نازم شەمەری: ئەستەمە لایەنەكانی كەركوك لەسەر دانانی پۆستی پارێزگار ڕێكبكەون
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی تەمووزی 2024، نازم شەمەری ڕێكخەری دەستەی بیروڕای عەرەبی بە میدیاکانی ڕاگەیاند، ئەوەی ئێستا لە كەركوك دەگوزەرێت، بێ متمانەیی درووستكردوە و ئەستەمە لایەنەكانی كەركوك لەسەر دانانی پۆستی پارێزگار ڕێكبكەون.
دەشڵێت، باشترین چارەسەر بۆ كێشە ئیدارییەكانی ئێستای کەرکوک، دانانی وەزیرێكە كە سەربە هیچ كام لە پێكهاتەكانی كەركوك نەبێت.
نازم شەمەری، ئەوەشی خستۆتەڕوو، پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاش هەر جارە و نوێنەری پێكهاتەیەك سەرۆكایەتیی بكات و ئەنجومەنیش دەست بەكاری چاودێریی خۆی بكات.
باسیلەوەشکرد، سەرەڕای ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجامدا، بەڵام تائێستا لەلایەنەكانی كەركوك لەسەر دانانی پۆستی پارێزگار ڕێكنەكەوتوون.
جێگەی ئاماژەیە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق، دەبێت دوای یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا لە ماوەی 30 ڕۆژدا پارێزگار هەڵببژێردرێت، بەڵام 14 بەسەر یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی كەركوك تێپەڕێوە هێشتا لایەنەكان نەگەیشتوون بەڕێككەوتن.