جومانە غەلای: حكومەتی عێراق بڕی 69 ملیار دینارى تەرخانكردووە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت، بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بڕی 69 ملیار دینار لەلایەن حكومەتی عێراقەوە تەرخانكراوە و ئەگەر پێویستیش بكات گۆڕانكاری بەسەر بودجەی تەرخانكراودا دێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ی تەمووزی 2024، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ڕێكارەكانی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى كوردستان بەردەوامی هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا كۆمیسیۆن چوار جۆر نموونەی وەرەقەى دەنگدانى پەسەندكردووە بۆ پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە، بەجۆرێک هەر پارێزگایەك وەرەقەی تایبەت بە خۆی هەیە.
دەشڵێت، بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بڕی 69 ملیار دینار لەلایەن حكومەتی عێراقەوە تەرخانكراوە و ئەگەر پێویستیش بكات گۆڕانكاری بەسەر بودجەی تەرخانكراودا دێت.
جومانە غەلای ئەوەشی خستۆتەڕوو، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەهۆی سڕینەوەی ناوی مردووان و دووبارەكان ژمارەكە كەمیكردووە.
جێگەی ئاماژەیە، بڕیارە ڕۆژی 20ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، هەروەها هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.