خەلەف شەنگالی: هاونیشتمانییانی ئێزدی سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی پارچە زەوی و قەرزی خانووبەرە

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی، دەڵێت، بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی بڕیاری پارچە زەوی دەدرێت بە هاونیشتمانییانی ئێزدی و سوودمەنیش دەبن لە قەرزی خانووبەرە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ی ئابی 2024، خەلەف شەنگالی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی ڕایگەیاند، لە نووسراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دا کە 5ی ئەم مانگە ئاراستەی وەزارەتەکانی پلاندانان، دارایی، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بانکی ناوەندی و پارێزگای نەینەوای کردووە، داوا دەکات پارچە زەوی و قەرزی خانووبەرە بە فەرمانبەرانی کوردی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە بدرێت بەشێوەیەک کە نەبێتە هۆی گۆڕانی دیموگرافی. 

دەشڵێت، نووسراوەکەمان بە دەست گەیشتووە و بڕیارەکە گرنگە، چونکە لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا هیچ بڕیارێکی وا نەدراوە.

خەلەف شەنگالی ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی نووسراوەکە، کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، پەروەردە، تەندروستی، شارەوانی و وەزارەتەکانی دیکە، هەروەها کەسوکاری شەهید و رفێنراوان و نیڤشکان سوودمەند دەبن لە بڕیاری پێدانی پارچە زەوی و قەرزی خانووبەرە.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە نووسراوەکەدا هاتووە، داوا لە فەرمانگەکانی تایبەت و پلاندانان کراوە کار بۆ نەخشەکێشانی ناوچەکان بکەن بەشێوەیەک کە نەبێتە هۆی تێکدانی دیموگرافی ناوچەکان و تایبەتمەندی ناوچەی پێکهاتەکان بپارێزن. 

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی، ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ دەکرێت و هاونیشتمانییانی ئێزدی سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی پارچە زەوی و قەرزی خانووبەرە.

وتیشی، ئەم بڕیارەش وەکو رێزلێنانێک بۆ 10 ساڵەی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دراوە.

سەرچآوە، ڕوداو

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار