یەپەگە: لەکاتێکدا گەلی ئێزدیمان لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژ دەکرا، هەموو جیهان بێدەنگیان هەڵبژارد

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە دەیەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژی شەنگالدا فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەکاتێکدا گەلی ئێزدیمان لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە کۆمەڵکووژ دەکرا، هەموو جیهان بێدەنگیان هەڵبژارد و تەماشاکەری کۆمەڵکووژییەکە بوون، پێش هەر کەسێک، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەهانای گەلی ئێزدییەوە چوون، پاشان هێزەکانی یەپەگە- یەپەژەمان بەفریا کەوتن، گەلەکەمانیان لە کۆمەڵکووژییەکی گەورەتر ڕزگار کرد.

لە ڕاگەندراوەکەشدا هاتووە، پێویستە هەمووان بزانن کە لە کەسایەتی گەلی ئێزدیماندا لە دژی مرۆڤایەتی جینۆسایدێک ئەنجامدرا، بەرخۆدانی شەڕڤانانی ئازادیی ڕێگری لە دڕندەیی داعش کرد و مرۆڤایەتی لە کارەساتێکی گەورەتر ڕزگار کرد، داواش لە هەموو لایەک دەکەین لەبەرامبەر هێرشە جینۆسایدییەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرخۆدان بەرز بکەنەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، دەوڵەتی تورکیا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی گەلی ئێزدی، ئێمە ئامادەین بەرگریی لە گەلی ئێزدی خۆمان بکەین و دەشڵێت: بە هەموو هێزمانەوە گەلی ئێزدیمان دەپارێزین.

یەپەگە باسلەوەشدەکات، بە بەرخۆدانی شەڕڤانانی یەپەگە- یەپەژە، چەتەکانی داعش لە ڕۆژئاوا بێکاریگەر کران و ڕۆحی تێکۆشانی گەلی کورد و دۆستەکانیان بۆ هەموو لایەک نیشاندرا، هێزە بکوژەکان کە نەیانتوانی لە ڕێگەی داعشەوە بگەنە ئامانجەکانیان، بە شێوازی جیاواز درێژەیان بە هێرشەکانیان دژ بە گەلەکەمان دا، بە تایبەت دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە تۆڵەکردنەوەی شکستی داعشدا، هێرشی کردە سەر گەلی ئێزدیمان لە شەنگال، لەو هێرشانەدا بەدەیان ئێزدی و شەرڤان گیانیان لەدەستدا، بەڵام لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە هیچ کاردانەوەیەکی جددی نیشان نەدرا.

لە کۆتایی ڕاگەندراوەکەشدا هاتووە، پێویستە هەمووان بزانن کە هەڵوێستی ئێمە لە بەرامبەر هەر هێرشێک بۆ سەر گەلی ئێزدیمان ڕوونە، ئێمە جارێکی تر ڕایدەگەیەنین کە ئەمڕۆش وەک 10 ساڵ لەمەوبەر بە هەموو هێزمانەوە گەلی ئێزدیمان دەپارێزین، ئێمە جارێکی دیکە بەڵێن دووبارە دەکەینەوە کە میراتی تێکۆشانی شەهیدانمان لە پاراستنی گەلەکەمان و شنگال دا دەپارێزین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار