دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، حکومەتی هەرێم باجی لەسەر چەند کار و پیشەیەکی هاوڵاتیان لابرد

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاریدا حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕادەستی بەغدا بکات، ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم باجی لەسەر چەند  چەند کار و پیشەیەکی هاوڵاتیان لابرد.

حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوێکی فەرمی سەبارەت بە‌لێخۆشبوون لە باجی سەر چەند  چەند کار و پیشەیەکی هاوڵاتیان بڵاوکردووەتەوە.

لە نوسراوەکەدا هاتووە، بەفەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی هاوڵاتییان و پیشەوەران له هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بە ڕاگرتنی وەرگرتنی باج لەسەر چێشتخانە و هۆتێلەکان، نەخۆشخانە تایبەتییەکان و سەمونخانە و نانەواخانەکان و زەوییە بەتاڵەکان.

ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێم لەکاتێکدایە، کە پێشتر دادگای فیدراڵی بڕیاریدابوو هەولێر سەرجەم داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕادەستی بەغدا بکات، لە سەرەتادا هەرێم ڕازی نەبوو بەپێدانی ئەو داهاتانە بە‌ بەغدا، بۆیە چەند جارێک کێشە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم درووست بوو و موچەکانیان دواکەوت.

دوای چەند سەردانێکی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و بەرپرسانی حکومەتی عێراق، لە کۆتاییدا حکومەتی هەرێم ناچارکرا سەرجەم داهاتەکانی ڕادەستی بەغدا بکات، لەبەرامبەر پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار