قۆناغێکی دیکەی وردبینی بۆ لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زیاد کراوە
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەوتەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی، هێشتا وردبینی لیستی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەواو نەکراوە.
مانگانە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەی بەغدا دەکات، بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا بەغدا پارەکە ڕەوانە بکات و کێشە بۆ مووچەخۆران دروست نەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە نەنێردراو هۆکارەکەش درەنگ ناردنی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانە.
بەوتەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ هاوڵاتی، هۆکارێکی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، درەنگ ناردنی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانە، هۆکارێکی دیکەش بەوتەی سەرچاوەکە "پێمان وتراوە قۆناغێکی تری وردبینی بۆ لیستی مووچە زیاد کراوە، پێشتر تەنیا دیوانی چاودێری دارایی عێراق وردبینی دەکرد، بەڵام ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بودجەش لە وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی دەکات".
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت " پەیوەندیم بە وەزارەتی دارایی عێراقەوە کرد، بەڵام ئەوانیش نازانن کەی وردبینیەکە تەواو دەبێت".