زۆر بە سادەیی، میدیا کەی دەتوانێ بێلایەن بێت؟

4 مانگ لەمەوپێش



بڕوا ستار

هەمیشە گفتوگۆیەکی بێتام و ناهەوسەنگ لەناو ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندکاران هەیە، بە تایبەتیش ئەوانەی سەرسامی شێوازی میدیای ڕۆژئاوان، ئەو جۆرە پێیوایە، میدیا دەبێ هەموو کاتێک بێلایەن بێت، بەو کاتانەشەوە کە وڵاتەکەت ڕووبەڕووی شەڕ دەبێتەوە.

سەرنج بدە، کاتێک وڵاتێکی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی شەڕ دەبێتەوە، میدیاکانیان لەپاڵ سەربازانی وڵاتەکەیان لە بەرامبەر وڵاتی بەرامبەر شەڕ دەکەن، ئەو شەڕەش بە چەکی ئاسایی ناکرێت، بەڵکو شەڕی تایبەتە، ئەم جۆرە شەڕەش کوشندەترینە و هیچ وڵاتێک خوازیاری ئەوە نییە وڵاتەکەی بەرامبەری بەو چەکە شەڕ بکات، چونکە ڕاگەیاندن دەتوانێ ورەی سوپای بەرامبەر بڕوخێنێت و ترس و تۆقان لەناویاندا بڵاوبکاتەوە.

شەڕی ڕاگەیاندن، بە درێژایی مێژووی جەنگەکان، هاوشانی سەربازان، لەگرنگترین گۆڕەپانەکانی شەڕدا ئامادە بووە، هەموو وڵاتێک لە کاتی هەڵگیرسانی جەنگدا، گرنگی بە دوو بوارە دەدات؛ سوپا و ڕاگەیاندن، چونکە پێیانوایە ئەگەر فیشەکێک سەری سەربازێک بپێکێت، ئەوا ڕاگەیاندن دەتوانێت ورەی سوپایەک بڕوخێنێت، شەڕی ئۆکرانیا و ڕوماڵی میدیای ڕۆژئاوا لە دژی ڕووسیاش، گەورەترین بەڵگەن بۆ سەلماندنی درۆی بێلایەنی میدیایی.

بە هەموو پێوەرێکی یاسایی، سیاسی، سەربازی و نێودەوڵەتی، ئێستا ئێمە لە جەنگداین و بەشێکی زۆری خاکەکەمان داگیرکراوە، کەچی بێ ترس دانیشتووین و هیچ ناکەین، وەک ئەوەی دۆخێکی ئاسایی بێت، میدیاکاری بێ تامیش ئەم جەنگە بە جەنگ نابینێت و دەڵێت: سوپای داگیرکەر هاتووە و کاری خۆی تەواو دەکات و دەڕوات.

لەوەش خراپتر، کاتێک لە ئەنجامی ئەو داگیرکارییە، هاوڵاتی وڵاتەکەت شەهید دەبێت، میدیا و فەریکە میدیاکاران دەڵێن: کوژرا یان گیانی لەدەستدا.

ئەوەی سەرنجمداوە، لەناو ئەو میدیایانەی چاودێرییان دەکەم، دەزگای (هاوڵاتی)، یەکێکە لە باشترین میدیاکان، کە تا ئەم ساتەش وەک دەزگایەکی نیشتمانی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو داگیرکارییە دەکات، کە بەچاوساغی حیزب و کتلەی کوردی و میدیا هەڵتۆقیوەکانیان دەکرێتە سەر خاکەکەمان.

دەزگای هاوڵاتی، لەپاڵ هەواڵە گرنگەکانی تری ڕۆژ، بەشی زۆری بڵاوکراوەی میدیاکەی بۆ ئەو جەنگە تەرخان کردووە و پیشەییانە بەو سوپایە دەڵێت داگیرکەر، کە خەریکە نیوەی خاکی وڵاتەکەی داگیر دەکات.

بەگوێرەی واقیع (نەک تیۆر)، میدیا کاتێک بێلایەنە، کە وڵاتەکەت لە مەترسی گەورەدا نەبێت و قورسترین شەڕی وڵاتەکەت، شەڕی دیموکراسی بێت، بەڵام لەو کاتەی وڵاتەکەت ڕووبەڕووی داگیرکاری ببێتەوە، پێویستە وەک سەربازێک لە گۆڕەپانی شەڕدا لە پێناو خاکەکەت بجەنگی.

ئێستا، میدیای کوردی لە قەیرانێکی گەورەی ئەخلاقی و پیشەییدایە، میدیاکارانیش، بەهۆی ئەو ئۆفەرە چەورانەی لە میدیاکانی دەستەڵاتەوە پێیان دەدرێ، چاویان لە ئاستی هەموو ئەو شتانە داخستووە، کە ئەرکی ئەخلاقی ئەوانە بیبینن و لەسەری بێنەگۆ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار