بڕیار لە ئەنقەرە و جێبەجێکردن لە بەغدا

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق سێ حزبی "عێراقی و کوردستانی بەتۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەڵوەشاندەوە، بڕیارەکەش ناڕەزایی سێ حیزبەکەی لێکەوتەوە.
زیاتر لە سێ مانگە حكومەتی عێراق، پەكەكەی وەک ڕێكخراوێكی "قەدەغەكراو" ناساندووە و هەموو مۆڵەتپێدانێكیشی بە كۆبوونەوەی ئەندامان و ڕێكخراوەكانی نزیك لەو پارتە ڕاگرتووە. 

پێشتر لە مانگی ئاداری ئەمساڵ، حكومەتی عێراق پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ـی وەك ڕێكخراوێكی قەدەغەكراو ناساند، لە مانگی تەمموزیش ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوێكی بۆ دامەزراوەكان ناردووە و تێیدا هاتووە: "بە بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، دەبێت پارتی كرێكارانی كوردستان بە پارتێكی قەدەغەكراو ناوببرێت".
بڕیارەکە لەچییەوە هاتووە
"لەسەر بنەمای زانیارییەكانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق و نووسراوی سەرۆكوەزیرانی عێراق و دەزگایەکی ئەمنیی لە هەرێمی کوردستان، زانیاریی لەسەر ئەو پارتانە پشتڕاست كراونەتەوە، بەپێی بڕگەی یەكەم و دووەم لە ماددەی 25ـی یاسای حیزبە سیاسییەكانی ژمارە 36ـی ساڵی 2015، بڕیاردراوە بە هەڵوەشاندنەوەی هەریەك لە پارتی ئازادی و دیموكراسیی ئێزدی، بەرەی تێكۆشانی دیموكراسی، تەڤگەری ئازادی و داخستی بارەگا و دەستبەرداگردنی داراییان لە ماڵ و موڵك".
یه‌كێك له‌و پارتانە ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بڕیاره‌كه‌ به‌گوشارى توركیا بووه‌و" ئێمه‌ش سكاڵاى یاسایی تۆمارده‌كه‌ین، چونكه‌ مۆڵه‌تى فه‌رمیى كاركردنمان له‌عێراق‌و هه‌رێمیش هه‌یه‌".

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان سەر بەئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بڕیاریدا، هەریەک لەتەڤگەری ئازادی کوردستان، پارتی ئازادی‌و دیموکراتی ئێزدییەکان‌و بەرەی تێکۆشانی دیموکراتی هەڵبوەشێنێتەوە.

بە وتەی دەستەکە ئەو حزبانە بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ "پارتی کرێکارانی کوردستان"ی قەدەغەکراو و لەسەر داوای ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق هەڵوەشێندراونەتەوە".

لەبڕیارەکەدا هاتوە:"بارەگاکانی ئەو حزبانە دادەخرێن‌و دەستیش بەسەر ماڵ‌و موڵکیاندا دەگیرێت". بەڵام بڕیارەکە بواری تانەدانیشی هێشتووەتەوە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ هاته‌ده‌نگ‌و ڕایگەیاند:" بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بۆ قەدەغەکردنی پارتەکەیان نادادی تێدایەو پێیوایە بڕیارەکە سیاسییە نەوەک یاسایی‌و بەگوشاری تورکیا بووە".
 
سەلام عەبدوڵڵا هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کە یەکێکە لەو سێ پارتە سیاسییەی لەلایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق قەدەغەکراوه‌ ڕایگەیاند:"هەڵوێستمان لەبارەی ئەو بڕیارە دەبێت کە پێمانوایە نادادی تێدایە، چونکە ئێمە پارتێکی ڕێگەپێدراوین‌و لەعێراقەوە مۆڵەتی کارکردنمان هەیە، بڕیارەکەش بەبڕیارێکی سیاسی دەزانین نەوەک یاسایی".

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن لەبڕیارەکەیدا کە ڕۆژی یەکی ئەم مانگە دەرچووە، ئاماژەی بەداواکارییەکی ڕاوێژکاریێتی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق داوە بۆ قەدەغەکردنی ئەو سێ حزبە، بەڵام سەلام عەبدوڵڵا وتویه‌تى"هێشتا ڕون نەبوەتەوە بڕیاری قەدەغەخستنەسەر پارتەکەمان لەسەر داواکاریی راوێژکارێتی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بوە یان نا، لەقۆناغی کۆکردنەوەی زانیاریداین".

به‌وته‌ى سەلام عەبدوڵڵا، "ئه‌و بڕیاره‌ى ده‌ركراوه‌ بەگوشاری تورکیا بووە، تورکیا بەهێزێکی نزیک لەپەکەکەمان دەزانێت، بەڵام ئێمە پارتێکین لەچوارچێوەی هەرێمی کوردستان‌و عێراق کاردەکەین‌و هەڵوێستەکانمان لەگەڵ یەکپارچەیی عێراقدا بوە، بۆیە سەد لەسەد ئەو بڕیارە بەگوشاری تورکیا بووە، بۆیه‌ ئێمه‌ پەنا دەبەینەبەر یاسا، بەڵام هێشتا یەکلایی نەبوینەتەوە ئایا لەدادگای فیدراڵی سکاڵا دەکەین یان لەدادگای دیکە، بەڵام ڕێگەی یاسایی دەگرینەبەرو کاری بۆ دەکەین بۆ گێڕانەوەی مافەکانی خۆمان".

 دیوی پشتەوەی ڕووداوەکە چییە؟
 
سەردانەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بە سەرەتای هەڵگەڕانەوەی عێراق لە پەكەكە دادەنرێت، ئەویش بەهۆی ئەو دەستکەوتانەی تورکیا پێشکەشی عێراقی کرد.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی عێراقی كرد، ئەو دوو وڵاتە چەندین ڕێككەوتن و هەماهەنگی و لێكتێگەیشتنیان كرد، ئەوەی لەو بارەیەشەوە دەوترێت ئەوەیە "وشككردنی پەكەكە و جموجۆڵە سیاسییەكانی پارتە نزیكەكانی و ڕێكخراو و گرووپەكانی لە عێراق داواكاری توركیا بووە، عێراقیش ڕەزامەندی لەسەر داوە و ئەم هەنگاوەش لەژێر ڕۆشنایی ئەو لێكتێگەیشتنانە دەرچووە". ئەمە بەوتەی سەرچاوەیەکی باڵای نێو گفتوگۆکانی عێراق و تورکیا و هەرێمی کوردستان.

زانیاریی لەبارەی پارتەکان 
بەرەی تێكۆشانی دیموكراسی
لە ئەیلوولی ساڵی 2016 لەژێر ناوی "بەرەی دیموكراسی گەل" دامەزرا، بەڵام بەھۆی ئەوەی كە ڕێكخراوێكی دیكە لەژێر ئەو ناوە ھەبوو نەیتوانی مۆڵەتی چالاكی وەربگرێت، دوای ئەوە ناوی ڕێكخراوەكە گۆڕا بە "بەرەی تێكۆشانی دیموكراسی"، لە كانوونی دووەمی 2021 لە كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق مۆڵەتی فەرمی وەرگرت.
چالاكی و كارەكانی ئەم پارتە لە پارێزگاكانی كەركووك و بەغدا و بەشێك لە پارێزگاكانی دیكە عێراق بوون.

تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگای كوردستان ناسراو بە (تەڤگەری ئازادی)
ئەم پارتە لە ساڵی 2014 دامەزراوە و لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا چالاكی دەكرد، خۆی وەكو بزووتنەوەیەكی سیاسی كۆمەڵایەتی دەناسێنێت، لە هەڵبژاردنەكانی ئایاری ساڵی 2018ـی پەرلەمانی عێراق، بە هاوپەیمانێتییەك لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا كرد، ئەو تەڤگەرە خاوەن كورسییەكی پەرلەمانی عێراق بوو.
لە كۆتاكانی ساڵی 2018 بۆ 2019، بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی لە شارەكانی سلێمانی، گەرمیان و ڕاپەڕین و كۆیە داخران، تەڤگەر لە دوای ئەم ڕووداوە، كۆنگرەكانی خۆی لە شارەكانی كەركووك و خانەقین بەستووە.

پارتی ئازادی و دیموكراسی ئێزدی

پارتی ئازادی و دیموكراسیی ئێزدییەكان ناسراو بە (پادێ)، پارتێكی سیاسییە و  لە ساڵی 2016 لەگەڵ ڕزگاركردنی شنگال  لە داعش، وەك تەڤگەرێك لەژێر ناوی تەڤگەری ئازادی و دیموكراسیی ئێزدی (تەڤدا) چالاكی دەكرد.

لە حوزەیرانی 2016، لە كۆنفرانسی شەشەمی تەڤگەری ئازادی و دیموكراسیی ئێزدی بڕیار درا كە ئەم ڕێكخراوە ببێت بە پارتێكی سیاسی و وەكو پارتێكی فەرمی لەلایەن عێراقەوە ناسێنرا و لە كۆمەڵگەی ئێزدی بە تایبەت لە ناوچەی شنگالدا چالاكی دەكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار