مووچەی پەرلەمانتارانی عێراق کەمکرایەوە و پەرلەمانتارانیش دژی بڕیارەکەن

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەبەر ڕۆشنایی بڕیارێکى دادگاى فیدراڵى موچەى ئەم مانگەى ئەندامانى پەرلەمانى عێراق کەمکرایەوە و پەرلەمانتارانیش دژى بڕیارەکەن و پێیان وایە، نابێت پەرلەمانتار وەک پلە تایبەت مامەڵەى لەگەڵ بکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی ئابی 2024، كاروان یاروه‌یس ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌فراكسیۆنی یه‌كێتی بە ماڵپەری فەرمی یەكێتی ڕایگەیاند په‌رله‌مانتارانی عێراق مووچه‌كانیان كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ داواكرابوو كه‌ پله‌ باڵاكان له‌حكومه‌ت مووچه‌كانیان كه‌مبكرێته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا بۆچوونێك هه‌یه‌ كه‌ په‌رله‌مانتار پله‌ باڵا نییه‌ ته‌نها بۆ چوار ساڵ له‌و پله‌یه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویست ناكات ئه‌و بڕیاره‌ په‌رله‌مانتاران بگرێته‌وه.

دەشڵێت، به‌پێی بڕیاره‌كه‌ ساڵی خزمه‌ت و بڕوانامه‌و هاوسەر‌گیری و بوونی منداڵ كراوه‌ته‌ پێوه‌ر بۆ مووچە و به‌ڵام له‌ ڕابردوودا په‌رله‌مانتاران موچه‌یه‌كی جێگیریان هه‌بوو كه‌ 8 ملیۆن و 200 هه‌زار دینار بووه‌، به‌ڵام به‌پێی ئه‌م بڕیاره‌ نوێیە به‌شێكی زۆری په‌رله‌مانتاران موچه‌كانیان كه‌می کردووە.

کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەشداوە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێویستبوو كارو چالاكی و هه‌وڵی په‌رله‌مانتاران بكرێته‌ پێوه‌ر نه‌ك بڕوانامه‌، به‌ڵام به‌پێی ئه‌م بڕیاره‌ هه‌موو په‌رله‌مانتارێك 4 ملیۆن دیناری جێگیری هه‌یه‌و پاشان ده‌رماڵه‌كانی دیكه‌ وه‌رده‌گرێت، له‌م چوارشێوه‌یه‌شدا مووچه‌ی په‌رله‌مانتاران وه‌ك یه‌ك نابێت و ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ی بڕوانامه‌ی دكتۆرایان هه‌یه‌ مووچه‌كانیان زیادیكردوه‌.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، بۆ مانگی حه‌وت په‌رله‌مانتارانی عێراق، بڕی 4 ملیۆن دیناری جێگیر و ده‌رماڵه‌كانی دیكه‌ش به‌پێی بڕوانامه‌و ساڵی خزمه‌ت و ژن و منداڵ پێیان دراوه‌، به‌ڵام ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی بڕوانامه‌ی دكتۆرایان هه‌بووه‌ ده‌رماڵه‌ی 100% و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی بڕوانامه‌ی ماسته‌ریان هه‌بووه‌ ده‌رماڵه‌ی 75% و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی بڕوانامه‌ی دبلۆمیان هه‌بووه‌ ده‌رماڵه‌ی 35% و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌شی بڕوانامه‌ی ئاماده‌ییان هه‌بووه‌ ده‌رماڵه‌ی 25% یان پێدراوه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار