بۆ ئەوەی هاوچەرخ بنووسیت، کلاسیک بخوێنەرەوە
4 مانگ لەمەوپێش
داستان بەرزان
زۆر بە کورتی مەحوی نزیکترین شاعیرە لە دڵمەوە، ئەو لە شیعرەکانیدا لە زۆر بابەت ڕاماوە و شاعیرانە دیدی خۆی لەبارەیانەوە دەربڕیوە.
شیعری مەحوی بۆ ئەوانەی بەریدەکەون و لەگەڵیدا کارلێک دەکەن و دەرکی مەودا جۆراوجۆرەکانی دەکەن پێویستییەکە کات و ساتی بۆ نییە، واتە ساتێک هەیە دەبێت بچنەوە سەر دیوانەکەی و هەناسەیان لەگەڵ وشەکانیدا تێکەڵ بکەن، ئەمە هەستێکە من لە ئەزموونی خۆمەوە دەتوانم بەمجۆرە لەبارەیەوە بڵێم: هەستی پێویستی بۆ گەڕانەوە بۆ لای مەحوی ساتەوەختێکە هاوشێوەی ئەو ساتەی لە ناکاو هەست دەکەیت پێویستت بە شتێکە، شتێكی گرنگ، شتێک نزیک لە دۆخێکی ڕەمەکی و ئەگەر زوو بەردەستی نەخەیت و چێژی نەکەی، دەکەویتە بارێکی ناهەموارەوە و هەست بە بۆشاییەکی گەورە دەکەیت لە بوون و دەروونتدا.
کە دڵ دەتوێتەوە بۆ تۆ، دەکەی ئەو ڕۆژە تۆ بڕوا کە خۆ دەرخەی وەکوو خۆر دڵ وەکوو شەونم لە خۆ بڕوا کە ڕۆحم تێگەیی تۆ حەز بە دەرچوونی دەکەی، دەرچوو دەبێ عاشق کە دی بێزارە یاری، بێ بڕۆ بڕوا.
لەو سۆنگەیەوە کاتێک هەیە کە من دەبێت بە هەموو گیانمەوە لە شیعری مەحوییدا هەناسە بدەم و لەگەڵ وشەکانیدا یەکانگیر ببم و پێم لەم جیهانە داببڕێت بۆ نێو جیهانێک کە تەنیا ئەوانە دەیناسن کە جیهانی شیعریی ئەم شاعیرە دەناسن، ژیان لە شیعری مەحوییدا بۆ من ئەو ڕزگارکەرەیە وادەکات ئەوەی لە ژیانی ئاساییدا بەرگەگرتنی قورسە، لێم ببێتە گەمەیەکی سادە، گەمەیەک هەر ڕەنجێک بۆ بردنەوەی بە فیڕۆ دەڕوات، هەڵبەت لە زۆر جێگەدا ئەو شاعیرە هێما بۆ ئەو شێوە یارییەی ژیان و ئەو زیادەڕۆییەی مرۆڤ دەکات بۆ ژیانێک کە شایەنی نییە و ئەوە ناهێنێت.
دنیا تیاتڕۆیە، مەوەستە تیا، بڕۆ!
کێ مایەوە تیا کە نەبووبێ تیا، تڕۆ!
دنیایەکە دوو ڕۆژە نەوازش بکا،
سێیەم ڕۆژی گودازشە، ئەمەتە داکی سێبەڕۆ.
شیعری ئەم شاعیرە قووڵ و دڵنشینە بۆ من پێویستییە یان بڵێیم: چارەسەرە، چونکە مەحوی زیندووێتیم پێدەبەخشێت هاوکات وزەم دەداتێ بۆ ژیان، بەهێزم دەکات، ئازام دەکات و بوێرییم تێدا دادەگیرسێنێت، چونکە ئەو تەنیا نوێنەرایەتی نائومێدان ناکات، بەڵکو هێڵەکانی کارکردنی ئەو لە مانای و زمانە سەرسوڕهێنەرەکەیدا زۆرجار بۆ ماوەی درێژ مرۆڤ ڕادەگرێت.
ئەفسوونی شیعری ئەم شاعیرە وادەکات ئەوساتەوەختەی لە پای دزێوی و نادادی و پۆخڵەواتی ژیان و مرۆڤەکانی نزیکە بخنکێم ئەو دەتوانێت وێناکەی ناو سەرم بگۆڕێت بۆ جۆرێکی دیکە لە تێگەیشتن و لە ئاسۆیەکی دیکەوە دەمخاتەوە ناو ژیانێکی دیکە، کە تێیدا هەست بە باڵایی بوونم بکەم.
ئەوی ئەمڕۆ بە دەوری تەختیایە هەلهەلەی مەخلووق لە دەوری نەعشیا سبحەی دەبینێ وەلوەلەی مەخلووق بە پەل پەل کردنی سبحەی ئەگەر ببووایە باوەڕیان دەبوو قەت بەم حەدە نەبووایە بۆ دنیا پەلەی مەخلووق.
دواجار ئەو کاتەی نزماییەکان و ڕووبەرە بچوک و مرۆڤە بچوکەکان نیگەران و ماندووم دەکەن، مەحوی دەمباتە شونێکی بەرزتر و بەرینتر و باڵاتر بۆ ژیانێکی نوێ و هەناسەیەکی نوێ و شکۆیەکی نوێ...
ئەمە جگە لەوەی هەرکات پلانی نووسینێکم هەبێت، لە هەمووان زیاتر لە ناو جیهانی ئەودا خەون دەبینم...
بۆ ئەوەی بگەمە گیانە شاعیرانەکەی ئەو، بۆ ئەوەی بە هێزتر لە هەر شتێک بدەم کە دەبێتە ئاستەنگ لە بەردەم گیانە شاعیرانەکەمدا.
بۆ ئەوەی لەخۆمدا زمان بخەمە جووڵە، بۆ ئەوەی بگەم بە تامی شیعرییەت، شیعرییەتێک لەگەڵ سەردەمەکەمدا قسە بکات، هاوار بکات!
لەم بەحری فیتنە بەڵکی نەجاتت بدا خودا
داوێنی (یاخودا) بگرە، بەردە (ناخودا)
بێکەس منم، کەسێ لە زوبانم بگا نییە
هەمدەم خودانەناسن و دەم پڕ لە (یا خودا).