کەجەکە: یادی هەموو ئەو کەسانە دەکەینەوە کە لە کۆمەڵکوژیەکەی شەنگالدا گیانیانلەدەستدا
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کەجەکە دوایی تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر هێرش و داگیرکاریییەکانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش بۆسەر شەنگال دەڵێت، قڕکردنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و هەموو ئەو هێزانەی لەم قڕکردنەدا ڕۆڵییان هەبوو، جارێکی دیکە بە توڕەیەکی زۆرەوە شەرمەزار دەکەین، بە ڕێزدارییەوە هەموو ئەو کەسانەی لە کۆمەڵکوژییەکدا گیانیان لەدەستدا یاد دەکەینەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 2ی ئابی 2024، هاوسەرۆکایەتى کۆنسەى بەڕێوەبەری کەجەکە لە ساڵیادی فەرمانی 3ی ئابی 2014ی شەنگال و کۆمەڵکوژی گەلی ئێزدی لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، وەک تەڤگەری ئازای کورد هەر وەک دوێنێ، لە ئەمڕۆشدا لەگەڵ خەڵکی شەنگال دەبین و بە بەرپرسیارێتی مێژووی، مرۆڤانە و نەتەوەیی-وڵاتپارێزی هاوبەشی ئازارەکانیان دەبین.
لە ڕاگەندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە، لە 3ی ئابی 2014دا بە دەستی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش لە شەنگال لە دژی گەلەکەمان فەرمانی پێکهێنا، ماوەی 10 ساڵ بەسەر ئەم فەرمانەدا تێپەڕبوو، قڕکردنی شەنگال یەکێکە لە هەرە دڕندانەترین قڕکردنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و هەموو ئەو هێزانەی لەم قڕکردنەدا ڕۆڵییان هەبوو، جارێکی دیکە بە توڕەیەکی زۆرەوە شەرمەزار دەکەین، بە ڕێزدارییەوە هەموو ئەو کەسانەی لە کۆمەڵکوژییەکدا گیانیان لەدەستدا یاد دەکەینەوە.
دەشڵێت، ئەم ئازارەی کە خەڵکی شەنگال و هەموو گەلی کورد هەستی پێدەکەن، ئێمەش لە قوڵاییەوە هەستی پێدەکەین و تێماندا دەژیت، وەک تەڤگەری ئازادی کورد هەر وەک دوێنێ، لەمڕۆشدا لەگەڵ خەڵکی شەنگال دەبین و بە بەرپرسیارێتی مێژووی، مرۆڤانە و نەتەوەیی-وڵاتپارێزی هاوبەشی ئازارەکانیان دەبین.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەموو ئەو کەسانی کە دەڵێن لە دژی قڕکردنین و لە پێش هەموویانەوە دەوڵەتی عێراق، پێویستە لەگەڵ تێکۆشانی ڕەوا و دیموکراتیکی خەڵکی شەنگالدا بن و پێویستە ئیرادەی خەڵکی شەنگال و داخوازە دیموکراتیک و ڕەواکانیان لە بەرچاو بگرن و بەم شێوەیە کێشەکان چارەسەربکەن، زۆر درووستە کە کێشەکانی خەڵکی شەنگال لەسەر بنەمای دیالۆگ و مافەکانی دیموکراتیک چارەسەر بکرێن.
لە ڕاگەندراوەکەی کەجەکە باسلەوەشدەکات، بەداخەوە کۆمەڵکوژی شەنگال بە بەرچاوی جیهانەوە ئەنجامدرا، کەچی جیهان بەرامبەر ئەم دڕندایەتیە بێدەنگ و بێ هەڵوێست ماوەتەوە، چ لە منداڵ، چ لە بەتەمەن بە هەزاران ئێزیدی بە شێوەیەکی دڕندانە لە لایەن ڕژێمی ئاکەپە، داعشەوە کوژران، دەستدرێژی کرایە سەر هەزاران ژن و هەزارانیش فرۆشران، چەندین ژنی ئێزدی خۆیان کوشت بۆ ئەوەی نەکەونە ئەو دۆخە دڕندانەیەوە، هێشتاش بە هەزارن ژنی ئێزدی بێسەر و شوێنن و نازانرێت لە کوێن، لە دەستی کێدان.
هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، خەڵکی ئێزدی کۆمەڵکوژی شەنگالی وەک فەرمانی 74هەمین پێناسە دەکات، ئەم کۆمەڵکوژییە وەک یەکێک لە کۆمەڵکوژییە هەرە گەورەکان لە دژی گەلی ئێزدیمان دەربازی ناو مێژووبوو، ئامانج لە کۆمەڵکوژییەدا بە تەواوەتی لەناوبردنی گەلی ئێزدیمان بوو، بۆیە قڕکردنێکە.
هەروەها کەجەکە ئەوەشی بەبیر هێناوەیەوە کە لە ئەنجامی دەستورەردانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و بەرخۆدانی خەڵکی شەنگالدا ڕێگری لەو لەناوبردنە بەرفراوانە کرا، گەر دەستوەردانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و پشتیوانی هێزەکانی یەپەژە- یەپەگە نەبوایە، سەدان هەزار ئێزدی دەکوژران و گەلی ئێزدیمان بە تەواوەتی لەناو دەبران، ئامانجی قڕکردنەکە ئەمەبوو.