ئێران.. ئامانج لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت!

2 مانگ لەمەوپێش



نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی: عەبدولڕەحمان گەورکی

لە ژێر رۆشنایی ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی ئێراندا!

لە دووهەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی قارەمانانەی خەڵکی ئێران نزیک دەبینەوە، کە لە ٢٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ بە دوای کوژرانی کچە کوردێکی خەڵکی شاری سەقز لە کوردستانی ئێران بە ناوی ژینا ئەمینی (مەهسا)، لە تاران دەستی پێکرد و تێیدا زیاتر لە ٧٥٠ لاوی ئێرانی لەسەر دەستی هێزەکانی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی، شەهید کران!

لە دوو ساڵی ڕابردوودا جیهان بە سەنتەری ئێراندا، بە ناو چەندین گۆڕانکاریدا تێپەڕیوە و ئێستا ئەوەی لە مێژووی ئێراندا تۆمار کراوە ئەوەیە کە "هەرگیز دۆخەکە ناگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو و دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی بەرەو کۆتایی خۆی دەچێت". کۆتایی ئەم دەسەڵاتە، دەستپێکی دەسەڵاتێکی جەماوەرییە. واتا دیمۆکراسی و یەکسانی، بەرامبەر بە سیستەمێکی دیکتاتۆری. چونکە خەڵکی ئێران دژی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەتێک بوون و هەن. خەڵکی ئێران ڕژێمی دیکتاتۆریی شایان ڕووخاند و ئێستا کاتی ڕووخانی دیکتاتۆریی ئایینی هاتووە!

 

لەم دوو ساڵەدا:

• دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی لە ئێران گەیشتووەتە خاڵی هەرەلاوازی خۆی و کاتی ڕووخاندنیەتی کە گومان هەڵناگرێت. خەڵکی ئێران لە جاران زیاتر لە بەدیهێنانی خواست و خەونەکانیان نزیک بوونەتەوە و لە "دۆست و دوژمن"ی خۆیان تێگەیشتوون. دوا قسە بۆ خەڵکی ئێرانە کە بە کەمتر لە ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت دەنگ نادات. خەڵکی ئێران "پڕۆژەی ئیبراهیم رەئیسی"، کە بە زاری خامنەیی "شیرین" بوو، لێیان کرد بە "جامی ژەهر". هەر بۆیە دوای لەناوچوونی ئیبراهیم رەئیسی، بەڵگەی سەرکەوتنی گەل بەسەر دیکتاتۆرییەتدا دەرکەوت و ئاسۆیەکی "ڕوون" لە نزیکبوونەوەدایە.

• پیلانەکانی دەسەڵاتی ئایینی و هەوڵی لایەنگرانی "سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ئایینی"، بۆ داتاشینی "بەدیل" و جێگرەوەی دەسەڵات، لە ئاستی جیهانیدا شکستی هێنا. ئەو تاک و بزووتنەوانەی (لەناکاو) هێنرابوونە ناو گۆڕەپانی سیاسی ئێرانەوە هەموویان ڕیسوا بوون. هەرکامیان بوون بە بەڵگە بۆ ئەم ڕاستییە کە بێ ڕەگ و ڕیشەن لە ناو کۆمەڵگای ئێراندا و تەنها بۆ ئەوە هاتبوونە ناو گۆڕەپانەکە کە شتێکیان دەست بکەوێت و خەڵکی ئێران دڵسارد بکەنەوە لە داواکارییەکەیان، واتا ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئایینی. هەربۆیە درووشمە بریقەدارەکانی ئەوان کە جار و بار لە لایەن بۆندەکانی "دیکتاتۆر"ەوە، پشتیوانی دەکرا و هەر کامەیان بۆ دامرکاندنی ڕاپەڕین و دووبەرەکینانەوە لە ناو گەلدا و هەروەها بۆ خستنە پەڕاوێزی (بەدیلی دیموکراتیک) هێنرابوونە گۆڕەپانەکەوە، کاڵ بوونەوە و دۆڕان و دروشمی سەرەکیی گەل بوو بە "هەمیشەیی". واتا ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئایینی.

• تاکە ئەڵتەرناتیڤی دێموکراتیک لە دژی ئەم رێژیمە، کە هەم ڕەگ و ڕیشەی لە کۆمەڵگەی ئێراندا هەیە و هەمیش لە ئاستی نێوەدەوڵەتیدا پشتگیری لێدەکرێت، هەم خاوەن هێز و توانایە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی ئێران و هەمیش خاوەن هێز و رێکخستن و پلانە بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگەی ئێران، هەم خاوەن بەرنامەی ڕوون و نەخشەڕێگا و رێنوێنیی کردارییە، هەمیش لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا تاقیکراوەتەوە و متمانەی خەڵکی بەدەست هێناوە، هەم خاوەن "ئۆرگانی سەرکردایەتیکردنی هەیە بۆ ڕاپەڕین" و هەمیش لێهاتووە لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتدا، ڕەوایەت و پێگەی خۆی سەلماندووە.

ئەرکی ڕەوەندی ئێرانی و لایەنە سیاسییە ڕاستەقینەکانی گەل

ئێستا دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر دەستپێکردنی ڕاپەڕینی سەرتاسەری و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران، ئەم "ڕاستی"یە زیاتر بۆ خەڵکی ئێران دەرکەوتووە کە بۆ ئەوەی بتوانێت بەسەر دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا سەربکەوێت، پێویستە "یەکڕیزیی لایەنەکان" پتەوتر بکرێت و لە دەوری هێزی سەرەکیی گۆڕەپانەکە کۆ ببنەوە تا ئەم یەکڕیزییە پتەوتر بێت لە جاران. مەبەست لە "هێزی سەرەکی" ئەو هێزەیە کە لە بواری کۆمەڵایەتیدا سەلماندی کە "تاکە هێزی ڕکابەرە لە بەرانبەر دەسەڵات ویلایەتی فەقیهی"دا و توانیویەتی ڕەوایەتی خەباتی خۆی و گەلەکەی، چ لە ناوخۆی ئێران و چ لە دەرەوەی ئێراندا بسەلمێنێت.

جێگە و پێگە و جیددییەتی هەر مرۆڤێکی ئێرانی و هەر هێزێکی ئێرانی لە مەیدانی بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتدا، بە دووربوون یان نزیکبوونی لەم هێزە هەڵدەسەنگێنرێت. بە وتەی خانمی مریەم ڕەجەوی کە لە کۆبوونەوەی ئەمساڵدا موقاومەتی ئێرانی ڕاگەیاند، هەرکەسێک خوازیاری "کۆماری" و "دەسەڵاتی کۆماری" و ئازادی و دیموکراسییە، سەرەتا دەبێت دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی و دیکتاتۆرییەتی فەقیهی بڕوخێنێت. هەر بۆیە سنووربەندیی دیاری ئەمڕۆکەی ئێران، ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرەکانی دیکتاتۆرییەتە لە ئێران. چ دیکتاتۆرییەتی شا و چ دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی.

 

بنەمای بنەڕەتی!

هەر کەسێک و هەر بزووتنەوەیەک، کە دەیەوێت دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا بڕوخێنێت، ئەندامی ئەم "یەکڕیزی و یەکگرتووییەی بەرەی گەل"ـە و خەڵک و موقاومەتی ئێران بە "دۆست"ی خۆیانی دەزانن. ئەمە بنەمایەکی بنەڕەتی و خەوشهەنەگرە! هەربۆیە دوژمنایەتیکردنی موقاومەتی ئێران بەدەر نییە لە خزمەتکردن بە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا!

مەبەست لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت!

بە وتەی خانمی مریەم ڕەجەوی کە لە کۆبوونەوەی ئەمساڵدا دووبارەی کردەوە، ئامانج ئەوە نییە دەسەڵاتێک جێی دەسەڵاتێکیتر بگرێتەوە. بەڵکو ئامانج گواستنەوەی ئەم دەسەڵات و سەروەرییەیە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان، واتا جەماوەری خەڵکی ئێران، کە دەتوانرێت لە سێ ڕستەدا کورت بکرێتەوە: پشت بەستنی پتەو بە گەل و هێزە جەنگاوەرەکەی. هەبوونی سنوور لە نێوان گەل و دەسەڵاتی پاشایەتی و دەسەڵاتی ئاخوندیدا کە لە لایەن (ئەنجومەنی نیشتمانی موقاومەتی ئێران)ەوە نوێنەرایەتی دەکرێت و بنەمای لەسەر (کۆمارێکی دیموکراتیک)ـە بە ناسنامەی (جیاکردنەوەی ئایینەوە لە دەوڵەت).

کەواتە، هەر کەسێک یان هێزێکی ئێرانی، بە دووربوون یان نزیکبوون لە هێزی سەرەکی و پابەندبوونی بە بنەماکانی خەبات و نەخشەڕێگای هەڵدەسەنگێنرێت. سروشتییە کە ئاستەنگ و بەربەستی زۆر لە ڕێگادا هەبێت. چونکە دیکتاتۆری و هاوپەیمانەکانی، بە شێوازگەلێکی جیاواز هەوڵ دەدەن بۆ تێکشکاندنی ئەو بناغە و نەخشەڕێگایانە بۆ ئەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا درێژ بکرێتەوە! بەڵام هێزی پابەند و بەرپرسیار و جەماوەری، بە ئەرکی خۆی دەزانێت لەبەردەمیاندا بوەستێت و نەهێڵێت ڕاپەڕین و شۆڕشی خەڵکی ئێران بە لاڕێدا بەرن. وەک ئەوەی لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٤٠١دا شاهیدی بووین. وەک "حیجاب"، "توندوتیژی"، "ئایین"، "نەتەوەگەرایی" و.....تاد.

دوا وشە!

(بەرخۆدان) مافی ڕەوای گەلی ستەملێکراوی ئێران و ڕەمزی پێشکەوتن و سەرکەوتنە بەسەر دیکتاتۆرییەتدا و سەکۆی ئومێد و ئازادییە. ئەگەر بەرخۆدان نەبێت، هەموو شتێک بە چەقبەستوویی دەمێنێتەوە و دەسەڵاتی دیکتاتۆری دەمێنێتەوە. بەرخۆدان، واتە هێرشکردنە سەر دیکتاتۆرییەت و تێپەڕین بە ناو توندوتیژی و ئایین و نەتەوە و حیجاب و ئاڕاستەی سیاسی و دانوستان و سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت، کە بە قوربانیدان و فیداکاری بۆ گەیشتن بە ئازادیی ئێران و خەڵکی ئێران دێتە دی.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار