زۆرخۆری وەک دەرکەوتەیەکی نوێی مرۆڤی بەرخۆر
4 مانگ لەمەوپێش
شارۆ شاهۆ
«با خۆراکت دەرمانت بێ، دەرمانیشت خۆراکت بێ».
«هیپۆکراتس»
ئەوەی بۆ من جێگای سەرنجە لەپاڵ پاشەکشەی خەڵک بەرامبەر بە مەعریفە. جۆرێک لە تاک دروست بووە کە خواردنی خراپ و پڕ لە کالۆری و چەور، بۆی بووەتە زەروورەت. ئەگەر لە ڕابردوودا خواردنگەکان لە ئێوارانێکی درەنگ دابخرایە ئێستا چێشتخانەکان لە دوای نیوەشەو دەست دەکەن بە لێنانی خواردنی تازە. تاکی زۆرخۆر و بڵاوبوونەوەی دیاردەی چڵێسی و هەڵسەنگاندی خواردنی خۆش لەناو سۆشیاڵ میدیا، نەک بووەتە دیاردە بەڵکوو بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی کێبڕکێی نێوان چێشتلێنەرەکان و دابەشبوونی بەرەی خۆشخۆران لە نێوان چێشتلێنەرەکاندا، لەبری سەرقاڵبوون بە پرسە بوونگەرایی و چارەنووسسازەکانەوە. ئەوەی جێگای تێڕامانە سەرجەم ئەم خواردەمەنییانەی کە ئامادە دەکرێن زۆر ناتەندروستن و پڕن لە کاربۆهیدرایت و بەکارهێنانی ڕۆنی ناتەندروست، لە بارودۆخێکدا کە سەرجەم پێکهاتەی دروستکردنی ئەم خواردەمەنییانە نانیشتیمانین و هاوردە دەکرێن لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، کە بە سیستەمێکی کوالێتی کۆنترۆڵدا ڕەت دەبن دەکرێت گومانی زۆری لە سەر بێت، بەو پێیەی هێشتا کە ئێمە وەک نەتەوە لە چوارچێوەی ئەم ئەزمووندا، حکومەت سیاسەتێکی ڕوونی بۆ ئەم پرسە نییە بەتایبەت سیاسەتی ئاسایشی خۆراک وەک ئەجێندایەکی بایەخداری حکومداری. هەروەتر، ئەوەی جێگای نیگەرانیشە زۆرێک لەو کەرەستانە هەرگیز هاوتای ئەو کوالێتییە نین کە لەناو وڵاتی هاوردەکاردا بوونی هەیە بە هەمان ناو و نازناوی بازرگانییەوە.
پرسی خواردن و گرێدانی بیرکردنەوەی تاک و سەلامەتی دەروونی باسێکی گەرمی ئێستای ناوەندە توێژینەوە زانستییە جیهانییەکانە. تەنانەت زۆرێک لە وڵاتان وەک پرسێکی ئاسایشی گرنگ لەم بابەتە دەڕوانن، خاوەن ڕێبەری تایبەتن بۆ هاووڵاتییانیان کە چی خواردنێکی تەندروست هەڵبژێرن بۆ ئەوەی بە تەندروستی بژین و دوور بن لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان کە لێرەدا بەم خاڵانە ئاماژەیان دەکەین:
- ئەمریکا: لەڕێگەی ڕێبەرییەک بەناوی «MyPlate» کە لەلایەن «USDA» ئامادەکراوە.
- کەنەدا: ڕێبەری خۆراکی کەنەدی.
- شانشینی یەکگرتوو: ڕێبەری «Eatwell» لەلایەن تەندروستی گشتی ئینگلتەرا ئامادەکراوە.
- ئوسترالیا: ڕێنمایییەکانی خۆراکی ئوسترالیا لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی تەندروستی و توێژینەوەی پزیشکی (NHMRC) ئامادەکراوە.
- • ژاپۆن: لەڕێگەی «سەرپۆشی خولگەی- spinning Top» کە زۆرێک لە دامەزراوە گرنگەکانی ژاپۆن لە وانە: وەزارەتی تەندروستی، پەروەردە، کشتوکاڵ، زانست و کولتوور بەشدارییان هەبووە لە ئامادەکردنی، ڕێبەرییەکی بایەخدارە بۆ چۆنیەتی خواردنی تەندروست و بووەتە هۆکارێک کە ڕێژەی قەڵەوی تاکوو ڕادەیەکی باش کەم بکاتەوە لەناو کۆمەڵگەی ژاپۆنیدا.
خودی نیگەرانی لێرەدا ئەوەیە کاتێک تاک هەموو خولیای بوو بە خواردن و تێرکردنی گەدەی ئیتر ئاستی ژیریشی بەرەو دابەزین دەڕوات. ڕەنگە خودی ئەم پرۆسەیەش بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕەوایەتی زۆری پێ بدرێت لەلایەن سیستەمی دەسەڵاتەوە. چونکە هاووڵاتییان کاتێک خەمیان بوو بە خۆشخۆری ئیتر پرسەکانی تر بۆی نابێتە جێگای ئەرزش. ئەگەر پرسی زیادەڕۆی لە خواردن بە هۆشیاری کولتووری ڕێک نەخرێت، لە ئایندەی ئەم ناوچەیەی ئێمە کە پڕە لە هەراوزنا و نا دڵنیای لێکەوتەکانی مەترسیدار دەبن. چونکە کاتێک زۆری کۆمەڵ بە خۆشخۆری ڕاهاتن بەرگەی دروستبوونی قەیران ناگرن. بە تێڕوانینی بەندە، یەکێک لەو فاکتەرە گرنگانەی کە بووەتە هۆکارێک کە دەوڵەتێکی وەک (ئێران)، بەرگەی زنجیرە بەردەوامەکانی گەمارۆی ئابووری بگرێت لەبەرامبەر وڵاتانی ڕۆژئاوا، پرسی ئارام و خۆ ڕاهێنانی هاووڵاتی ئێرانیی بێت بەرامبەر زیادەڕۆی نەکردن لە خواردن و وێڵ بوون بەدوای خۆشخۆرییەوە.
ڕاسپاردەکان:
- گرنگە تۆی هاووڵاتی لە خەمی زیاتری تەندروستی خۆتدا بیت بەتایبەت لەناو ئەم سیستەمەی ئێستا کە کەرتی تەندروستی ناتوانێت بە شێوەیەکی ستراتیژی گەرەنتی تەندروستی تۆ بکات.
- ئەنجامدانی ڕۆژووی زانستی و ماوە درێژ، نەخواردنی خواردنی پڕ کاربۆهیدرایت لە درەنگانی شەودا.
- گرنگە حکومەت ستراتیژی نیشتمانی بۆ ئاسایشی خۆراک هەبێت، بە ڕێگەی بەرزکردنەوەی هۆشیاری و دەرکردنی ڕێبەرنامەی تایبەت کە هاونیشتیمانیان ڕۆشنبیر بکات لەمەڕ چۆنێتی هەڵبژاردنی خۆراکی تەندروست و ژیانکردن بە ئاراستەی تەمەن درێژی.
- زیادکردنی ڕێژەی باج لەسەر ئەو خواردنگانەی کە لە درەنگانی شەودا خواردنی ناتەندروست ئامادە دەکەن. بە هاوتای ئەو ڕێکار و پێودەنگیانەی کە دەگیرێنە بەر لەبەرامبەر قەدەغەکردنی جگەرەکێشان.
- بۆ ساتێک ڕابمێنە لەوەی کە دەیخۆیت وەک ژەمی سەرەکی و بیر لە لێکەوتەکان بکەرەوە. چونکە کاتێک گرفتار بوویت لەگەڵ ناڕێکی خەو، تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە، قەڵەوی، شێرپەنجە.. هتد. ئیتر پەشیمانی دادت نادات.
- لە خەمی ژینگەی ئەم وڵاتە بە، چونکە دواجار تۆ مەحکوومی بەوەی لێرە بژیت. دواجار ئەگەر بڕیاریش بێ لە تاراوگە بژیت هەر مەحکووم دەبیت بەوەی کە پاشەڕۆی زیاد لە پێویستت نەبێت لە فڕێدانی خواردن و زیادەڕۆیی کردن. ئەگەر حکومەت نەیتوانی خاوەن نمایندەبێ بۆ تەندروستی ژیانت. خۆت ئەرکدار بکە بەوەی کە تۆ ئەو ستراتیژ و ڕۆشنبیرییەت هەبێت بۆ ئەو خێزانەی تێیدا دەژیت.
- نوێگەری بکە لە داهێنانی خواردن و خواردنەوەی تەندروست، چونکە ئەوە دواجار زامنی بیرکردنەوەی تەندروستی تۆ دەکات. ناکرێت گەندەڵ بیت بەرامبەر بە سەلامەتی جەستەیی و بیرکردنەوەت، بێیت باسی گەندەڵی حوکمڕانی بکەیت.