مەرگی چاییچیەکە چی پێوتین؟
4 مانگ لەمەوپێش
مەجید خەلیل
لە دوێنێوە، هەرکە چایەک دەخۆمەوە، دەمودەست، دایکێکی جەرگسوتاو، وەجاخێکی وێران، ویژدانێکی لەتوپەت، لە دەرونمدا دەمدەکێشێ.
چۆن دەبێت، ڕووداوێکی وا، وەک وێنەی هەر کارەساتێکی دیکە، تێپەڕێت؟ دڵنیابن ئەم ڕووداوە، دەبووایە وەک ڕووداوی دەستگێڕە تونسییەکە، تەقینی کانیاوێکی بەهارانەی لێ بکەوتایەتەوە و بە هۆشی میللەتدا فوارەی ببەستایە.
کاتێک کۆمەڵ، گەواهی گیانلەدەستدانی گەنجێکی کاسبە.
کاتێک هەر بۆ پۆز و پیشەی هەزاربارەی هێزێکی ئەمنی، ئادەمیزادێک، ئینسانێکی ئەم شارە، لە جەرگەی جەنجاڵی بازاڕدا و بە پێشچاوی هاوڕێ و هاوڵاتییانەوە، هەروا بۆ خۆشی فیشەکێک دەنرێ بە تەوقی سەرییەوە.
ئیتر هەقوایە پڕ چەپۆکی هەموو مێژوو، قوڕی قەدەرێکی خەست، خەستتر و تیژتر لە دنیابینی ئەم دەسەڵاتە بکرێت بە سەری باندسالارەکانی ئێرەدا.
کوا ئیرادە؟ کوا هەڵوێستی مەدەنی و مەددی مرۆڤایەتی؟ کوا ڕایەڵەی ڕاسانێک کە تەنها و تەنها ئامادەیە بۆ موچەی خۆی بێتە سەرشەقام؟ کوا ئەو هەموو چالاک و چەلەنگانەی چۆپی هەڵپەڕکێی خاسکردنی موچەکەیان نەدەدایە دەست باوکیشیان؟ ئەی لەپای لۆژیکێکی جەنجەویدیانەی وەها چی دەڵێن، ئەم غەفڵەت و غەوارەییە لەهەمبەر هەڵوێست و هێزی هەژاریدا بۆ؟ مانگی (٦)ی ٢٠٢٠ لە شاری مینیاپۆلسی ئەمەریکا، چوار پۆلیس پیاوێکی رەشپێستی تەمەن 46 ساڵ بە ناوی جۆرج فلۆید، بە تۆمەتی ساختەکاری دەوەستێنن.
پیاوە رەشپێستەکە لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی بووە و پۆلیس دەیهێنێتە خوارەوە.
دواتر یەکێک لە پۆلیسەکان پیاوە رەشپێستەکە دەخاتە سەر زەوی و قاچێکی دەخاتە سەر ملی، هەرچەند پیاوە رەشپێستەکە دەڵێت ناتوانم هەناسەبدەم، پۆلیسەکە وازی لێناهێنێت، تاوەکو دەبوورێتەوە و دواتریش لە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات.
بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان و رێگری لە توندوتیژییەکان، حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا پێنج هەزار پاسەوانی نیشتمانی لە 15 ویلایەت بڵاوکردەوە. خۆپیشاندانەکان ئەمەریکای تێپەڕاند، بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپای گرتەوە.
ئێرانیش کردیە بابەتێکی سیاسی و هاتنە سەرجادە.
تەماشا! عەقڵی عەرزی عەزەڵات، ناتوانێ نیازێکی مرۆڤانە بنوێنێ. با کابرای ڕەشپێست ساختەچیش بێ، بەڵام کەی ڕەوایە ڕۆحی بکێشرێ؟ لێرە لۆژیکی مرۆڤبوون مانایەکی نییە.
بۆ نموونە لەچەمچەماڵ گەنجێک سارد کرایەوە، کەچی عالەم نوسیبووی مادام مولحید بووە دەسیان خۆش بێت! دەمەوێ بڵێم! هەرکاتێک خەباتی خۆپیشاندان تەنها لە پرسی موچەدا خۆی بینییەوە، ئەوا بزانن نەفیری چ نەریتێکی ئایدیۆلۆژی فوی کردووە بە کەڕەنای کەلتوورەکەدا، بۆیە چارەسەرییەکانیشی چارەسەری پاراستۆڵین.
هەر بۆیە پێویستە ئەوە بزانرێت کاتێک میللەت هۆشیارە، لە تولی تەئریخیدا خاوەنی خۆپیشاندانێکی مەدەنی بێ؟ ئێمە یان یادەوەرییەکی مەدەنییانە لە مێژووماندا نییە، یاخود گەر هەیە ئەی بۆچی بۆ بابەتی ئەو ئینسانە ئازا و ئازیزەی خەڵکی ئەم شارە بابەتێکی بوێرانە و هەڵوێستێکی مەدەنییانە نەبینرا.
ئەم کوڕە نە ڕەشپێست بوو، نە ساختەچیش، نە لە کیشوەرێکی ترەوە هاتبوو. ئەم کوڕە کوردێکی کاسب بوو.
کەسێک بوو لەم چلەی هاوینەدا لەپاڵ پشکۆ داگیرساوەکانی بن قۆرییەکەیدا قەدەری هەژاری و هەتوانی هیواکانی دایک و باوکی دەگەشاندەوە.
بابەتەکە ڕوونە... ڕاسانی مەدەنییانە، هەڵوێست و ئەنجامدانی چالاکیی لە هەمبەر هونەری هەژاریی نەبووەتە مۆد.
ئەو کەلتوورەی فیشەکدانێکی لەدەمی بەکر عەلیدا سارد کردەوە، ئێستاش هەمان کەلتوورە، مووێکی مێژوو نەچووە بە بەینیاندا. هەمان کەلتووری عەرزی عەزەڵاتە.
هەمان کەلتووری کلکلەقاندن و ماستاو و مامەحەمەییە لەبەردەم جەردە و چەتەکانی چارەنوسی ئەم میللەتەدا.
دەمەوێ بڵێم! مادام بۆ بابەتێکی مرۆڤانەی وا، وێرێکی ویژدان نەکرا. مادام لەپایتەختی ڕۆشنبیریدا ڕاسانێک لە لۆژیکی لاوەکانەوە ڕووینەدا، مادام حەسرەت و حەکایەتێکی تراژیدی بەپێشچاوی هەموومانەوە بە ناهەق و بێگوناه گێڕدرایەوە و کەس مێشێ میوانی نەبوو.
کەواتە دڵنیابن، هەر خۆپیشاندانێکی تر تۆمارکرابێ، بۆ هاتنی لەشکری تورکیا، بۆ موچە، بۆ منداڵانی غەززە، بۆ چی و چی، گشتی بێ مانایە و مەبەستی مرۆڤانەی لەپشتەوە نەبووە.
بەڵێ بە دڵنیاییەوە، ئێمە لەم شەوانەدا شاهێدحاڵی حەرمشکێنی ئینسانێ بووین.
گەنجێکی کورد، هەر بۆ خۆشی، فیشەکی لێڕاکێشراو لە تەوقی سەریەوە گوللەکە دەرچوو..
دەمەوێ بڵێم، بابەتێکی وا، پێویستی بە گەلێ لێکدانەوەی لۆژیکییە، جارێ هێزی چەکدار، چلۆنایەتی تێیدا ڕەچاو نەکراوە..
وەکچۆن ئێستا باوە و لەم ڕۆژانەیا دەرکەوت هەزارانی تر دامەزراون. هەر بۆخۆشی ناویان نوسراوە و تفەنگیان پێداون و ناردوویانن بۆناو خەڵک..
لەکاتێکدا وەکو خۆڵ گەنجی دەرچووی زانکۆ هەیە کە هەژدە ساڵە ڕێگە دەبڕێ و ڕەنج دەدا، تەنها بژاردەی ڕێی ئیجەی لەبەردەمدایە.
کەوایە چەکدارەکان چیرۆکی چەتەگەریی لە لۆژیکی چەکداربوونیاندا نەخشی پەروەردە دەگێڕێ.
بێ لەو فەرهەنگە فەندێکی مەعریفی و فەنێکی ئەخلاقی فێرناکرێن.
لە کۆتایدا دەڵێم، بەڕاستی نابێ و ناکرێ، نەریتێکی وەها تێپەڕێ.. نابێ و ناکرێ، لە هەمبەر هێزێکی وەهادا، ورد و درشتی ئەم میللەتە نەڕژێتە سەر شەقام.
نابێ و ناکرێ هێندە لە بێئاگاییدا بین و بەربەرییەتیش تا ڕادەی ڕۆحکێشانی ڕۆڵەیەکی وەها لەبەردەم دەرگاماندا بێت..
نابێ و ناکرێ، هێشتا هێزێکی وەها چەپڵەی بۆ لێبدرێت..
نابێ و ناکرێ هێزی بەناو ئۆپۆزسیۆن، کە پێویستە خودان خەمی خەڵک بێت، بوێری بەیاننامەیەکی لەهەمبەر لاتبازاڕییەکی وەهادا نەبێت.. نابێ و ناکرێ، دەسەڵات بە بەیاننامەیەک ویژدانی خۆی ئاسودەکا و ئاوازێکی تراژیدی بژەنێ و بەس..