کۆمیسیۆن چوار كاندیدی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووردەخاتەوە
یەک مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق چوار كاندیدی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دوورخستەوە، داوایکرد لیستەکانیان لە سێ رۆژدا جێگرەوەیان دیاریبکەن.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە 20-10ی ئەمساڵ دەکرێت، دەرگای پێشکەشکردنی ناوی كاندیدان داخراوەو لەئێستادا ناوی كاندیدەكان لە وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکیی عێراقە تا شیاوبوونی كاندیدبوونیان بۆ هەڵبژاردن پەسەند بکرێت.
ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند: بەهۆی ئەوەی کاندیدبوونیان پێچەوانەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن بووە، بڕیاردراوە هەریەک لە (هێلین ئەكرەم، هێمن عومەر، سامان مەحمود و دیاری هیدایەت) لە كاندیدبوون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووربخرێنەوە.
"پێویستە سێ لەو کاندیدانە لە سێ رۆژی دوای ئەم بڕیارە، لەلایەن لیستەکانیانەوە جێگرەوەیان بۆ دیاری بکرێت، بەڵام هێلین ئەكرەم بەهۆی ئەوەی کاندیدی تاکە کەسییە، شوێنگرەوەی بۆ دانانرێت".ئەنجوومەنی كۆمیسیاران وا دەڵێت.