سائیر مەخیف: لەشکرکێشی تورکیا بۆ هەموو عێراقییەکان جێگای نیگەرانییە

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لەشکرکێشی تورکیا بۆ هەموو عێراقییەکان جێگای نیگەرانییە، ترسیشمان هەیە کە ببێتە سەرەتای کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ هەینی، 26ی تەمووزی 2024، سائیر مەخیف ئەندام پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەشکرکێشی تورکیا بۆ هەموو عێراقییەکان جێگای نیگەرانییە، ترسیشمان هەیە کە ببێتە سەرەتای کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی ڕێککەوتنێکی سیاسی شاراوە لەگەڵ هەندێک لایەن، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو بێدەنگییەی کە پرسیاری زۆر دروست دەکات.

دەشڵێت، کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی عێراق و دامەزراندنی بنکە و وێستگە و ئاوارەکردنی خەڵک هێڵی سوورە و سەروەری نیشتمانی پێشێل دەکەن، ئێمەش قبوڵیان ناکەین.

سائیر مەخیف ئەوەشی خستۆتەڕوو، تورکیا لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە دەستی بە ئۆپەراسیۆنی داگیرکاری کردووە کە گەورەترین ئۆپەراسیۆنە لە ماوەی 10 ساڵدا، لە سەرانسەری 4 ناوچەوە بەرەو دهۆک بەردەوامە لە بۆردومان و ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسمانی و تۆپخانە، کە بووەهۆی ئاوارەبوونی سەدان خێزان و زیانگەیاندن بە دەیان گوند و چۆڵبوونیان.

وتیشی، بێدەنگی بەغدا وای لە ئەنقەرە کرد بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی، هۆشداریشی دا لە مەترسی دروستکردنی سێگۆشەیەکی ئاگرین لە سنووری عێراق، دەشڵێت، لە ژێر ڕۆشنایی چاودێریکردنی ئەنقەرە بۆ هەڵوێستەکانی عێراق، سوود لە نەبوونی وەڵامدانەوە وەردەگرێت.

ئەم ئەندام پەرلەمانە ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی تورکیا دەیکات سێگۆشەی بڵێسەدار دروست دەکات، بە ئاماژەدان بە ناوچەکانی دەوروبەری دهۆک کە خەڵک لە ڕووی ئاوارەیی و وێرانکاری و ئاژاوەگێڕییەوە باجەکەی دەدەن.

باسیشی لە  پێویستی گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێک کرد بۆ پاراستنی زەوی و زار و خەڵک و ڕێگریکردن لەوەی ئەو ناوچانە بە بیانووی شەڕکردن ببنە گۆڕەپانی ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار