ئەحمەد لەتیف: بەغدا داوای زانیاری نوێی لە هێزە ئەمنییەکان کردووە
5 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەغدا بۆ ناردنی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان داوای چەند زانیارییەکی دیکە دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی تەمووزی 2024، ئەحمەد لەتیف، "گوتەبێژى هێزەکانى 70ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بەغدا داواى زانیارى نوێى لە هێزە ئەمنییەکان کردووە و ئێمەش هەموو ئەو زانیاریانەى داواکرابوون داومانەتە وەزارەتى پێشمەرگە".
گوتەبێژی هێزەکانی 70 ئەوەشی خستۆتەڕوو، "ئەو داواکاریانەى بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە مووچەخۆر هەیە لە هەرێمى کوردستان و لە عێراقیش مووچەى هەیە".
دەشڵێت، مووچەخۆر هەیە خەڵکى عێراق نین و مووچەیان هەیە لەناو هێزە ئەمنییەکان، گوتیشى" لاى ئێمەوە هیچ گرفتێک نەبووە و سەرجەم زانیارییەکانمان رەوانە کردووە".
ئاماژەی بەوەشدا، "بەغدا داواى رۆژى دامەزراندن، کۆدى مووچە، ناوى چوارى مووچەخۆر، ناوى سیانى دایکى ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و پلەی سەربازی کردووە".
باسی لەوەشکرد، "وەک هێزەکانی 70 سەرجەم ئەو زانیارییانەی بەغدا داوای کردووە هەموویمان رەوانە کردووە بۆ وەزارەتى پیشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان".
سەرچاوە، کەناڵ 8