لە شەش مانگی سەرەتایی ئەم ساڵەوە ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم نزیکە 25 هەزار مووچەخۆر زیادی کردووە
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاندوە، کە ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی سەرەتایی ئەم ساڵەوە نزیکەی 25 هەزار مووچەخۆر زیادیکردووە.
ئەم سەرچاوەیە هۆکاری زیادبوونی ژمارەی مووچەخۆرانی ئاشکراکردووە و ئەوەی خستۆتەروو، لەماوەى شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵ چەندین دامەزراوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێویستیان بە دامەرزاندن بووە و بەشێک لەوانە بە گرێبەست دامەزراون.
دەشڵێت، ژمارەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان نزیکەى یەک ملیۆن و 205 هەزار کەسە و سەرجەم داتاى مووچەخۆران دراوەتە دیوانى چاودێریى دارایى و وەزارەتى دارایى عێراق.
باسی لەوەشکردووە، تا کۆتایى ساڵى رابردوو ژمارەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان یەک ملیۆن و 180 هەزار کەس بووە.
جێگەی ئاماژەیە، بەگوێرەى یاساى بودجەى 2024، بڕى 11 تریلیۆن و 557 ملیار دینار بۆ مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان تەرخانکراوە کە مانگانە 963 ملیار دینار دەکات.
سەرچاوە، کەناڵ 8