وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: 463 خێزانی ئاوارە گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان

4 مانگ لەمەوپێش



مەهران رەمەزان

هاوڵاتی، سلێمانی

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، 463 خێزانی ئاوارە لە کامپی شاریا لەسنووری دهۆک گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان لە شەنگال.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی تەمووزی 2024، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بە هاوکاری ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە هاوکاری کردنی ئاوارەکان لەپێناو گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئەمڕۆ 463 خێزانی ئاوارە لە کامپی شاریا لەسنووری دهۆک گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان لە شەنگال.

دەشڵێت، سەرجەم ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە هاوکاری ماددی و فریاگوزارییان بەسەردا دابەش کراوە بەپێی رێنمایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی ئاوارەکان.

جێگەی ئاماژەیە، ڕۆژی 23ی ئەم مانگە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، هەزار و 841 ئاوارەی دانیشتووى كامپەكانی سنووری پارێزگاى دهۆك بە ڕەزامەندی خۆیان گەڕێندرانەوەتەوە بۆ شەنگال و هاوكاری داراییان بەبڕی چوار ملیۆن دینار پێدراوە و بەشێكى كەرەستەکانى ناو ماڵیان بۆ دابینكراوە.

وتیشی، رۆژی 11ی ئەم مانگەش سەرجەم ئاوارەکانی نێو کەمپەکانی سنووری سلێمانی گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان و دواهەمین کەمپ لە ناوچەی عەربەت لەسنووری سلێمانی داخرا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار