مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هێشتا هاوتای بەغدا نەکراوە
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، بۆ مووچەی مانگی حەوت پارەی خانەنشینان وەک مانگی پێشوو دەبێت، هۆکارەکەشی تەواونەبوونی ڕێکارەکانی ئەو لیژنە هاوبەشەیە کە لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنراوە.
لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە لیژنەیەک بۆ یەکخستنی مووچەی خانەنشینان لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنراوە و لە ناو و زانیاریی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەکۆڵێتەوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ هاوڵاتی ئاشکرای کرد "کاری لیژنەکە نزیکەی دوو هەفتەی ماوە بۆ پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوە لە کەیسی خانەنشینان، هاوتاکردنەکەش دەکەوێتە دوای مووچەی مانگی نۆ".
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن، بڕی زیادبوونی مووچەکانیان لە 50 هەزارەوە بۆ 280 هەزار دینار دەبێت و ساڵی خزمەت و بڕوانامەش هەژمار دەکرێت.