم دەستەواژەیە بە گەڕ دەخات و دەیکاتە ترێند، زۆر بەخێرایی ڕەنگ ئەداتەوە لە قسە و باسی ڕۆژانەی خەڵکدا، بە ڕادەیەک کە دەبێتە کۆمیدیا، بەڵام کۆمیدیایەکی پڕ لە کۆد و مەیلی خودباڵایی، ئەویش بە ڕادەیەک کە زۆر زیاترە لەو قسە جددییانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکات هەستی ئیگۆ-سەنتەریزم لە تاک دەسێنێتەوە لە پێناو مرۆڤدۆستی و چاکەی گشتییدا.