کەنەکە: قەدەغەکردنی سێ پارتی کوردی بە گوشاری دەوڵەتی تورکیا بووە
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کەنەکە دەڵێت، ئەگەر بڕیاری هەڵوەشاندەوەی قەدەغەکردنی سێ پارتی کوردی لە عێراق نەدرێت و پێش بەم سیاسەتە ناڕەوایە نەگیرێت، هەموو خواستەکانی گەلی کوردستان، بە پێگەی فیدراڵی هەرێمی کوردستانیشەوە تێکدەشکێن.
ئەمڕۆ چورشەممە، 7ی ئابی 2024، کۆنسەى بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لە بارەی بڕیاری قەدەغەکردنی سێ لایەنی سیاسیی لە عێراق لەلایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان لە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دەستەی بەڕێوەبەریی کەنەکە، بڕیاری قەدەغەکردنی “پادێ، تەڤگەری ئازادیی، بەرەی تێکۆشان و دیموکراسی” بە بڕیارێکی سیاسیی و لە ژێر گوشاری دەوڵەتی تورکیا پێناسە کردووە.
دەشڵێت، بڕیاری قەدەغەکردنی پارتی ئازادیی و دیموکراسی ئێزدییەکان لە یادی 10ساڵەی جینۆسایدی شەنگالدا بە ڕێکەوت نییە، بەڵکو بڕیاری دەستوەردان لە ویست و ئیرادە و باوەڕدارانی ئێزدی، بەردەوامیی هێرشەکانی داعشە بۆ سەر گەلی ئێزدی.
کەنەکە سەبارەت بە بڕیارەکەی عێراق بۆ هەڵوەشنادنەوەی سێ پارتی کوردی ئەوەی خستۆتەڕوو، ڕەنگە ئەم بڕیارە و ئەم کردەوەیە لە دژی هەندێک لایەنی کوردستان دەردەکەوێت، بەڵام لە کۆتاییدا دژی هەموو خەڵکی کوردستانە و ئامانجی تێکدانی بەرژەوەندی گەلەکەمانە، بەم بڕیار و کردەوانە هێواش هێواش حکومەتی عێراق دەکەوێتە سەر لۆژیک و هێڵی حزبی بەعس.
باسلەوەشدەکات، ئەگەر پێش بەم سیاسەتە ناڕەوایە نەگیرێت، هەموو خواستەکانی گەلی کوردستان، بە پێگەی فیدراڵی هەرێمی کوردستانیشەوە تێکدەشکێن.
کەنەکە لە ڕاگەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم ڕێگا داخراوەی عێراق ڕێگایەکی هەڵەیە و پێویستە بە زووترین کات ئەو بڕیارە سیاسییە هەڵوەشێننەوە، جگە لەوەش داوایان لە هەموو هێز و لایەن و دامودەزگاکانی کوردستان کردووە دژی ئەم بڕیارە بووەستن و بەرژەوەندی گەلی کوردستان بپارێزن.
جێگەی ئاماژەیە، 1ی ئابی 2024، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن کە سەربە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، بڕیاری ڕاگرتنی لایەنەکانی تەڤگەریی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، پارتی ئازادیی دیموکراسیی ئێزدخان و بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی لە عێراق ڕاگەیاند.