دادگای فیدڕاڵیی لەسەر دوو سکاڵای تایبەت بە هەرێم کۆدەبێتەوە
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دادگای باڵای فیدڕاڵیی لەسەر چوار سکاڵا کۆدەبێتەوە، كە دوو سكاڵایان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و لە لایەن دوو پەرلەمانتاری کورد تۆمارکراون.
سبەی یەکشەممە، 28ی تەمووزی 2024، دادگای باڵای فیدڕاڵیی لەسەر چوار سکاڵا کۆدەبێتەوە، كە دوو سكاڵایان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و کە لەلایەن پەرەلەمانتارێكی یەكێتی و نەوەی نوێوە لەسەر سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی حكومەتی هەرێم تۆماركراون.
سکاڵای یەکەم، لەلایەن بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراقەوە لە فراكسیۆنی یەكێتی لەدژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا داوادەکات، بڕیار بدرێت بەنادەستوریبوونی هەمواری یاسای ئەنجوومەنی شورای هەرێمی کوردستان و کارکردن بەو یاسایە ڕابگیرێت.
سکاڵی دووهەم ، لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ تۆماركراوە لەدژی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و تیایدا داوادەکات، بڕیار بدرێت بە ناڕاستبوونی ئەو بڕیارانەی لەلایەن مەسرور بارزانییەوە دراون و بڕیاربدرێت بەهەڵوەشاندنەوەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، ئەگەر لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا هەڵبژاردن ئەنجامنەدرێت.