سەرۆک وەزیرانی عێراق لە 10ەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگالدا چەند بڕیارێکی دەرکرد
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
محەمەد شیاع سودانی لە 10ەمین ساڵیادی تاوانی کۆمەڵکوژی دژی شەنگال و پێکهاتە عێراقییەکانی تر چەند بڕیارێکی تایبەتی بە خەڵکی شەنگال دەرکرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی ئابی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق،لە میانەی بەشداریکردنی لە یادی 10ەمین ساڵیادی تاوانی كۆمەڵكوژی دژی ئێزیدییەکان و باقی پێكهاتەكانی دیكەدا و چەند برٍیارێكی دەركرد.
محەمەد شیاع سودانی دەڵێت، لەشكركێشی بۆ سەر گوند و شارۆچكەكانی شنگال و گوندی كۆجۆ ئەو بۆ تێكدانی پێكەوەژیانی ئاشتیانە بوو، تیایدا خەڵكەكەی تووشی دڕندەییەكی بێ وێنە بوونەوە و بەهۆیەوە سەدان كەس كوژران و بریندار بوون.
سەرۆک وەزیران ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەو كۆمەڵكوژییەی لە دژی ئێزیدییەكان و پێكهاتەكانی دیكە لە سەر دەستی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش ڕوویدا، وامان لێدەكات كە خوازیارى ڕاگرتنی شەڕ بین لە هەموو شوێنێكی دنیادا.
سودانی وتیشی، سندووقی ئاوەدانكردنەوەی دەشتی شەنگال و نەینەوامان دامەزراندووە، پێشتریش بڕیارمان دەركرد بۆ درووستكردنی 14 هەزار و 500 یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی شەنگال، دوێنێ ڕێنماییمان دەركرد بۆ ئەوەی خەڵكی شەنگال و دەشتی نەینەوا بتوانن قەرزی بانكی خانووبەرە و سندووقی نیشتەجێبوون و دەستپێشخەرییەكانی بانكی ناوەندی وەربگرن.
سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکرد، بۆ كردنەوەی لقی زۆربەی دامەزراوە خزمەتگوزاری و دارایی و بانكییەكانی دەوڵەت لە شەنگال و پێدانی بڕوانامەی كار بە خەڵكی ناوچەكە ڕێنمایمان دەركردووە، هەروەها ڕێنمایمان بۆ دامەزراندنی زانكۆی شەنگال دەركرد، قەرەبووی ماڵە ڕووخاوەكانی ئاوارەكان و ناوچە زیانلێكەوتووەكانیش دەكرێتەوە.