ئەی کە خوێ پیسبوو چی بکەین؟

4 مانگ لەمەوپێش



خالد سلێمان

دەسەڵاتدار و دەستڕۆیشتوانی کوردستان بەوەوە نەوەستان، ڕووبەری سیاسی و ئابووری داگیر بکەن و خەڵکیش بکەنە حەشاماتێک لە چاوەڕوانیی مۆچەدا بژی.

ئەوان دەستیان بۆ ڕووبەرێک برد کە وەک خوێ وەسفدەکرێت و زیندوێتیی کۆمەڵگە دەپارێزێت، ئەویش ڕۆژنامەوانییە.

هەر وڵاتێک ڕۆژنامەوانیی پیشەیی تیا نەبوو، زانیاری ڕاست و ڕەوان نەگاتە خەڵک و ڕووبەرێکی گشتی بۆ سوڕانەوەی ڕای گشتی نەبێت، ئیتر لەوێوە ترس لە هەموو شتێک دەست پێدەکات: ستەمکاریی، گەندەڵی، نەزانی و موڵکایەتیکردن بەکۆمەڵگەوە وەک ئەوەی مێگەل بێت.

ڕۆژنامەوانیی و ئەو ڕۆڵەی دەیگێڕێت، دەرکردنی ڕووداو و بڕیار و سیاسەت و ئابوورییە لە تاریکییەوە بۆ بەردەم هەتاو، بەبێ ڕۆژنامەوانیی سیستمی حوکمڕانیی مرۆڤ دەکوژێت و لە تاریکیدا تواناکانی لە بن دەهێنێت.

کردنە دەرەوەی ڕۆژنامەوانیی لەناو سیستمی حوکمرانی، یان بەتاڵکردنەوەی لەو ڕۆڵە جەوهەرییەی دەیبینێت، وەک ئەوە وایە ئاوی دەریاکان لە خوێ داماڵین، ئەو کاتەش زەوی دەبێتە هەسارەیەکی گەنیو.

لە کوردستاندا، کار لەوێدا نەوەستا هەر حزبێک سەکۆیەکی ڕۆژنامەوانیی خۆی هەبێت، بەڵکو کارەکە درێژەی کێشا و کاراکتەرەکانی ناو حزبیش بوونە خاوەن سەکۆی ڕۆژنامەوانیی خۆیان.

ئەمە خراپترین پەرەسەندنی ژیانی ڕۆژنامەوانیی بوو لە کوردستان، چونکە قۆناغی پیرۆزکردن و پیاهەڵدان و دروستکردنی ستەمکاری بچووک دەستی پێکرد.

لێرەوە، سانسۆری کاراکتەرە حزبییەکان و بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسی و ئەمنییەکانیان زیادکرا و سانسۆری حزبیی زیادکرا.

بەڵام، پەرەسەندنی لەوەش خراپتر ئەوەبوو کە کۆمپانیاکان بوونە خاوەن میدیای خۆیان، یان میدیاکانیان کۆنترڵکرد.

کارکردن لەسەر بەرژەوەندییە گشتییەکان، موڵک و ماڵ، ژینگە و مافی هاووڵاتیان بوون بە بارمتەی دەستی کۆمپانیاکان.

وای لێهاتووە کۆمپانیا (کە ئەویش هەر بەشێکە لە نفوزی کاراکتەرە حزبییە باڵا دەستەکان) بە مەرجێ ڕێکلام دەدات بە کەناڵی میدیا، یان بەرپرس و سەرنووسەر و ڕۆژنامەوانەکان بە پارە و ئیمتیازات دەبەستنەوە، یان ناچاریان دەکەن لە هیچ شتێک نزیک نەبنەوە لە بەرژەوەندییەکانی ئەوان بدات.

ئەوەتا  بەبەر چاوی هەمووانەوە، موڵکی گشتی داگیردەکرێت، سەودا بە سروشت و ژینگەی کوردستانەوە دەکرێت، تەندروستی گشتی و پەروەردە و زانکۆ و خۆراک لە مافی گشتییەوە دەگۆڕدرێن بۆ ئیمتیازاتی کۆمپانیاکان، میدیاش نەک تەنها دەستەوەستانە، بەڵکو بەشێکە لە خراپەکارییەکان. ئیتر لێرەوە (خوێ)کەشمان پیس بوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار