سارا حەمە نەجیب: لیستی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ بەغدا ئامادەکراوە

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەڕێوەبەرى ژمێریارى لە بەڕێوەبەرایەتى خانەنشینى هەرێمى کوردستان دەڵێت: لیستی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ بەغدا ئامادەکراوە لە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمیش سەرجەم خانەنشینان سودمەنددەبن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی تەمووزی 2024، سارا حەمە نەجیب، بەڕێوەبەرى ژمێریارى لە بەڕێوەبەرایەتى خانەنشینى سلێمانی رایگەیاند، لەسەر فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لیستى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ ئامادەکراوە و ئەمشەو لیستەکان ئاراستەى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان دەکرێن.

دەشڵێت، لەهاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ سەرجەم خانەنشینان سودمەند دەبن بەجۆرێک ئەو خانەنشینانەى بەر لەساڵى 2014 خانەنشین بوون و مووچەکانیان لە 500 هەزاردینار کەمترە مووچەکانیان دەکرێتە 500 هەزاردینار و بڕى 100هەزار دینارى مانگانەى باشترکردنى بژێوى ژیانیان بۆخەرج دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوانەى لەدواى ساڵى 2014ەوە خانەنشین بوون دەرماڵەى ساڵانى خزمەت و بڕوانامەیان بۆ ئەژماردەکرێت.

سارا حەمە نەجیب ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەرخانەنشینێک مووچەى لە یەک ملیۆن دینار کەمتربێت لەگەڵ مووچەى خانەشینى مانگانە بڕى 100هەزار دینارى پێدەدرێت.

گوتیشی، ئەو خانەنشینانەى کۆچى دواییانکردووە 100 هەزاردینار لەگەڵ مووچەى خانەنشینى دەدرێتە واریسەکانیان.

لە کۆتای قسەکانیشیدا باسی لەوەکرد، کۆى گشتى ئەو بڕە پارەیەى خانەنشینان کە زیاد دەبێت لەسنورى پارێزگاى سلێمانى زیاتر لە 28 ملیار دینارە و لیستەکان تەواوبووە و ئەمشەو ئاراستەى وەزارەتى دارایی دەکەن.

سەچاوە، کەناڵ 8

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار