بەغدا لەماوەی شەش مانگدا 5 ترلیۆن و 73 ملیار دیناری بۆ مووچەی هەرێم ناردووە
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دارایی عێراق خەرجی و داهاتەکانی شەش مانگی بڵاوکردەوە، لە یەکی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران.
بەپێی خشتەی خەرجی و داهاتەکانی عێراق بێت، خەرجییەکانی حکومەتی عێراق لەو شەش مانگەدا 58 ترلیۆن و 253 ملیار دینار بووە کە لەو بڕە 5 ترلیۆن و 73 ملیار دیناری بۆ مووچەی هەرێم ناردووە و 15 ترلیۆن و 954 ملیار دیناریشی داوە بە پێشینە.
هەر لەو خشتانەدا هاتووە کە زیاتر لە 40 تریلیۆن دیناری عێراق بۆ مووچە رۆیشتووە کە دەکاتە 77.1%ـی کۆی خەرجییەکان.
کۆی گشتی داهاتی عێراق لە شەش مانگەدا 65 ترلیۆن و 921 ملیار دینارە. لەکۆی ئەو داهاتەی عێراق، تەنها 230 ملیار دیناری داهاتی هەرێمە.
هەروەها لەو 58 ترلیۆن دینارەی خەرجی کردووە 40 ترلیۆن و 433 ملیار دیناری بۆ موچەو چاودێری کۆمەڵایەتی خەرج کراوە بەم جۆرە:
- 28 ترلیۆن و 189 ملیار دیناری بەهەرێمیشەوە بۆ مووچە بووە.
- 12 ترلیۆن و 244 ملیار دیناریش بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی بووە
قەبارەی خەرجییەکانی بودجە لە ساڵی 2024دا 211 تریلیۆن و 900 ملیار دینار و داهاتەکانیش 147 تریلیۆن و 800 ملیار دینارە، کورتهێنانیش 64 تریلیۆن دینارە.