zhyr

گەر دەتانەوێت فێربن، فەرموون لە ((زانا ڕەحمان))ەوە فێربن

3 مانگ لەمەوپێش



شوان ئەحمەد

دەورانی ترۆقی و هەڵکشانی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، لەگەڵ هاوڕێی ئازیز عەتا محەمەدی چیرۆکنووس، هەروا قسە و باسمان دەکرد.

وتم:(گۆڕان شتێکی باش دەکات کە کەسانی گەنج و دەموچاوی تازە، دێنێتە پێش و ئەرکیان پێ دەسپێرێ).

عەتا محەمەد وەک هەمیشە کە لە من وردتر و بە دیقەتتر بووە، قسەکەی لێوەرگرتمەوە و وتی:(نا، هەر ئەوە بەس نییە.

دەبێت کەسانێک بن، هەڵگری مۆراڵ و ئەخلاقیاتێکی جیاواز و تازەش بن).

ئەو ڕاستی کرد، ئاخر زۆرێک لەو گەنج و دەموچاوە نوێانەی هاتنە پێش، ئەخلاق و ڕەفتار و کارکردنیان، نەک هەر جیاواز و نوێ نەبوو، بگرە ئەوەندە پارتی و یەکیەتیانە و ناقۆڵایانە بوو، نەک هەر خۆیان بزوتنەوەکەشیان پێوە سوک و ڕیسواکرد.

هەمووان لیستی ناوی ئەو خۆفرۆش و گۆڕان فرۆشانەیان لایە، کە وایانکرد گردەکە لە قەڵا و مەکۆی گۆڕانکارییەوە، ببێتە شوێن نەفرەت و بێزلێکردنەوە.

بەڵام لە ناو ئەو کەمە کەمەی کە ڕاستگۆیانە وەک گۆڕان مانەوە و وەک بەڵێن و دروشمەکانی بزوتنەوەکە ملی ڕێگەیان گرت و لایان نەدا، قایمقامە ڕۆح سوک و بەرپرسیار و سادە و خاکیەکەی پێنجوێن بوو.

(زانا ڕەحمان)، گەنجێک لە سەرەتاکانی تەمەنیدا، دە ساڵ ڕاستگۆیانە لە ناو لێشاوێک قەیران و کێشە و تەنگژەی قوڵی ڕاستەقینە و دروستکراودا، شانی دایە بەر بەرپرسیاریەتیەکەی و ئەوەی لە توانایدا بوو، جوامێرانە ئەنجامی دا.

لەو شارۆچکە سەر سنوریەی بە هۆی جەنگی هەشت ساڵەوە پڕ لە مینە، گورگە برسی و داشە هارە و دەستڕۆیشتوە گەندەڵ و بێزراوەکانی ناوچەکە کە ناحەز بەو بوون، لە کەمیندا بوون بۆی و ڕێگاکانیان بۆ مینڕێژتر دەکرد، تا کاری لەبەر نەڕوات و لەکەداری بکەن، بۆیە دەبوو شەڕێکی بەردەوامی ڕۆژانە بکات و هەمیشە لە ئامادەباشیدا بێت.

کە جار جار دەمبینی و لێم دەپرسی، لەگەڵ کێشە و سەرئێشەی شارەکەدا لە چیدای؟ وەڵامی هەر ئەوە بوو:(پشت بە خوا خەریکین و لەگەڵی دەڕۆین). لە دنیای دوای ڕاپەڕیندا، کەسێک نییە پۆستێکی وەرگرتبێ و لە بری ڕەحمەتی بۆ چووبێ، غەزەبی لێنەگیرابێ.

کەچی (زانا ڕەحمان) وەک نمونەیەک، بە تەمەنێکی کەم و بێ بوونی هیچ ئەزموونێکی لە پێشینە، ڕوسورانە لەو تاقیکردنەوە دێتە دەرێ.

بۆ لەمەودوا گەر کەسێک ویستی بەرپرسیارێتی وەربگرێت و سەربەرزانە ڕایی بکات، با چاوێک لە قایمقامە گەنجەکەی پێنجوێن بکات و شتێک لە پاکیەتی و خاکەڕایی، لەوەوە فێرببێت. بۆ فێربوون لێشی نزیکە دەستە و ئاسان دەدۆزرێتەوە.

ئاخر ئەو لە بەیژین و ئالاسکا نییە، ماڵی لە گەڕەکی ئەلیاسەفڕەیە و گەر بتانەوێت لە سوچی کۆڵانێکدا توشی دەبن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار