چایخانە وچایچی لە مێژووی کورددا
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڕێ پەنا
ئەگەر بە خێرایی لاپەڕەکانی مێژووی کورد هەڵبدەینەوە، چایخانە و چایچی لە چەند وێستگەیەکی گرنگیدا ڕۆڵیان هەبووە، من تەنها 3 نمونە باس دەکەم:
١ــ لە کۆماری کوردستان لە مهاباد ،پێشەوا قازی محەممەد داوا لە هەژار و هێمن و کەریم زەند دەکات، ناوێکی جوان و شایستە بدۆزنەوە بۆ ئەو هێزەی پارێزگاری کۆمار دەکات.
پاش دوو ڕۆژ گفتوگۆ و مشتومڕکردن لەسەر چەندین ناو ناگەنە هیچ ئەنجامێک. لە ناکاو چایچییەکەی کۆمار دەپرسێ بۆچی وا خامۆش و نیگەرانن؟ ئەو کەسەی پارێزگاری لە کۆمار دەکات ناوی بنێن (پێشمەرگە).
هەمووان سەریان دەسوڕمێ و ڕازی دەبن بەم ناوە.
٢ــ پاش ئاشبەتاڵ مام جەلال و چەند هاوڕێیەکی لە چایخانەی طليطلة (طولەیطیلە) لە سوریا کۆدەبنەوە و بیرۆکەی دامەزراندنی ( ی.ن.ک) لەوێوە چەکەرە دەکات!...
٣ــ چایخانەکەی ئاری، کە گەنجێکی جوان و قسە خۆش و کۆمەڵایەتی بوو، خێزانەکەیان لە گوندی هەڵەدنەوە هاتبوونە ناوشار بۆ دابینکردنی ژیانێکی خۆش و پڕ خۆشگوزەرانی !.
بۆیە ئاری چایخانەیەک (مێزوکەپر و عارەبانەیەک) لە ڕاپەڕین دادەنێ و ئیتر رۆژ بەڕۆژ گەنجان و ڕێبوارانی ئەو ناوە، لە دەوری کۆ دەبنەوە و دەبێتە خۆشەویستی هەموان !...کە هەزارجار حەیف و مخابن بەدەستی چەکدارێکی بێ مۆراڵ و پەروەردە، بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی هات !.
چ قەدەرێکە !... چایچییەکەی کۆمار لەبری ناوی ( چەتە، جەندرمە، سەرباز، چەکدار) ناوی پیرۆزی ( پێشمەرگە)، بۆ پارێزگاری لە خاک و گەلی کوردستان هەڵدەبژێرێ !..کەچی پێشمەرگەیەکی کۆماندۆ ئاری چایچی تیرۆر دەکات ..!!؟ دەبوو هەر کەس و لایەنێک زوڵم و ستەم لە چایچی و چاخانە دەکات، یەکێتی کاری وا قێزەونی نەکردایە !..چونکە ئەوە دژ بە سەرەتاکانی مێژووی ئەم حزبە خۆیەتی، کە لە چایخانەیەکەوە دەستەی دامەزرێنەرانی جاڕی دروستبوونیان داوە !... ئێستاش جێی خۆیەتی بپرسین: ئاخۆ کوشتنی ئاری جوانەمەرگ، دەبێتە سەرەتای شۆڕشێکی فەرهەنگی و گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا دەکات؟! یان دەبێتە ڕووداوێکی شوومی دیکەی خۆخۆری و کاولکاری و یەکتری سڕینەوە ...؟!