ڕقلێبوونەوە و ترس لە ژن

4 مانگ لەمەوپێش



محەمەد خۆشناو

بەدرێژایی مێژوو، ژنان بەر رقلێبوونەوە و ڕەتکردنەوە و گێچەلپێکردن «تحرش» بوونەتەوە، گێچەڵ بریتیە لەوەی کەسێک پێگەی خۆی بۆ پڕدانی کەسانی تر بەکاربهێنێت، دەیان لە فەیلەسوف و هزرمەند و ئەدیبی گەورە ڕقیان لە ژن بووە و هەر لە ئەفڵاتون و ئەرستۆ و نیتشە و شۆپنهاوەرەوە تا دەگاتە برنادشۆ و تشرشەل و تاد، هەروەها ژن لەلایەن سەدان لە ئەکتەر و هونەرمەندی ناودار و بەرپرسانی دامەزراوەکانی خۆرئاواوە دووچاری گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە، ئەگەر پێشتر ئافرەت لە ترسی ئابڕوو و شەرم بێدەنگی هەڵدەبژاردبێت، ئەوا ئیستا دۆخەکە گۆڕاوە و سکاڵا تۆمار دەکات لە هەر سکاڵایەکیشدا ملیۆنەها دولار دەباتەوە و گێچەڵکاریش ڕیسوا دەبێت و دووردەخریتەوە لە کارەکەی. جیاوازی کلتووری تەنگوچەڵەمەیەکی ڕاستەقینەیە لە دروستبوونی ئەو بۆشاییەدا کە پێی دەڵێن گێچەڵ، تەنگوچەڵەمەی ئافرەتی ئەوروپی جیاوازە لەگەڵ ئافرەتی  ئەمریکی و ئەفریقی و ئاسیایی، بۆیە دۆخی ژن بەپێی گۆڕانی کۆمەڵگاکان جیاوازە و ڕادەی گۆڕانکارییەکەشی دەگۆڕێت، لە کۆمەڵگەی خۆرهەڵاتیدا ئافرەت دوودڵە لە ئیعلانکردنی ئەو تەنگپێهەڵچنینانەی کە لەلایەن هاوڕێی کار یان بەرپرسەکەیەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بەڵام واخەریکە ئەو دوو دڵیە نامێنێت لە ئێستادا، من چەندجار لە تەلەفزیون بینیومە کچ سکاڵای لەو کەسانە کردووە کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانی کردووە و گێچەڵفرۆش چارەنووسی بەندیخانە بووە. دیارە ڕاگەیاندن ئامادەیە بۆ یارمەتیدان. بەهەمان شێوە لای هەندێک کەس ژن زۆر بەکەم سەیر دەکرێن و دەبێت هەر لەبەندیخانەی ماڵەوەبن، من چەندان نوسەر و هونەرمەند و مامۆستای زانکۆ دەناسم لەبەر ڕقلێبوونەوە لە ئافرەت هاوسەرگیریان پێکنەهێناوە و پێیان وایە کە ژن بەربەستە بۆ ئازادییان، ئەوان وایدەبینن کە باڵندەیەکی ئازادن و لە بەندینخانەی قەفەزی هاوسەرگیری لەعنەتی ڕزگاریان بووە و چێژ لە ئازادی خۆیان وەردەگرن. هەمیشە ئەوانەی ڕقیان لە ژنە ئەو قسە تەنزئامێزەی گەورە ئەدیب و فەیلەسوفەکان دووبارە دەکەنەوە کە نووسیوویانە و دەڵێن : (کاتێک پیاو لەدایک دەبێت بێهۆکار دەگری و دوای هاوسەرگیریی هۆکارەکەی دەزانێت و ئەگەر خۆشەویستی پاڵنەری هاوسەرگیری بێت ئەمە وەک نەخۆشیەکی جوانیی بۆماوەییە و بەسەکتەی هاوسەرگیری کۆتایی دێت). تشرشل پێی وابووە کە ئافرەت مافی ئەوەی نیە ببێتە ئەندام لە پەرلەمان، ڕۆژێکیان لە ئاهەنگێکی ڕەسمیدا یەکێک لە یاریدەدەرانی بە هەناسەبڕکێوە خۆیگەیاندە  تشرشەل و پێی گووت: هەندێک لەچالاکوانی ژن خۆیان بە ئاسنەکانی پەرلەمانەوە بەستۆتەوە و ڕایانگەیاندووە کە لەوێ دەمێننەوە تا « مافی دەنگدان » بەدەستدێنن، تشرشل وەڵامێکی گاڵتەجاڕی خێرای دایەوە: ئێستا لەسەر پیاوە خۆی بەدەروازەی نەخۆشخانەی سان تۆماس« منداڵبوون» ببەستیتەوە و ڕایبگەیەنێت کە ناجووڵێت تا کوڕێکی نەبێت! بەڵام دوای « 50» ساڵ ژنێک « تاتشەر» سیاسەتمەداری بەناوبانگ لە شوێنی تشەرشل بووە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، هەر لەم چەند ڕۆژانەی ڕابردوودا زۆرێک لەناو پارتی کۆماری ئەمەریکی و ڕاپرسیەکان و ڕۆژنامە و ڕاگەیاندن داوایان لە جۆ بایدن-ی سەرۆکی ئەمەریکا کردووە کە خۆی بکێشتەوە لە پێشبڕکێی سەرۆکایەتی و پالێوراوێکی تر جێگەی بگرێتەوە  هەمووی ڕەتکردۆتەوە و  تاکەکەس کە دەتوانێت ڕازی بکات کە واز لە سیاسەت بێنیت« جیل»ی هاوسەرێتی، پسپۆران پێیان وایە کە ڕۆلی « ژن»ی سیاسی تەنها ڕێوڕەسمە و تەدەخولی سیاسەت ناکات، بەڵام ئەزموونی جیل لەگەڵ بایدن سەلماندی کە ژن ڕۆڵیکی گرنگی هەیە و  ئەوە ڕێگە نادات مێردەکەی بکشێتەوە، لەو سەردەمەی ئێستاماندا ئافرەت لە خۆرهەڵات و خۆرئاوا ستەمی لێکراوە، پەرلەمانی ئەوروپا ڕاسپاردنی دەرکرد بۆ فێرکردنی ژن تا ڕزگاریان بکات لە ئافرەتی سێکسییەوە بۆ ئافرەتانی ئیشکەر بە شێوازێکی مرۆیی، تا لەو ڕێگەیەوە ڕزگاریان بکات لە کۆیلایەتی ئابووری مێرد، پشتگیریکردن لە ئازادی ئافرەت و نەهێڵانی تەنگپێهڵچنین و ڕەتکردنەوەی تووندوتیژی بەرانبەریان، تەنها بە درووشم و وتار و چالاکی و ڕاسپاردە  نابێت، وەک ئەوەی ئێستا ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەیکەین و دەبێت دەسەڵات بەها و پێگە و ژیانی ژنان بە کردەیی بەرز ڕابگرێت .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار