هەر شەش ئەندامەکەی لایەنە عەرەبییەکانی کەرکووک لەبەغدان و نایانەوێ شەقامی عەرەبی توڕە بکەن
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەر شەش ئەندامی ئەنجوومەن لە پشکی لایەنە عەرەبییەکان لە بەغدان و دەیانەوێت ڕێکبکەون.
یەکێتیی، کۆتای کریستیانەکان و سێ ئەندامی عەرەب بەبێ پارتی، بەشێکی تورکمان و سێ ئەندامی دیکەی عەرەب ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوە و دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان خۆیاندا، بڕیارە ئەمشەو پۆستەکان یەکلایی بکەنەوە.
ڕێککەوتنەکە چۆنە؟
بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، ساڵێک و چوار مانگی یەکەم پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتیی دەبێت، سەرۆکی ئەنجوومەن بۆ عەرەب و سەرۆکی شارەوانی کەرکووکیش وەردەگرن، دوو ساڵی دووەم پارێزگارێکی عەرەب هەڵدەبژێردرێت.
بەوتەی سەرچاوەیەک لە لایەنە عەرەبییەکان، تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە ژمارەی ئەو ئەندامانەی بەشدار دەبن چەندن. هاوڵاتی زانیویەتی، لایەنە عەرەبییەکان بۆ ئەوەی دووربن لە فشاری شەقامی عەرەبی بەفەرمی هەڵوێستی خۆیان لەسەر ڕێککەوتن و دەستبەرداربوونی پۆستەکە لە بەرژەوەندی کورد ئاشکرا ناکەن و پارتیش بێدەنگی هەڵبژاردووە و چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەمشەو دەکات.