کاتێک چەک حوکم دەکات

2 مانگ لەمەوپێش



ئامادەکردنی: هاوڵاتی نیوز

١

لەگەڵ مێژووی دروستبوونی دەوڵەت و دامەزراوەکانی دەوڵەتداریدا، یەکێک لەو دەزگایانەی دروست دەکرێت، بریتییە لە دامەزراوەی سەربازی، کە دواتر دەیان لقوپۆی دیکەی لێدەبێتەوە و لە ژێرناوەکانی وەک هێزی بەرگری نیشتیمانی و دەزگای پۆلیس و هێزی ئاسایش و پۆلیسی چالاکە مەدەنییەکان و ...هتد دا، ڕێکدەخرێن، کە دواجار سەرجەمیان لە ژێر فەرمانی فەرمانڕەواکاندان و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت و سەرانی حوکمڕان دروست دەکرێن.

هەڵبەت مێژووی دروستبوونی سوپا و هێزی چەکدار بە شێوەیەکی گشتی لە ئاستی دونیادا ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێت، کە بە ئاوارتە و لە دۆخی زۆر حەساسدا نەبووبێت، سوپا و هێزی سەربازی لە بەرژەوەندی خەڵکدا نەبوون.

هەڵبەت ئەمە لەو دەوڵەتانەدا کە لەسەر بنەمای دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی دروستبوون، ئەگەرنا لەناو دەوڵەتە ستەمکار و دیکتاتۆر و فاشیستەکاندا، هێزی سەربازی و هەموو ئەو هێزانەی دیکە کە لەژێر دەمامکی پاراستنی ئەمن و ئاسایشدا دروست دەکرێن، سەرجەمیان گوێ لەمستی دەسەڵاتدارانن و ئەرکیان ئەوەیە بەرژەوەندی سیاسییەکان و سەرکردەکانیان بپارێزن و لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی زەبروزەنگ و لێدان و ئازاردانی خەڵک و هاوڵاتییانەوە، فۆبیای گەورەیی فووتێکراوی سەرکردە و سەرۆکەکانیان بەناو ژیانی گشتیدا بڵاو بکەنەوە، کە زۆرجار ئەم پڕۆسەی سەرکوتکارییە، تا ئاستی کوشتنی هاوڵاتیان و سڕینەوەی یەکجارییان دەڕوات.

٢

یەکێک لەو نموونە نزیکانەی دەکرێت بۆ نموونەی شۆڤێنیزم و ستەمکاری و دیکتاتۆرییەت بە نموونە بیهێنینەوە.

دەوڵەتانی داگیرکەری دراوسێ و لەناویشیاندا عێراقی سەردەمی بەعسیزم و سەرۆکە فاشیستەکەیەتی.

لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا و لەگەڵ جێگیربوونی دەسەڵاتی بەعسییەکاندا، سەدام حسێن، دەیان جەللاد و پیاوکوژ و بەڵتەچی و چەقۆکێشی لە دەوری خۆی کۆکردبووەوە، تا لە دەرەوەی هێزە فەرمی و سەربازییەکانی دەوڵەتەکەیدا، ترس و بیم بەناو خەڵکیدا بڵاو بکەنەوە و لەو ڕێگەیەوە وێنەی بەعس وەک دێوەزمە و وەحشێکی تۆقێنەر بڕواتە ناوسەر و سایکۆلۆژیای تاکی عێراقی و هاوڵاتییانی کوردستان و ناوچەکەوە.

دیارترینی ئەو خوێنڕێژ و مرۆڤکوژە دزێوانەش (ابو طَبر) بوو، کە کەسێکی ئێجگار نزیکبوو لە سەدامەوە و دەیان و سەدان ژن و پیاو و منداڵ و گەنج و هاوڵاتییانی مەدەنی بە تەور بۆ سەدام حسێنی گۆڕبەگۆڕ کوشتووە، تا لەو ڕێگەیەوە تۆوی ترس و تۆقین لەناو دەروونی خەڵکدا بچێنێ و وێنەی دەسەڵاتی حزبی بەعسیش وەک هێزێکی خنکێنەر و بە زەبروزەنگ لە دڵ و دەروونی هاوڵتیاندا بچەسپێنێ.

٣

ئەوەی جێگای نائومێدی و وەڕزبوونێکی سەرتاسەرییە، ئەوەیە کە لە ئێستادا و لە لۆکاڵێکی بچوکی وەک کوردستاندا، زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە هێز و سوپا و لەشکری سەربازی ئاشکرا و نهێنی لەژێر ناوەکانی(زێرەڤانی و کۆماندۆ و ئۆپەراسیۆن و سوات و ئاسایشی مەدەنی و دژەتیرۆر و ..چی و چیدیکە)دا، بەناوی هێزی پاراستنی هاوڵاتیان و  نیشتیمانەوە دروستکراون و بە کوچە و شەقام و بازاڕ و پارک و قاوەخانەکانی ئەم مەملەکەتەدا بڵاو کراونەتەوە، بە ڕادەیەک کە ئێستا دیمەنی شارەکانی سلێمانی و هەولێر و زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، لە کەمپ و ئۆردووگای زۆرەملێ دەچن و ئێمەی هاوڵاتیان لەناویاندا گەمارۆ درابین.

ئەوەشی جێگای مەترسییە ئەم بەسەربازگەکردن و درێژەدانە بە حوکمی پۆستاڵ و چەک، تا دێت زیاتر و زیاتر پەرە دەستێنێت و  کار بە شوێنێک گەیشتووە، ساڵانە دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم، لێبوردنێکی گشتی بۆ ئەو زیندانییانە دەردەکەن کە بکوژ و شەللاتی و چەقۆکێشن، پاشان وەک ئەبو تەورەکەی سەدام، دەیانهێنن و دەیانکەن بە پیاوی خۆیان و ڕایان دەسپێرن لەسەر شەقام و لەناو چالاکی و خۆپیشاندەران و گردبوونەوە مەدەنییەکاندا، کارەساتی خوێناوی و جەرگبڕ بنێنەوە، تا لەو ڕێگەیەوە بە سەرێک ترس و خۆف لە دڵی هاوڵاتیاندا بچێنن و  بە سەرێکی دیکەش بە کۆمەڵگا بڵێن ئێوە هەمووتان لەژێر دیسپلین و کۆنترۆڵی ئێمەدان.

لە کاتێکدا ئێمە ڕۆژانە لە ژێر تۆپبارانی سوپای تورکیای داگیرکەرداین و لەشکرکێشی دەکرێت بۆ سەر خاکەکەمان، کەچی بەم هەموو سوپا و جبەخانەیەوە سەرانی حوکمڕان هیچ هەلوێستێکیان نییە و وەک ئەوە وایە نە بایان دیبێت نە بۆران!

٤

بێگومان لە فەزایەکی پڕ لە چەک و جبەخانەی لەم چەشنەدا، ئەوەی نرخی نامێنێت ڕووداوی کوشتن و لەناوبردنی مرۆڤ و هاوڵاتیانە، وەک ئەوەی دوێنێ شەو لە (مەیدانی لەفەفرۆش و چایچییەکان)ی گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانیدا ڕوویدا و تێیدا گەنجێکی خوێنگەرمی خێرلەخۆنەدیو، بە گوللەی چەکدار و جەللادێکی بێباکی یەکێک لەو یەکە سەربازییانەی بەناوی پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیانەوە دروستکراون، بوو بە  قوربانی.

ئەوەی جێگای ئەسەفێکی زۆرە ئەوەیە، سەرباری ئەوەی ژیانی ئەو گەنجە بە فیڕۆچوو، کەچی لێدوانی هیچ یەکێک لە بەرپرس و لێپرسراوانی ئەو یەکە سەربازییەمان نەدی ڕوونکردنەوە بدات و دوای سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو گەنجە بێتاوانە، دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە! لە کاتێکدا ئەم ڕووداوە لە هەر وڵاتێکی دیکە بوایە، جگەلەوەی وەزیری بەرگری و سوپا دەستی لەکار دەکێشایەوە، لە ئاستی جەماوەریشدا، شۆڕشی چایچییەکان دەخوڵقا و بە دڵی بریندارەوە بە دەسەڵات و ڕای گشتییان ڕادەگەیاند، لەم چرکەساتە بە دواوە هیچ  چەکدارێک بۆی نییە لای ئێمە لەفە و چا بخوات، بۆیە هەرچی زووترە پێویستە لەم شارە بیانکەنە دەرەوە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار