هەپەگە، وردەكاری پێكدادانەكانی لەگەڵ توركیا بڵاو كردەوە

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (نەپەگە) بڵاوی كردەوە، "لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێزەكانمان گوزری كوشندەی لە سوپای توركیا داوە، هەروەها لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا 27 جار بۆردوومانیان كردووە".

ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل لە بارەی ئاماری شەڕ و پێكدادانی هێزەكانیان لە گەڵ سوپای توركیادا لە خاكی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، "لە رۆژی 12ی تەمووزی 2024، كاتژمێر 19:20 هێزەكانمان لە ناوچەی هێفتانین بە قەناس سوپای داگیركەریان لە گۆڕەپانی كانی بەی كردە ئامانج و لە ئەنجامدا سەربازێكی توركیا كوژرا، هەروەها رۆژی 13ی تەمووزدا لە ناوچەی ماتینا هێزەكانمان بە چەكی ئۆتۆماتیكی، بولدۆزەرێكی سوپای داگیركەری توركیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە كولكە كردە ئامانج، كە لە ئەنجامدا گورزێكی توند لە بولدۆزەرەكە كەوت و لە كاركردن وەستا".

ئاماژە بەوەشكراوە، "هەر رۆژی 13ی تەمووز لە رۆژئاوای ناوچەی زاب هێزەكانمان بە تاكتیكی قەناس سیستەمێكی كامێرای چاودێری سوپای داگیركەری توركیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی كردە ئامانج، هەر لە هەمان رۆژدا یەكینەكانی ژنانی ئازاد بە تاكتیكی قەناس سوپای داگیركەریان كردە ئامانج، كە لە ناو گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودیدا بوون، لە ئەنجامدا سەربازێكی توركیا كوژرا".

ئەوەش خراوەتەڕوو، "لە 13ی تەمموزدا هێزەكانمان بە چەكی قورس سوپای داگیركەری توركیایان كردە ئامانج، كە لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار لە جموجۆڵدا بوون، ئەمەش بووە هۆی وەستاندنی جموجۆڵەكانی سوپای دوژمن، هەروەها هێزەكانمان بە چەكی نیمچە ئۆتۆماتیكی سەربازانی دوژمنیان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار كردە ئامانج و گورزێكی توندیان لە شوێنێكی سوپای داگیركەر دا".

باس لەوەشكراوە، "لە 14ی تەمووزی 2024، سوپای داگیركەر كە لە هەوڵی جێگیركردنی كەرەستەی جەنگی بوو لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامێدی، دواتر لێدانێك ئاراستەی پێگەیەكی داگیركەر كرا و كرانە ئامانج، لە ئەنجامدا جموجۆڵەكانی سوپای دوژمن راگیرا، هەمان رۆژ هێزەكانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامێدی بە قەناس چەند سەربازێكی سوپای داگیركەری توركیایان كردە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو سەربازی توركیا كوژران".  

دەشڵێت، هێرشەكانی سوپای داگیركەری توركیا لە 12 و 13 و 14ی تەمموزدا بەم شێوەیە بوو، توركیا فڕۆكە جەنگییەكانی نۆ جار گردی شەهید هاوار و شەهید شەریف و بەربازین و سێنین و خانیریان لە دەڤەری خاكورك بۆردومان كرد، 13 جاریش گۆڕەپانەكانی سپیندەر و مەج و زیڤیك و خەیر و كۆزێیان لە ناوچەی كاری بۆردومان كرد، هەروەها پێنج جاریش ناوچەی بەرخۆدان لە گردی بەهار لە  رۆژئاوای زاب بۆردومان كرا، واتە بە گشتی 27 بۆردومان بووە.

لە كۆتایدا ئەوە خراوەتەڕوو، لە 14ی تەمووزدا گۆڕەپانەكانی بەرخۆدان لە متینا، كولكە، شیلاز، دەركاڵ لە ناوچەی متینا، گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار لە ناوچەی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاب و گۆڕەپانی گردی شەكیف لە ناوچەی خاكورك بەر هێرشی هێلیكۆپتەرەكانی توركیا كەوتوون.  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار