ئێران و لاپەڕەیەکی نوێ لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت!
4 مانگ لەمەوپێش
نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی: عەبدولڕەحمان گەورکی
هەروەک چاوەڕوانی دەکرا ئەمساڵ گردبوونەوەی ساڵانەی موقاومەتی ئێران، کە سێ رۆژی خایاند، لە هەموو ڕوویەکەوە تازە و ناوازە بوو. ئەم گردبوونەوەیە لە هەلومەرجێکدا بەڕێوەچوو کە ڕەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیستی، واتە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران و کۆلۆنیالیزمی پشتیوانی، هەوڵیان دەدا رێگری لەم کۆبوونەوەیە بکەن، یان لانیکەم قورساییەکەی کەم بکەنەوە و "ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیکی ئەنجومەنی نیشتمانی موقاومەتی ئێران" بخەنە پەڕاوێزەوە، کە لە هەردوو بوارەکەدا شکستیان هێنا!
بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی بەتین و بەسۆزی دەیان هەزارەی ڕەوەندی ئێرانی لە بەرلین و کۆبوونەوەیەکی شکۆدار بە ئامادەبوونی سەدان کەسایەتی جیهانی لە پاریس و پاڵپشتییەکی بەربڵاوی نێودەوڵەتی بۆ ئەم ئەڵتەرناتیڤە، شکستیان بە هەوڵەکانی هاوپەیمانانی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی هێنا.
لە تێڕوانینێکی گشتییدا بۆ سەر ئەم گردبوونەوەیە و رەنگدانەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەم دەستکەوتانەی خوارەوە بە گشتی بەرچاو دەکەوێت:
• رووبەڕووبوونەوەی گەل و موقاومەتی ئێران بەرامبەر بە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران بەردەوامە و ئاسۆی سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەتدا ڕوونترە. سەرەڕای کوشتار و پیلانگێڕییەکان و هاوکاریکردنە ئاشکراکانی دەوڵەتانی رۆژئاوا بۆ ڕژێمی دیکتاتۆریی ئێران، ئەم کۆبوونەوەیە، لە ڕاستیدا بەردەوامیی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی نێوخۆی ئێران بوو لەدژی دیکتاتۆرییەت و نیشانی دەدات کە راپەڕین و خەبات بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران نەک هەر نەوەستاوە، بەڵکو لە جاران بەهێزترە و بە گژ سیاسەتی سازان لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرییەدا چووەتەوە و سوورە لەسەری. چونکە خەڵکی ئێران نەک هەر لە ناو خۆیاندا یەکگرتوون و لە خەباتی هاوبەشدان بەرامبەر بە دیکتاتۆرییەت، بەڵکو لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا تەنیا نین. خەڵکی ئێران خاوەنی "ئۆرگانی سەرکردایەتی" کارامەن کە توانیویەتی لە هەموو قۆناغەکاندا بەرەنگاریی دیکتاتۆرییەت ببێتەوە و هەموو رێگاکانی بەسەر ڕەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزمدا داخستووە.
• جگە لە "ئەڵتەرناتیڤی دێموکراتیکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران" هیچ بەدیلێکی دیکە بۆ رژێمی ئێران نەبووە و نییە. ئەوەی ڕەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیستەکان هەوڵیان دەدا بەرجەستەی بکەن، بەدیلی ساختە و دەستکرد بوون لە جۆری "دیکتاتۆرییەت" یان "وابەستەیی" بەم و بەوەوە، کە خۆیان دایانتاشیبوو و ناردبوویانە ناو گۆڕەپانەکە کە زۆر بە توندی شکستیان هێنا! لەم گردبوونەوەیەدا، هەمووان هێزی ئەڵتەرناتیڤی راستەقینەیان بینی و هیچ ویژدانێکی هۆشیار و بەئاگا نەبوو کە دانیان پێدا نەنێت!
• ئەڵتەرناتیڤی راستەقینە لە بەرانبەر دەسەڵاتی دیکتاتۆری، ڕەگ و ڕیشەی لە قوڵایی کۆمەڵگای ئێراندا داکوتاوە و ئەڵتەرناتیڤە ساختەکان وەک بڵقی سەر ئاو دەتوێنەوە. ئەڵتەرناتیڤی دێموکراتیکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران بە (٢٠) هەزار چالاکی و پراکتیکی کۆمەڵایەتی لە ناوخۆی وڵاتدا و بە تۆڕێکی بەرفراوانی (هێز) لە نێوخۆی وڵاتی داگیرکراودا، پەیامێکی ئاوهای هەیە. تۆڕێک کە تێیدا، پەرەسەندنی "ناوەندەکانی شۆڕش" لە سەرانسەری ئێراندا، وەک یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی "ستراتیژی"ی موقاومەتی ئێران بەرچاو دەکەوێت. ئەڵتەرناتیڤێک کە ڕەگ و ڕیشەی لە قوڵایی ناو کۆمەڵگادایە و لق و پۆکانی لە هەموو ئێراندا بڵاوبووەتەوە.
• ئەڵتەرناتیڤێکی جەماوەری و راستەقینە کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە خاوەن "ڕێکخستنێکی رێک و پێک" بێت. بەبێ رێک و پێکی و رێکخستنێکی لەو شێوەیە، بوون بە ئەڵتەرناتیڤ لە بەرانبەر ڕژێمدا مەحاڵە!
• هەبوونی دیپلۆماسییەکی بەهێز و بەرنامەیەکی ماددی و پراکتیکی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، مەرجێکە بۆ ئەڵتەرناتیڤبوون و راستەقینەبوون و دیموکراتیکبوون. ئامادەبوونی سەدان کەسایەتی دیاری جیهانی لەم کۆبوونەوەیەدا و لەوانە: مایک پێنس، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا و دەیان سەرۆکوەزیران و وەزیری وڵاتانی رۆژئاوایی و عەرەبی، هەروەها پشتیوانیکردنی زیاتر لە چوار هەزار پەرلەمانتار لە ٥٣ وڵاتەوە لە لایەک و، ڕاگەیاندنی "پلاتفۆرمی موقاومەتی ئێران بۆ ئێرانی ئازادی دواڕۆژ"، کە چەندین ساڵ لەمەوبەر لەلایەن خانمی مریەم رەجەوییەوە ڕاگەیەندراوە لە لایەکیترەوە، لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم گردبوونەوە و ئەڵتەرناتیڤەیە. ڕەهەندێک کە گەرەنتی "داهاتوو"ی ئەم ئەڵتەرناتیڤە دەکات و هەر لە ئێستاوە، دەرخەری پێشوازیکردنی کۆمەڵگای جیهانییە لەم ئەڵتەرناتیڤە.
• بە گژداچوونەوەی "سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆریەتی ویلایەتی فەقیهی" ڕەهەندی هەرە دیاری هاوکێشە سیاسییەکانی ئێستای تایبەت بە ئێرانە. لەم گردبوونەوەیەدا خانمی مریەم رەجەوی، ڕوو لە خاوەنان و لایەنگرانی ئەم سیاسەتە وتی: لە ئەمریکا بڕیار دەدەن زیاتر لە (100) ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی ئێران بڕێژنە گیرفانی ئەم ڕژێمەوە و ڕێگە خۆشکەن بۆ فرۆشتنی نەوت لە پێناو دابینکردنی دارایی بۆ سوپای پاسداران و تاقمە نیابەتییەکانی ئەم ڕژێمە و بە ڕووخۆشییەوە سەیری شەڕفرۆشییەکانی ڕژێم بکەن. لە بێلژیکا دیپلۆماتکارە تیرۆریستەکەی هەڵگری بۆمبا ڕادەستی ڕژێم دەکرێت. لە سوید، سەرەڕای ئەوەی سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام لە بکوژێکی دڕندە و کۆمەڵکوژ خۆش دەبن و ڕادەستی رژێمی ئێران دەکرێت. لە فەرەنسا، لاپەڕەی رۆژنامەکانیان پڕدەکەن لە زانیاریی ساختە و درۆی بەکرێگیراوانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ڕژێم و لە ژێر ناوی یاسا و ڕێسای سەلامەتی و ئەمنی، هێرش دەکەنە سەر بینایەکی لایەنگرانی موقاومەتی ئێران. پاشان جێگری هێزی دادوەری ڕژێمی ئێران، بێشەرمی دەگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە بڵێت و دەڵێت، ئێمە راستەوخۆ چاودێری ئەم ئۆپەراسیۆنەمان دەکرد لەو بینایەدا! خانمی مریەم رەجەوی ڕوو لە دەوڵەتانی سازشکار وتیشی: ئەم سیاسەتەی ئێوە هانی ڕژێم دەدات لە تیرۆرکردن، بەبارمتەگرتن، لەسێدارەدان و سەرکوتکردن. نموونەکەشی، تیرۆرکردنی پرۆفیسۆر (ئاڵیخۆ ڤیدال کوادراس)، جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپایە، لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا، کە بە ڕۆژی ڕووناک لە مەدرید ئەنجام درا. بە سیاسەتی سازان، ئێوە ئەم ڕژێمەتان لە بۆمبی ئەتۆمی نزیک کردەوە، رێگاتان بۆ شەڕخوازی خامنەیی لە ناوچەکەدا خۆش کرد، ئەوەندە هاندەری ئاخوندان بوون کە تەنانەت خەڵکی ئۆکرانیاش هاواریان لێ هەستا. ساڵانێکە میدیاکانتان پڕ کردووە لەم درۆ گەورەیە کە فاشیزمی ئایینی هیچ بەدیلێکی نییە و دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بەڵام مەحاڵە بتوانن ئەم حکومەتە بە زیندوویی لە سەر پێ ڕابگرن و ڕێگری بکەن لە رووخاندنی”.
• ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی زۆر لاوازە و ئازادکردنی جەللاد و ئەشکەنجەدەر و تیرۆریستەکانی، برینەکانی ئەم ڕژێمە چار ناکات و بە دڵنیاییەوە دەڕووخێت! نومایشی هەڵبژاردنی ڕژێمی ئێران و شانۆگەرییەکانی ڕەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیستی، تەنیا لێژایی ڕووخاندنی ئەم ڕژێمە توندتر دەکات و مەحاڵە دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو. ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە حەتمییە!
دوا وشە!
ڕاستییەکان زۆر ڕەق و سەرسەختن. بەرەنگاربوونەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری، بنەمایەکی ڕاستەقینەی هەیە و بەردەوامە. خەڵکی ئێران و بەرخۆدانەکەی ماندوو نابن و ڕەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیستی ماندوو دەکەن. ناکرێ "ڕێبەر" و "شاژن" و "پاشا" و "دروشم" ... هتد بۆ خەڵکی ئێران ساختە بکرێت و بسەپێنرێت! خەڵکی ئێران زۆر وریاترن لەوەی جارێکیتر هەڵبخڵەتێنرێن یان بەلاڕێدا ببرێن. هەربۆێە پێویستە لە تەنیشتە ڕاست و درووستەکەی مێژوودا هەڵوێستە کردن هەبێت، ئەگینا "سووڕی مێژوو" کاری خۆی دەکات. ئەمە یاسایەکی خەوشهەڵنەگرە! هەروەک چۆن خەڵکی ئێران خاوەنی سەرەکی وڵاتەکەیانن، خاوەنی سەرکردایەتی سیاسی خۆشیانن و ئامانجیان لەناوبردنی دیکتاتۆرییەتە لە وڵاتەکەیاندا!