بەرەی گەل: وەک پێویست کار لەسەر دۆسیەیی کۆمەڵکوژی شەنگال نەکراوە
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرەی گەل لە دەیەمین ساڵ وەگەڕی کۆمەڵکوژی شەنگالدا ڕاگەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، وەک پێویست کار لەسەر دۆسیەی کۆمەڵکوژی شەنگالدا نەکراوە، دەشڵێت، لێرەوە بەرپرسیارێتی مێژووی دەخەینە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ودادگا هەرێمییەکانی مافی مرۆڤ ودادگا جیهانییە تاوانکارییەکان کە بێدەنگ بوون و وەک پێوسیت کاریان لەسەر ئەم دۆسیە نەکردووە بەتایبەت دەرهەق بە کەسانی تاوانبار و ئەو لایەن ودەوڵەتانەی کە بە هەرجۆرێک لەجۆرەکان لەپشت ئەم تاوانەوە بوون.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، وەک بەرەی گەل پێمان وایە دەبوو دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان وحکومەتی فیدراڵ هەر زوو هەنگاوی کرداریی و وردییان بنایە لەپێناو قەرەبووکردنەوەی تەواوی قوربانیان، وئاوەدانکردنەوەی ئێزیدخان وشنگال، ویەکخستنی ئاوارە وکچانی بەکەنیزەککراو وخێزانە پەرتبووەکان، وکۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکە وبە دۆکۆمێنتکردنیان، وکارکردن بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو دڕەندەییە لەسەرئاستی ناوخۆیی ونێودەوڵەتی لەڕێی ناوەندەکانی یاسادانان وڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، وپاشان دادگاییکردنی بکەر وهاوکار وکەمتەرخەم وهەڵهاتووانی پشت ئەم تاوانە جیهانییە.
دەقی ڕاگەیەندراوی بەرەی گەل لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزیدخان:
ئەمڕۆ دەیەمین ساڵ وەگەڕی تاوانێکی شەرمەزارانەی سەدەی بیست ویەکە، کە لەلایەن گروپی تیرۆرستانی داعش وهاوکارانیەوە بەپلانێکی پێشەوەختە وبەبەرچاوی تەواوی جیهان ومرۆڤایەتیەوە لەسایەی یاسا نێودەوڵەتیەکاندا نەک بەرامبەر ئێزیدخان وکوردستان بەڵکو بەرامبەر تەواوی مرۆڤایەتی ئەنجامدرا.
هەر بۆیە وەک بەرەی گەل پێمان وایە دەبوو دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان وحکومەتی فیدراڵ هەر زوو هەنگاوی کرداریی و وردییان بنایە لەپێناو قەرەبووکردنەوەی تەواوی قوربانیان، وئاوەدانکردنەوەی ئێزیدخان وشنگال، ویەکخستنی ئاوارە وکچانی بەکەنیزەککراو وخێزانە پەرتبووەکان، وکۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکە وبە دۆکۆمێنتکردنیان، وکارکردن بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو دڕەندەییە لەسەرئاستی ناوخۆیی ونێودەوڵەتی لەڕێی ناوەندەکانی یاسادانان وڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، وپاشان دادگاییکردنی بکەر وهاوکار وکەمتەرخەم وهەڵهاتووانی پشت ئەم تاوانە جیهانییە.
لێرەوە بەرپرسیارێتی مێژووی دەخەینە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ودادگا هەرێمییەکانی مافی مرۆڤ ودادگا جیهانییە تاوانکارییەکان کە بێدەنگ بوون و وەک پێوسیت کاریان لەسەر ئەم دۆسیە نەکردووە بەتایبەت دەرهەق بە کەسانی تاوانبار و ئەو لایەن ودەوڵەتانەی کە بە هەرجۆرێک لەجۆرەکان لەپشت ئەم تاوانەوە بوون، لەهەمان کاتدا تائێستا پارێزبەندییەکی یاسایی ونێودەوڵەتیان بەدینەهێناوە بۆ کوردانی ئێزیدی کە بەدرێژایی مێژوو دەیان جار ڕوبەڕووی کۆمەڵکوژی وهێرش بوونەتەوە.
لەم یادە پڕ ئازارەدا وەک بەرەی گەل جگە لە جەختکردنەوە لەسەر داواکارییەکانی پێشتر، داوادەکەین کە هێزەچەکدارەکانی هەرێم لەبری ئەوەی لەناوەندی شارە گەورەکانی هەرێمی کوردستان پێشێلکاری بکەن بهێنرێن لەژێر ناوی پێشمەرگە ڕێکبخرێن وبەنیشتمانی بکرێن تاوەکو لە داهاتوودا وەک ئەرکی نیشتمانی ونەتەوەیی خۆیان پارێزەری خاک وگەلی هەرێمی کوردستان بن و ڕێگەنەدەن کۆمەڵکوژییەکی تری هاوشێوەی ئیزیدخان دوبارە بێتەوە.
وەهەروەها کاتی خۆیەتی بڵێین (تاوانی جینۆساید ومێژووی جینۆسایدی کورد) بکرێتە وانەیەکی زانستی ولەناو تەواوی ناوەندەکانی پەروەردە وخوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بخوێندرێت، بۆ ئاشنا بوونی نەوەکانی داهاتوو لەبارەی تاوانەکانی کۆمەڵکوژی ودژەمرۆڤایەتی کە دژ بە باوانیان کراوە لەمێژووی کورددا هەر لە تاوانی دژ بە شۆڕشە کوردییەکان تاوەکو پرۆسە بەدناوەکەی ئەنفال وکیمیابارانی هەڵەبجە وڕاگواستن وتۆببارانی ناوچەکان وکۆمەڵکوژییەکەی ئێزیدخان.
بەرەی گەل
٣-٨-٢٠٢٤