ئەمریكا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان كرد
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە، لەچوارچێوەی كاروانی هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمریكا لە لە پارێزگای حەسەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان، كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)دایە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ڕەوانەی بنكەی سەربازی خۆی كردووە.
میدیاكانی توركیا سەبارەت بە ناردنی هاوكاری سەربازی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، زانیاری بڵاو دەكەنەوە.
میدیاكان ئاماژەیان بەوە كردووە، لەچوارچێوەی كاروانی هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمریكا لە لە پارێزگای حەسەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ڕەوانەی بنكەی سەربازی خۆی كردووە، ناو بە ناو مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی هەسەدە لەو بنكەیەكەدا دەمێنێتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هاوكارییە سەربازییەكە لە عێراقەوە ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان كراوە و لە 40 ئۆتۆمبێل پێك هاتووە كە زرێپۆشی جۆری Bradleyیشیان لەنێودا بووە، هەروەها كاروانە سەربازییەكە چەك و تەقەمەنی، كابینە و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی جۆری Avenger ی لەخۆ گرتووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، چوار جۆرە لەو سیستەمەی بەرگریی ئاسمانی ڕەوانەی ئەو بنكە سەربازییە كراون، ئەم جۆرە سیستەمانە ئامانجەكەیان لە دوری 443 كیلۆمەتر دەپێكێت، زیاتر لە دژی دۆرن، ئەو فڕۆكانەی نزم دەفڕن و هەلیكۆپتەر بەكار دەهێندرێت.
میدیاكانی توركیا بانگەشەی ئەوە دەكەن، سیستەمەكە بۆ هەسەدە ڕەوانە كراوە، پێشتریش باس لەوە دەكرا كە گوایە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەسەدە ڕەوانە كراوە، بەڵام هیچ لێدوانێكی فەرمی لە لایەن ئەمریكاوە لەسەر ئەو بابەتە نەدرا.
ڕەوانەكردنی ئەو هاوكارییانە لە كاتێكدایە، هێرشە درۆنییەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان تا ئێستا بەردەوامە و ژمارەیەك لە بەرپرسانی هەسەدە كوژراون، هەر لەماوە پێشتریش توركیا هەوڵی دا لە ڕێگای هێرشێكی درۆنییەوە لە فڕۆكەخانەی سلێمانی مەزڵوم كۆبانێ بكوژێت.