کۆمیسیۆن: داواكاری و ناو تۆماركردن بۆ تیمەكانی چاودێری نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم کرایەوە
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاوی كردەوە، دەرگای پێشكەشكردنی داواكاری و ناو تۆماركردن بۆ تیمەكانی چاودێری نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان کرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی تەمووزی 2024، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، دەرگای پێشكەشكردنی داواكاری و ناو تۆماركردن بۆ تیمەكانی چاودێری نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كراوەتەوە، هەر لایەنێكی نێودەوڵەتی ئارەزووی چاودێریكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی هەیە دەتوانێت ناوی خۆی تۆمار بكات.
دەشڵێت، داواكار دەتوانێت سەردانی نووسینگەی دەستەی هەرێم لە هەولێر بكات یاخود لە رێگای ماڵپەری كۆمسیۆنەوە فۆرم و تەواوی پێداویستییەكان وەربگرێت.
جێگەی ئاماژەیە، سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی 20ی تشرینی یەكەمی 2024ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دیاریکردووە و هەروەها هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت.
پێشتریش جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، لە ئەنجامدا 13 پارتی سیاسی، دوو هاوپەیمانی، 124 كاندیدای تاكەكەسیی كە 19یان لە پێكهاتەی مەسیحین و 20یشیان توركمانن، تۆمار كراون.