zhyr

شاری هێرت و مرۆڤی "وێرانەباش"

3 مانگ لەمەوپێش



تاریق فاتیح

١

ئەو شێوازە لە ژیانکردن کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت، جۆرە ژیانێکە تا سەر ئێسقان خاڵییە لە هەر ئیمکانێکی دەستەبەرکردنی ئارامی و خۆشگوزەرانی. هاوڵاتییانی ئەم هەرێمە ماوەی زیاتر لە سی  ساڵە، هەر جارە و بە دەست گرفت و قەیرانێکی نوێوە دەناڵێنن و باجی خراپیی شێوازی حکومڕانی و گەندەڵی سیاسی و پاشاگەردانی سەرانی دەسەڵاتدار دەدەن. ئەمەش وایکردووە  دۆخێک لە دونیای ئێمەدا بخوڵقێت هاوشێوەی دۆخی ئەو شارە خەیاڵییە بێت کە بە شاری "هێرت" ناسراوە.

شاری "هێرت" ناوی شارێکە وەک تەنز و هێمایەک بەکاردێت بۆ ئەوجۆرە شار و وڵاتانەی کە هیچ شتێکیان لە شوێنی خۆیدا نییە و خاڵییە لە هەر پرەنسیپ و بنەمایەکی سیاسی و یاسایی و هەموو شتێکی خراپ ڕەوایە تێیدا ڕوو بدات، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ژیانی هاوڵاتیان و خەڵکی تێدا بکرێت. هەر بۆیە لە هەر شوێنێکدا ڕەفتارێکی بێسەر و بەر و هەڕەمەکی بنوێنرێت، دەوترێت چۆن شتی وا دەبێت؟ خۆ ئێرە شاری هێرت نییە! چونکە وەک لە بەسەرهاتی شارەکەوە دەردەکەوێت ئەوەی لەوێ ڕووی داوە، لە دەرەوەی هەر پێوەرێکی ئەخلاقی و سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتیدایە.

 

٢

دەگێڕنەوە جارێک لە شارێکدا دزییەک ئەنجام دەدرێت، کاتێک فەرمانی گرتن بۆ دزەکە دەردەچێت و دزەکە دەگرن، کابرای دز دەڵێت بەڕاستی من بێ تاوانم، چونکە ئەو ماڵەی من دزییەکەم لێ کردووە، دیواری حەوشەکەی خۆیان نزمە، ئەگەر وا نەبوایە منیش نەمدەتوانی ئەو کارە بکەم. بۆیە دزەکە ئازاد دەکەن و کابرای خاوەن ماڵ دەگرن. کابراش دەڵێت لە ڕاستیدا من پارەی تەواوم داوە بە وەستاکە، ئەو کارەکەی خۆی بە باشی نەکردووە، بۆیە من تاوانم نییە و لە ڕاستیدا نازانم بۆ منتان دەستبەسەر کردووە! کاتێک دادوەر گوێبیستی ئەم قسانە دەبێت، خاوەن ماڵەکەش بەردەدات و فەرمان بۆ گرتنی وەستای دیوارەکە دەردەکات. کە وەستاکە دەهێنن ئەویش دەڵێت هەرگیز من تاوانبار نیم، چونکە کاتێک دیوارەکەم دروست دەکرد، ژنێکی دراوسێیان لە حەوشە بوو، بەهۆی  بازنەکانی دەستییەوە سەرنجی ڕاکێشام و ئیتر لە بیرم کرد دوو چینی دیکە لە دیوارەکە بنێم. بۆیە من هیچ خەتایەکم نییە و بێتاوانم. ئیتر وەستاکەش ئازاد دەکرێت و دەچن ژنی دراوسێی خاوەن ماڵەکە دەگرن! ژنەکە دەڵێت ئاخر من تاوانم چییە، لە کاتێکدا ئەوە زەڕەنگەرەکەیە کە بازنەکانی بە نەخشێکی وا  بۆ دروست کردووم کە سەرنجی خەڵکی ببات! بۆیە من شایەنی ئەوە نیم دەستبەسەر بکرێم. دوای ئەوە ژنەکەش ئازاد دەکرێت و دەچن بۆ گرتنی زەڕەنگەرەکە، پۆلیسەکان هەرچەندە دەگەڕێن کابرای زەڕەنگەر نادۆزنەوە، بۆیە سەرئەنجام ئاسنگەرێک دەگرن و دەیبەنە بەردەم دادوەر و لە سێدارەی دەدەن!!

 

 

٣

ئەمە شاری هێرتە! ئەو شارەی کە هەموو کەسێک تێیدا تاوانبارە و هیچ کەسێکیش تاوانبار نییە! بێ تاوان لە سێدارە دەرێ و دزیش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێت. شاری هێرت شارێکە  مرۆڤەکانی نازانن باشن یان خراپن، بۆیە کە لە هەواڵی یەکتر دەپرسن: بە یەک دەڵێن "وێرانەباشین"، واتە هەم وێران و تێکشکاون، هەم زیندوون و هەناسە ئەدەن، ئەمەش وەک باشی دەردەکەوێت، لە کاتێکدا زیندووبوون پێوەر نییە بۆ باشی، بۆیە وێرانەباشی کەس نازانێت چۆنە، تەنیا ئەوانە نەبێت کە هاوڵاتی شاری هێرتن!

ئەوەی مایەی نیگەرانییە، ئەوەیە ئێستای هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر لە شاری هێرت دەچێت، دەسەڵاتدارانی کورد بە درێژایی حوکمڕانییان مۆدێلێکیان لە سیاسەت دروستکردووە، کە ژیانی ئێمە بە جۆرێک لە شیرازەوە هەڵتەکێت، لە شاری هێرت نەبێت، لە هیچ شار و وڵاتێکی دیکەی دونیا نەچێت! هاوڵاتیان و خەڵکیش هەمووان لە سایەی ئەم مۆدێلە خراپەی بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی کۆمەڵگاوە، لە دۆخێکدا بژین، دۆخی وێرانەباشی بێت. ئێستا لە هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە بپرسیت حاڵت چۆنە؟ لەو پەڕی نا ئومێدی و تێکشکانەوە پێت دەڵێت باشم، بەڵام خۆی دەزانێت وا نییە و تۆش تێدەگەیت کە نەک باش نییە بەڵکو ژیانیشی وێرانە، بۆیە ناوێک کە بگونجێت لەگەڵ ئەو جۆرە دژییەکییەدا کە مرۆڤی ئێمەی تێدا دەژی و بە ڕواڵەت باشە و لەناخەوە وێران و تێکشکاوە، تەنیا چەمکی "وێرانەباشییە"، کە ئاماژە و ناوێکی تەواو گونجاوە بۆ ئەوجۆرە لە مرۆڤ کە لە سایەی دەسەڵاتی کوردییەوە، لە ئێستای کوردستاندا وەک بەرهەمی کوردایەتی بەرهەم هاتووە.

 

٤

ئەوەی گرنگە بکرێت و کاری لەسەر بکەین ئەوەیە نە هێڵین چیتر لەوە زیاتر ئەم وڵاتە لە دۆخی شاری هێرتدا بمێنێتەوە. وا بکەین لە جیاتی ئەوەی مرۆڤگەلێکی "وێرانەباش"بین، بە وشیارییەکی زۆرەوە کار بۆ گۆڕینی بارودۆخی ئەم وڵاتە و دەرچوون لەم دۆخی وێرانەباشییە بکەین. ئەمەش بە بوونی ئیرادەیەکی بەهێز و پشوودرێژییەکی لەبننەهاتوو دەکرێت بۆ سەرپێخستنی سیاسەتی ڕزگاری. سیاسەتێک کە بوونی فرەیی ئێمە وەک هاوڵاتیان و خەڵکی ئەم وڵاتە، بکەر و ئاڕاستەکەری بێت، نەک دەستەبژێرێکی خێڵەکی و خۆپەرست پێشڕەوایەتی بکەن و لەسەر وێرانەی ئێمە، باشی و خۆشگوزەرانی خۆیان دەستەبەر بکەن. بۆیە هەرچی زووترە پێویستە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە، مانای سیاسی چەمکی هاوڵاتیبوونی خۆیان بەکار بهێنن و هەرکەس لە ئاستی خۆیەوە خۆی بە بەرپرسیار بزانێت بەرانبەر بەم هەلومەرجە نالەبارەی لە ئێستادا باڵادەست بووە و سبەی کاتێک هەڵبژاردن کرا، ئیرادە و دەنگ و متمانەی خۆیان بە هێز و قەوارەیەک ببەخشن کە ئومێدی ئەوەی لێدەکرێت، ئەم شاری هێرتەی ئێستامان بۆ بکاتەوە بە نیشتیمان و ماڵێکی ئارام، تا هەمووان پێکەوە تێیدا هەست بە ئارامی و بەهای مرۆڤبوونی خۆمان بکەین و لەم دۆخی "وێرانەباش"ییە، دەرچین، کە سەرتاپای ژیانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەی گرتووەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار