لە ماوەی یەک مانگدا 184خێزان بەهۆی هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان ئاوارە بوون

4 مانگ لەمەوپێش



مەهران رەمەزان

هاوڵاتی، سلێمانی

لە 15ی حوزەیران بۆ 15ی تەمووزی ئەمساڵ بەهۆی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان، چەندین زیان بەر هاوڵاتییان و سروشتی هەرێمی کوردستان کەوتووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی تەمووزی 2024، دامەزراوەی میدیای درەو ، زیانە مەدەنییەکانی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیای بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە 15ی حوزەیران 2024 بۆ 15ی تەمووزی 2024، بڵاوکردەوە و تێدا چەندین ئاماری زیانگەیاندن بە هاوڵاتییان و سروشتی هەرێمی کوردستانی خستۆتەڕوو.

بە پێی بەدواداچوونەکانی دەزگای میدیای درەو، لەماوەی یەک مانگدا 9 گوند بەتەواوەتی چۆڵکراون و 184 خێزانیش ئاوەرەبوون و 19 خانووی هاوڵاتییانی مەدەنی رووخێنراون.

دەشڵێت، 68 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستان سووتاون.

باسی لەوەشکردووە، هێرشەکانی سووپای تورکیا بۆسەر ناوچەکانی هەرێم بۆتە هۆکار لە کارکەوتنی کارەبای گوندی بەری گاری و میسکا و هەروەها کاریگەری خستنەسەر هێڵەکانی پەیوەندی زیاتر لە 110 گوند.

درەو ئەوەشی ئاشکرا کردووە، بەهۆی بوردوومانەکانی تورکیا 1 کەنیسە و 1 کارگەی راشیی و 1 ئۆتۆمبێل و 2 سەرچاوەی ئاو وێران بوون.

باسی لەوەشکردووە، کە بەهۆی بۆردوومانەکان یەک هاوڵاتی مەدەنی برینداربووە.

جێگەی ئاماژەیە، زیاتر لە مانگێکە هێزەکانی سوپای تورکیا هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش سنووری پارێزگای دهۆک و رۆژانەش بە بەردەوامی بۆردوومانی ناوچەکانی ئەم سنوورە دەکات و بۆتە هۆکاری تێکدانی ئارامی گۆمەڵگە و کاریگەی کردۆتە سەر ژیانی ئاسایی هاوڵاتییانی ناوچەکە.

بە پێی زانیارییەکان هەر ئەمڕۆ بەهۆی بۆردوومانی سوپای تورکیا بۆسەر شارەدێی شیلادزێ لە سنووری قەزای ئامێدی هاوڵاتییەکی مەدەنی کوژراوە و کەسێکیش برینداربووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار