ناوەندی تۆماری بەڵگە: دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ خۆیدا سەدان داعشی هێناوەتە ناو خاکی هەرێم
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ناوەندی تۆماری بەڵگەی پێشێلکاری لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ خۆیدا سەدان داعشی هێناوەتە ناو خاکی باشووری کوردستان و لە سنووری پارێزگای دهۆک جێگیری کردوون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23ی تەمووزی 2024، ناوەندی تۆماری بەڵگەی پێشێلکاریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند ، کە دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ خۆیدا سەدان داعشی هێناوەتە ناو خاکی باشووری کوردستان و لە سنووری پارێزگای دهۆک جێگیری کردوون و ئەو داعشانە لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا لە کامپی تایبەتی سەربازیی مەشق و ڕاهێنانیان پێ دەکرێت و ڕەوانەی باشووری کوردستان دەکرێن.
لە ڕاپۆرتەکەی ناوەندی تۆماری بەڵگەشدا هاتووە، دەوڵەتی تورکیا ئەو داعشە سوورییانەی کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کۆی کردوونەتەوە، لەبەرامبەر بەڵێنی پارە و پێدانی چەک و هاوکاریی، ڕازی کردوون بۆ ڕەوانەکردنیان بۆ باشووری کوردستان و بەکارهێنانیان لە داگیرکردنی باشووری کوردستاندا.
لە ڕاپۆرتەکەدا لەبارەی ژمارە و ناسنامەی ئەو داعشانەوە ئەوە خراوەتەڕوو، زیاتر لە 300 داعشن و لە ناوچەی بەرواری باڵا و سنووری پارێزگای دهۆک لە باشووری کوردستان، لەناو بارەگا سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیادا جێگیر کراون.