ئێران، دەسەڵاتێکی لاوازتر لە جاران

چاوخشانێک بەسەر شانۆگەریی هەڵبژاردنەکان لە ئێران

4 مانگ لەمەوپێش



  نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی: عەبدوڕەحمان گەورکی  

بەبێ شارەزایی لە بارودۆخی ئێران، ناکرێ شیکارییەکی دروست بۆ "شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماریی رژێمی ئێران" بکرێت کە لەم دواییانەدا بە دوو قۆناغ بەڕێوەچوو و بووە هۆی دەستنیشانکردنی پاسدار (مەسعوود پزیشکیان)! بۆچی؟  

قەیرانی نەمان!

رژێمی ویلایەتی فەقیهی ئاخوندی لەبەردەم قەیرانێکی جیددیدایە و ناوی"ڕوخاندنی دیکتاتۆرییەت"ە.

قەیرانێک کە لە ساڵی ١٤٠١ (٢٠٢٢)دا نەک هەر دەسەڵاتی ئێران ئەزموونی کرد، بەڵکو هەموو جیهان ئەوەی بینی.

ئەو ڕاستییە سەلمێنراوەی لە سەرووی هەموو شتێکەوە بوو، ئەوە بوو کە "خەڵکی ئێران رژێمێکی ئایینی و بەتایبەتی دەسەڵاتی وەلی فەقیهیان ناوێت".

بە واتایەکیتر، دەسەڵاتی ئێستا نوێنەرایەتی خەڵکی ئێران ناکات!  

بۆچی پزیشکیان؟

بەبێ رەزامەندی وەلی فەقێ، مەحاڵ بوو (مەسعوود پزیشکیان) لە سندوقی دەنگدانەوە وەک سەرۆک کۆمار دەربکەوێت.

ئەم ڕاستییە نەک هەر لە قسەکانی مەسعوود پزیشکیانەوە دەکرێت ببیسترێت، بەڵکو لە شانۆ هاوشێوەکانی ساڵانی رابردووشدا و لە باکگراوەندەکەیەوە دەبینرێت کە دووجار لەلایەن ئەنجوومەنی پەسەندکراوی (عەلی خامنەیی)ەوە، سەڵاحییەتی ناوبراو ڕەتکراوەتەوە.

ئێستا پرسیارە جیدییەکە ئەوەیە کە بۆچی لە شانۆگەریی ئەم دواییەدا سەڵاحییەتی ناوبراو لە لایەن هەمان ئەنجوومەنی خامنەییەوە پەسەند کراوە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، پێویستە ئەم دەرکەوتنە، وەک دەرئەنجامی ئەو دۆخە وەربگیردرێت کە عەلی خامنەیی تێیدا بووە بە ئێستاشەوە! ئەگینا چ شتیک گۆڕدراوە و هۆکاری ئەم دەستنیشانکردنە یان دانانەی پزیشکیان چییە؟ دەگەڕێینەوە بۆ خولی ١٣ی شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئاخوندان.

خامنەیی بە دانانی ئیبراهیم رەئیسی "هێڵی گرژبوون"ی ڕژێمەکەی گرتەبەر کە تاکە بژاردەی بوو، بۆ ئەوەی بەر بە خەڵک و موقاومەتی ئێران بگرێت کە ئێستا پەرەیان بە (ستژاتیژیی ڕووخاندنی دەسەڵات) داوە  بە ڕێکخستنی هەزاران (ناوەندی شۆڕش) لە سەرتاسەری ئێراندا.

ئەم ستراتیژییە، بریتیبووە لە هێڵێکی کردەیی و جیددی و درێژەپێدەری "ستراتیژیی ئەرتەشی ئازادیبەخشی میللیی ئێران"، کە تامی تاڵی رووخاندنی دەسەڵاتی خومەینی لە مانگی ئابی ١٣٦٧ (1988)یان بە دەسەڵاتی ئایینی چێشتبوو کە ئەگەر سیاسەتی "سازان لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆری" نەبووایە، ئێستا ئاسەواری ئەم ڕژێمە رزیوە لە ئێراندا نەمابوو.  

گورزێکی ستراتیژیکی

پێش ئەوەی بچینە سەر باسی هێنانە سەرکاری مەسعود پزیشکیان، پێویستە ئەو پرسیارە بخەینەڕوو کە ئایا "کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی رەئیسی و هاوڕێکانی" کە لە رۆژی ٣٠ی بانەمەڕی ئەمساڵ روویدا و ئەم شانۆگەرییەی کردە "پێشوەختە"، "گورزێکی ستراتیژیکی"بوو" بۆسەر خامنەیی یان نا؟ گومان لەوەدا نییە کە لەم رووداوە گرنگەدا، عەلی خامنەیی کەسی هەرە"نزیک"ی لەدەستدا! بەڵام گورزی گرنگتر، ئەو گورزە بوو کە پێش ئەو ڕووداوە، لە لایەن خەڵک و موقاومەتی ئێرانەوە، لە "گێژگە"ی خامنەیی پەککەوتە سرەوێنرا و کۆڵەکەکانی سیستمی ویلایەتی فەقیهی ئاخوندی هەژاند.

هەربۆیە خامنەیی "دۆڕاوی ستراتیژیکیی شانۆگەریی هەڵبژاردن"ە و هاوسەنگی و "وەرزێکی نوێ" لە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیدا دەرکەوت.  

وەرزێک کە گورگەکانی پەیڕەوی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی یەکتر دەدڕن و "سەگی زەرد" لە برای "چەقەڵ" بەدەر نییە و دەرئەنجامەکەی لێکترازان دەبێت لە ناو دەسەڵات و ئەوەش لە رێڕەوی "راپەڕین بۆ رووخاندنی دەسەڵات" و " دیکتاتۆرییەتی ئاخونداندا ڕەنگ دەداتەوە."  

بزووتنەوەی دادخوازی

هەمووان لەبیریانە کە "بزووتنەوەی دادخوازیی خوێنی شەهیدان" لە ساڵی ٢٠١٥ لە لایەن خانمی مریەم ڕەجەوی، سەرۆکی موقاومەتی ئێرانەوە راگەیەندرا.

ئەم بزووتنەوەیە بووە هۆی شکستی پرۆژەی هێنانە سەرکاری (ئیبراهیم رەئیسی) لە خولی دوانزەهەمی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕژێمی ئێران.

ئەگەرچی ئەم بزووتنەوەیە سەرنجی لەسەر کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە (30) هەزار زیندانیی سیاسی لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ (1988) بوو و ئیبراهیم رەئیسی یەکێک بوو لە سێ ئەندامەکەی "دەستەی مەرگ"، کە بۆ جێبەجێکردنی "فەتوا"ی خومەینی راسپێردرابوون، بەڵام بابەتی ئەو دادخوازییە، هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیدا شەهید کراون.

کەواتە لە یەکەم تێڕوانین بۆ سەر شانۆی هەڵبژاردنەکانی رژێمدا، دەتوانین ئاماژە بەو راستییە بکەین کە (عەلی خامنەیی) لە پڕۆژەی هێنانە کایەی "رەئیسی"دا شکستی هێنا و ئێستا هەوڵی تێپەڕاندنی ئەو شکستەی دەدا.

ئەگەرچی نەبوونی هیچ لێپرسینەوەیەکی نێودەوڵەتی لە خامنەیی و ڕژێمەکەی، سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، ئاخوندانی دەستکراوەتر کردووە لە خوێنڕشتن.

تاوانەکانی وەک: کۆمەڵکوژی گەلی کورد، لەسێدارەدانی شەستەکان (دەیەی 90ی زایینی)، قەتڵە زنجیرەییەکان، کۆمەڵکوژکردنی ساڵی 1367(1988)، کوشتنی راپەڕینکاران و بەتایبەتی لە ساڵانی 2009، 2017، ٢٠١٩، 2022 و زنجیرەیەک کردەی تیرۆریستی و بە بارمتەگرتنی شارومەندانی وڵاتانی دەرەکی و هتد، بەڵام خەڵکی و موقاومەتی ئێران بە کەمتر لە رووخاندنی ئەم رژێمە رازی نەبوون و نابن.

ئەوان بڕیاریان داوە تا کۆتایی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، درێژە بە رێگاکەیان بدەن.  

چەند ساتێک تێڕامان

عەلی خامنەیی لە یەکەم وتارەکەیدا دوای کوژرانی ئیبراهیم رەئیسی وتی: "هیچ تێکچوونێک لە کاری وڵاتدا روو نادات" ئەو وتی: "هەموو کارەکان بە شێوەیەکی رێک و پێک ئەنجام دەدرێن و بەرەوپێش دەچن".

وەک ئەوە وایە ئاگاداری هەنگاوەکانی داهاتووی ئەم "ڕووداوە" و دەرئەنجامەکانی بێت و بەدوای ئەندازیارییەکی دیکەوە بێت.

واپێدەچێت "شتی شاراوە" لەم ڕستانە و لابەلاکانیدا هەبێت کە ڕەنگە لە داهاتوودا زیاتر باسی لێوە بکرێت.

لە ڕاستیدا، قسەکانی خامنەیی و ئەوەی دواتر رووی دا، هەڵگری "جامێکیتری ژەهر"ە کە خامنەیی خواردییەوە و ئەو ڕووداوانەی هاتنە پێش، بەرهەمی ئەو خواردنەوەیەن.

لە ئێران هەڵبژاردن بوونی نییە!

کەوایە شانۆگەریی هەڵبژاردنەکانی ڕژێمی ئێران، ئەگەرچی رواڵەتی "پێشوەختە"ی بە خۆیەوە گرت، بابەتێکی سیناریۆیی عەلی خامنەیی بووە و ئاماژەیەک بووە بەو راستییە کە، ڕژێم لە دۆخێکی زۆر لاواز و ناسکدایە و بە گوتەی بەڕێز مەسعوود ڕەجەوی، دەرخەری "بێدەرەتانبوونی خامنەیی"ـە و "قۆناغی کۆتایی شا وەبیر دەهێنێتەوە".

بەو جیاوازییەی کە ئێستا، "ئەڵتەرناتیڤێکی دیموکراتیک" بۆ ئەم ڕژێمە بەردەستە، کە لە هەموو ڕوویەکەوە "ئامادە"یە و "لەلایەن خەڵکی ئێران و بیروڕای گشتیی جیهانەوە پشتیوانی دەکرێت.

واتا ئەو ئەڵتەرناتیڤەی، دەرکەوتەیەکی لە کۆبوونەوەی ئەمساڵی موقاومەتی ئێراندا، بەرچاو کەوت.

بێ هۆ نییە کە خامنەیی لە فەرمانی بە ئاشکرای خۆیدا بۆ کاندیدە بەربژێرەکانی شانۆگەریی هەڵبژاردن وتی: "ئەوانەی تۆزقاڵێک لەگەڵ رژێمدا رێک نەبن، سوودیان نابێت".

هەڵبژاردەی خەڵکی ئێران، نەمانی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهییە و لە دوا دیمەنی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا، دەردەکەوێت دیکتاتۆرییەت دۆڕاوە و گەل سەردەکەوێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار