لیژنەی دارایی پەرلەمان هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری لە عێراق ئاشكرا كرد
5 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە ماوە چەند رۆژ رابردوودا بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبوویەوە.
ئەمڕۆ هەینی 5ی تەمووزی 2024، موعین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقی بۆ میدیا ناوخۆییەكان رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕ كاتییە، پێشبینی دەکەم لە دوو رۆژی داهاتوودا بەهای دۆلار كەم ببێتەوە.
موعین كازمی دەشڵێت، بەراورد بە پێشوو نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووتەوە، ئەم بەرزبوونەوەیە پەیوەستە بە بڕی خواست لەسەر دراوەكە لە بازاڕەكاندا، دەشڵێت، ئەم بەرزبوونەوە كاتییە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بانكی ناوەندیی عێراق بە شێوەیەكی ئاسایی و رۆژانە دۆلار دەفرۆشێت و هیچ كێشەیەك لە پرسی دابینكردنی دۆلاردا نییە، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار رێ و شوێنی خۆی هەیە.
موعین کازمی لە كۆتایشدا وتی: پێشبینی دەكەین لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا بەهای دۆلار وردە وردە دابەزینی بەخۆیەوە ببینێت.
جێگای ئاماژەیە، لە دوای جەژنی قوربانەوە، نرخی دۆلار بۆ هەر 100 دۆلارێك وردە وردە لە 145 هەزار و 800 هەزار دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ نزیكەی 150 هەزار دینار، لە ئێستاشدا بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بە 148 هەزار و 600 دینارە.