هەڵبژاردن و نادیموکراسیی

2 مانگ لەمەوپێش



  د. سەردار عەزیز  

لە دوای جەنگی ساردەوە مۆدێلێک لە پەرەدان بە دیموکراسی لە دونیادا پەرەی سەند کە بە دیموکراسیکردن لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە دەناسرێت.

ئەم مۆدێلە وەها دەبینێت کە لە میانەی دووبارەکردنەوەی بەردەوامی هەڵبژاردن، لە ئەنجامدا، سەرکوتکردن سەخت دەبێت و لێبوردەیی ئاسان دەبێت و دیموکراسی پێش دەکەوێت.

لەم ڕوانگەیەوە ئەمریکا و وڵاتانی تری دونیا هەمیشە ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنیان بەستووەتەوە بە ئاستی دیموکراسیی و کرانەوە و گۆڕینی نوخبەی سیاسییەوە لە وڵاتدا.

لەم ڕوانگەیەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەمیشە فشاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات لە کاتی خۆیدا لە کوردستان.

بەڵام ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان نەبووە هۆی پەرەدان بە دیموکراسی لە کوردستاندا.

هەڵبژاردن لە کوردستان زیاتر لە دیاردەی دابەشکردنەوەیەکی سنورداری پۆست و سەرچاوە و پێگەکان دەچێت، هەتا دیموکراسیی.

لێرەدا دەچینە نێو دیاردەیەکی ئاڵۆزترەوە؛ لە کاتێکدا کە دیموکراسی بەبێ هەڵبژاردن نابێت، بەڵام هەموو هەڵبژاردنێک نابێتە مایەی دیموکراسییبوون.

دیاردەکان و زانستە سیاسییەکان دەریدەخەن کە هەڵبژاردن تەنانەت بە سودی ئۆتۆکراتییش دەشکێتەوە، هەرچەندە دووریش بێت لە پاکیی و دادپەروەرانە.

لە ڕاستیدا لە مێژوودا هەڵبژاردن چەندێک ئامرازی دیموکراسی بووە، هێندەش ئامرازی نادیموکراسی بووە. جوت خەسڵەتی؛ پاکیی و دادپەروەریی، ئەو خەسڵەتانەن کە دەبنە مایەی ئەوەی هەڵبژاردن ببێت بە مایەی پەرەدانی زیاتر بە پرۆسەی دیموکراسیی بوون.

بۆئەوەی هەڵبژاردن پاک و دادپەروەر بێت، دەبێت کۆمەڵێک سیستەم و بەها لە وڵاتدا هەبن.

دەبێت هەمووان بە یەکسانی مامەڵەیان لە گەڵدا بکرێت. دەبێت نایەکسانییەکی گەورە لە دابەشکردنی ساماندا نەبێت لە نێوان لایەنەکاندا.

هەڵبژاردن لە کوردستان بەو جۆرە نییە. دەکرێت بڵێین کە هەڵبژاردن لە کوردستان چەند خەسڵەتێکی هەیە، یەکەم، لە ئاستی کادیری ناوەندیدا ڕاوەشانێک دروست دەکات، بە تایبەتی لە ناو یەکێتی و پارتیدا.

بەڵام بۆ پارتە سیاسییەکانی تر، هەڵبژاردن تەنها دەرفەتێکە هەتا بتوانن سەنگی خۆیان تاقی بکەنەوە و بێنە ناو کایەی سیاسیی و حکومەتداریی.

 بەڵام ئەم هاتنە ناوەوەیە سنوردارە، چونکە، کاتێک هێزێکی سیاسی دێتە ناو سیستەمی حوکمڕانی ئەوا دەبێت بە وەزیر یان هەر پۆستێکی تر، بەڵام وەزارەت پارتی و یەکێتین.

لە دۆخێکی وەهادا وەزیر کەسێکە کە لە ناو کایەیەکدایە کە توانای بە سەریدا نییە بەڵام کێشەی هەرە گەورەی هەڵبژاردن تەنها ئەوە نییە کە کاریگەری کەمە یان نیەتی، بەڵام خودی پرۆسەکە توشی ئالانگاریی زۆر بووە.

خەڵک بە نێگەتیف ئەزمونی هەڵبژاردن دەکەن، بەو مانایە هەتا زیاتر پیادەی بکەن، خراپتر مامەڵەی لە گەڵدا دەکەن. ئێستا خەڵکانێکی زۆر ناتوانن و نایانەوێت خۆیان کاندید بکەن، لە کاتێکدا دەبوو پرۆسەکە بە پێچەوانەوە بوایە.

دەبوو ئێستا لە کوردستان سەرۆکی حیزبەکان کاندید بونایە نەک دارودەستەکانیان بنێرن.

دوورەپەرێزی خاوەن بڕیاری ڕاستەقینە لە هەڵسەنگاندنی خەڵک، دەرخەری ئەوەیە کە خاوەن بڕیاری ڕاستەقینە لە سەروی بڕیاری خەڵکەوەیە.

بەڵام سەرباری ئەمانە قەیرانی هەڵبژاردن، کە یانی قەیرانی دیموکراسی، یانی قەیرانی حوکمداریی، واتە قەیرانی کەلتوری سیاسی، هەمووی تەنها لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە چارەسەر دەکرێت.

دەبوو لە سەرەتاوە کورد بە جیاواز مامەڵەی لە گەڵ هەڵبژاردندا بکردایە. هەڵبژاردن دەکرێت ئامرازی بونیادنانی سیستەم و دەزگا و کۆمەڵگابێت، لە هەمانکاتدا دەکرێت ڕوخێنەریشی بێت. کۆمەڵگایەکی پەرتی بێ دەزگا و ئەزمونی وەک ئێمە، هەمیشە مەترسی ئەوەی هەبوو کە هەڵبژاردن نەبێتە مایەی دیموکراسیی، چونکە کوردستانی باشور ناتوانێت لە کەلتوری شەڕی ناوخۆ دەربازی بێت.

کەلتوری شەڕ پێچەوانەی کەلتوری دیموکراسییە.

دیموکراسی فرەیی و سازش و لێبوردەیی خەسڵەتیەتی، شەڕ بە پێچەوانەوە هەوڵی زاڵبوون و ملهوڕیی و خۆچەسپاندن دەدات.

لە کوردستان هەڵە گەورەکە لەوەدابوو پرۆسەی دیموکراسی سپێردرا بە سیاسییەکان. لە مێژووی ناوچەکەشدا ڕۆشنبیر بەرهەمی حیزبە، هەروەها خەڵک خۆیان لە پڕ و بە خۆرسکی نابن بە دیموکراتخواز، ئەوەی مایەوە تەنها فاکتەری دەرەکی بوو.

بۆیە لە بەر فشار و ناچاری دەرەکی نەبێت کورد حەزیان لە دیموکراسی نییە. ئێستا فاکتەری دەرەکی لە دۆخێکی ڕاگوزەردایە و باوەڕ بە دیموکراسییبوونی دونیا لاوازە.

بۆ کورد هەتا هێندەی تر لاواز نەبێت، پێویستی بە دیموکراسیی و کەسانی شارەزای بونیادنەر و دەزگا و بونیادە کۆمەڵایەتییەکانە.

بەڵام ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت بە پێچەوانەی ئەم ئاراستەیەیە.

سەرباری  هەموو ئەمانە ئەوەی خەڵک دەبێت بیزانێت ئەوەیە؛ کە کشانەوە لە سیاسەت نابێتە مایەی باشترکردنی دۆخەکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار