لە ڕێگەی 53 ناوەند و 85 تیمی گەڕۆك كارتی بایۆمەتری دەنگدەران لە هەولێر دابەش دەكرێت

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ هەینی، 26ی تەمووزی 2024، ئەحمەد مازن بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەکانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند: ئامادەكارییەكان بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، كە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەكەم ئەنجام بدرێت.

دەشڵێت، لە كۆی لیستە تۆمارکراوکان بۆ بەشداریى لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 121 لیست، لەنێویاندا دوو هاوپەیمانی، 13 حزب، 19 كاندیدی پێكهاتەی مەسیحی، 14 كاندیدی توركمان و 85 كاندیدی سەربەخۆ هەیە.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە ڕێگەی 53 ناوەندمانەوە لە شارى هەولێر و هەروەها، 85 تیمی گەڕۆكەوە كارتی بایۆمەتری دەنگدەران دابەش دەكرێت.

باسی لەوەشکرد، بەپێى کۆتا ئاماریش تا ڕۆژى 11ی تەمووز حەوت هەزار و 924 كارتی دەنگدەر دابەشكراون.

ئەوەشی بە میدیاکان ڕاگەیاند، پرۆسەی تۆماركردنی بریكاری حزبە سیاسییەكان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، سەندیكاكان، تۆڕەكانی چاودێری هەڵبژاردن، دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن، كەناڵەكان، ڕادیۆكان، ڕۆژنامەكان لە بارەگای فەرمانگەكەیان ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستی پێدانی مۆڵەت بۆ بەشداریكردن لە چاودێریكردن و ڕووماڵكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم.

جێگاى ئاماژەیە، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی 20ی تشرینی یەكەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، هەروەها هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار