10 ناوچەی عێراق بەرزترین پلەی گەرمایان تێدا تۆمار کرا
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە ماوەی 24 کاتژمێردا ڕابردوودا، لە 15 ناوچەی جیهان بەرزترین پلەی گەرما تۆمار کرا و لەو 15 ناوچەیەش 10 ناوچەیان دەکەونە عێراقەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 10ی ئابی 2024، ماڵپەڕی بلاسەرڤیل لە ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا خشتەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، لە 15 ناوچەی جیهان بەرزترین پلەی گەرما تۆمار کراوە.
دەشڵێت، لەو 15 ناوچەیەش 10 ناوچەیان دەکەونە عێراقەوە.
ماڵپەڕەکە باسلەوەشدەکات، بەپێی خشتەکە شاری عەمارە لە عێراق بەرزترین پلەی گەرمای تێدا تۆمار کراوە کە 49.1 پلەی سەدی بووە.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، دوای عەمارە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسڕە دێت بە 48.9 پلەی سەدی، هەروەها بەسڕە بە 48.8 پلەی سەدی ڕیزبەندی سێیەمی گرتووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوچەکانی دیکەی عێراق بریتین لە فاو 48.5 پلەی سەدی، عەلی غەربی 47.7 پلەی سەدی، بەدرە 47.7 پلەی سەدی لێ تۆمارکراوە.
هەروەها فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف ئەشرەف 47.6 پلەی سەدی و ناسریە 47.6 پلەی سەدی، کەربەلا 47.4 پلەی سەدی و تکریت 47.2 پلەی سەدی لێ تۆمارکراوە.