کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق: هەموو رێکارێکمان بۆ رێگریکردن لە ساختەکاری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گرتووەتەبەر
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەموو رێکارێکمان بۆ رێگریکردن لە ساختەکاری گرتووەتەبەر، هەروەها بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن دەڵێت، "بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو دەتوانین بڵێن دەرفەتی کاری ساختە و تەزویر زۆرزۆر کەمە لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا".
مەروان محەمەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەندووە، ”ئێمە وەکو کۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەمو ڕێکارێکمان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی ئەو قسە و باسانەی کە پێشووتر دەکرا لە بارەی ساختەکارییەوە ئەمجارە بە هیچ شێوەیەک نەکرێت و دەرگاکانمان داخستووە، چونکە دەنگدەر تەنها دەتوانێت بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات، کارتی بایۆمەتریش تەنیا بۆ ئەوانە کراوە کە سەردانی کۆمسیۆنیان کرد و خۆیان تۆمارکردوە و کارتی کورت خایەنی پێشوو کاری پێناکرێت".
وتیشی، "جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ڕێگای دەستی و ئەلیکترۆنیەوە دەکرێت و ئێمە وەکو کۆمسیۆن ڕێگا نادەین ساختەکاری بکرێت".
بە خوێندنەوەی چاودێران، لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر دەرفەتی ساختەکاری زۆربوو، بۆیە زۆریەک لە هاوڵاتییان متمانەیان بە دەنگدان نەمابوو و بەڕێژەیەکی کەم بەشداری پرۆسەکەیان دەکرد و دەیانوت “هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت”، بەڵام ئەمجارەیان چاودێران ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە مەحاڵە ساختەکاری بکرێت، چونکە هەڵبژاردنەکە عێراق بەڕێوەی دەبات نەک هەرێمی کوردستان.
هەروەها ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن بە دەنگی ئەمەریکای وتوە، ”بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردو ئەتوانین بڵێن دەرفەتی کاری ساختە و تەزویر زۆرزۆر کەمە لەم هەڵبژاردنەدا، چونکە بە ئەزموونی بینینی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 تەنانەت لە هەڵبژاردنی 18ی 12 ی 2023 بۆ ئەنجومەنی پاریزگاکان بە ڕاستی ئەو دەرفەتە زۆر زۆر کەم ماوەتەوە بۆ ئەوەی کاری ساختەکاری بکریت، گەر بشکرێت زیاتر لە دەنگدانی تایبەتدا و ئەویش ئەوەیە بتوانن هێزی ناوچەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بتوانن بخەنە سەر هەرێمی کوردستان دیسانەوە ئەوەش ئاسان نییە".
بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن دەشڵێت، "داخستنی تەواوی دەرگاکان بۆ ئەوەی ساختەکاری نەکرێت، کارێکی هەروا ئاسان نەبوە و ماندوبونێکی زۆری ویستوە و تێچوویەکی زۆر هەبو کە تەنها دەنگدەر بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات".
ڕۆژی 26ی حوزەیرانی 2024، بۆ پێنجەم جار سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کاتێکی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم دەستنیشانکرد و بڕیاریدا هەڵبژاردنەکە لە ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەرێوەبچێت.