سبەینێ ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی تەمووزی دەستپێدەکات
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
عەمار سوبحی دەڵێت، وردبینیمان بۆ لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان ئەنجامداوە و پرۆسەکەش کۆتاییهاتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ی تەمووزی 2024، عەمار سوبحی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بەکەناڵی عێراقییەیەکانی ڕاگەیاند، دیوانی چاودێریی دارایی ئەو ئەرکەی پێیسپێردرابوو بۆ وردبینیکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بەئەنجامی گەیاندووە.
دەشڵێت، ڕاپۆرتێکی تایبەتیان لەوبارەیەوە ئاڕاستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و دیوانی چاودێریی داراییش تەواوی ئەو بەربەستانەی تێپەڕاندووە کە لەبەردەمیدا بوون، لە وردبینیکردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پاش وردبینیکردنیان بەشێوەی تاک تاک.
عەمار سوبحی ئەوەشی خستۆتەڕوو، وردبینییان بۆ داتای داهات و خەرجییەکان کردووە، دوای بەردەستخستنی داتاکان لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستانەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە ئەنجامەکانیش ئاگادارکردووەتەوە، وتیشی: وردبینیییەکە ئامانج لێی ڕاستکردنەوەیە.
سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک زانیاریی لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ورد نەگەیشتووەتە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، لەپێناو گەیشتن بە ئەنجامێک کە بتوانرێت پشتی پێببەسترێت.
بڕیارە لە سبەینێوە رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی تەمووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
سەرچاوە، کەناڵ8